دواڕۆژ، سامان قوبادی
وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئاشکرایدەکات، چاوەڕوان دەکەن نزیکەی 750 هەزار هاووڵاتی لە موسڵ و تەلەعفەر کە لەژێر دەسەڵاتی داعشدا ماون ئاوارەی هەرێمی کوردستان بن، دەرباز محەمەد وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی دواڕۆژدا باس لەوەدەکات، 3 ملیۆن لیتر نەوتیان داوە بە حکومەتی هەرێم بۆ ئەوەی بەسەر پارێزگاکاندا دابەشی بکات، ئاماژە بەوەش دەکات لێکۆڵینەوە لەبارەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و کاری لەشفرۆشی لەناو کەمپەکاندا کراوە.
دواڕۆژ: بەهۆی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنەوەی موسڵ هەزاران کەس ئاوارەی هەرێم بوون، پێدەچێت ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی مەدەنی کە ئێستا لەژێر دەسەڵاتی داعشدان ئاوارە ببن، بۆ ئەم مەبەستە چۆن ئامادەکاریتان کردوە؟
دەرباز محەمەد: لە مانگی 6ی ڕابردووەوە کار لەسەر ئەم بابەتە دەکەین، ڕێککەوتوین لەسەر ئەوەی لە 6 میحوەر کەمپ دروست بکەین، ئەوانیش لە قەزای شێخان و نێوان موسڵ و هەولێر، لەدەوروبەری خازر و حەسەن شام، هەروەها لە کەرکووک و سەڵاحەدین، لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنەکەوە نزیکەی 100 هەزار کەس لە موسڵ و حەویجەوە ئاوارەی ناوچە کوردییەکان بوون، لەئێستاشدا کەمپەکانمان توانای لەخۆگرتنی 100 هەزار هاووڵاتی ئاوارەیان هەیە، هەموو ئەو ڕێوشوێنانەی کە پێویستن لە ڕووی خزمەتگوزاری و فریاکەوتنەوە گیراونەتەبەر.
دواڕۆژ: بە پێی ئەو ئامارەی لەبەر دەستتانە ژمارەی ئەو هاووڵاتییە مەدەنییانەی لەناو موسڵدا ماون چەندن؟ ئایا چاوەڕوان دەکەن ژمارەی ئاوارەکان بۆ چەند زیاد بکات؟
دەرباز محەمەد: لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنەکەوە پلانەکەمان بەو شێوەیە بووە خۆمان بۆ 500 هەزار کەس ئامادەکردوە، لەم ژمارەیە 100 هەزاری هاتوون، شاری موسڵ 20%ی ئازاد کراوە، بۆیە بەمشێوەیە بێت پێدەچێت نزیکەی 250 هەزار ئاوارەی موسڵ بێنە هەرێمی کوردستان، هیوادارین لەوە زیاتر نەبێت، بە موسڵ و تەلەعفەرەوە نزیکەی 750 هەزار هاووڵاتی تێدا ماون، دەمەوێت ئاماژە بەوەبدەم وەکو وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق هاوکاری پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانمان کردوە، سەرجەم کەمپەکان کە دروست دەکرێن لەسەر ئەرکی حکومەتی ناوەندیی و وەزارەتی کۆچە بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگاکان، لەماوەی ئەم شەش مانگەی ڕابردوودا نزیکەی 100 ملیار دینارمان بۆ دروستکردنی کەمپ و پێداویستییەکانیان خەرجکردوە.
دواڕۆژ: لە وەرزی زستاندا پێویستی ئاوارەکان وەکو خواردن و گەرمکەرەوە ڕوو لە زیادبوون دەکات بۆ ئەم مەبەستە چیتان کردوە؟ ئایا لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بودجەی پێویستی بۆ تەرخانکراوە؟
دەرباز محەمەد: هەموو ئامادەکارییەکی خۆمان کردوە، سومەتەمەنی و جلوبەرگ و پێداویستییەکانی تری وەکو گەرمکەرەوە بۆ کەمپەکان دابینکراوە، تەنانەت خواردنیش.
دواڕۆژ: حکومەتی هەرێم سوتەمەنی دابەش ناکات، بەم هۆیەوە کێشەی گەورە بۆ ئاوارەی ناو کەمپەکەمان دروست دەبێت؟ لەگەڵ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا کارتان کردوە بۆ دابینکردنی سوتەمەنی؟ هاوکات هەماهەنگیتان چۆنە لەگەڵ هەرێم؟
دەرباز محەمەد: هەماهەنگیمان لەگەڵ حکومەتی هەرێم لە ئاستێکی باشدایە، بۆ هەر خێزانێکی ئاوارە 1 بەرمیل نەوتی بێ بەرامبەری پێدەدرێت، لەهەمانکاتدا 3 ملیۆن لیتر نەوتمان بەبێ بەرامبەر داوە بە حکومەتی هەرێم بۆ پارێزگاکان و فەرمانگەکان، هەفتەی پێشوو بڕیارماندا، بۆیە لە ئێستاوە حکومەتی هەرێم دەتوانێت سوودی لێ وەربگرن، چونکە لە خەزێنەکاندا نەوتی سپی ئامادەیە.
دواڕۆژ: تاچەند هەوڵتانداوە بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچە ڕزگارکراوەکان؟ ژمارەی گەڕێندراوەکان چەندە؟
دەرباز محەمەد: زیاتر لە 1ملیۆن و 500 هەزار ئاوارەمان گەڕاندووەتەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان، بەردەوامین لە پڕۆسەی گەڕاندنەوە، چونکە یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکانمان.
دواڕۆژ: ئایا چ گرەنتییەک هەیە ئەم ئاوارانە بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان؟ واتە بە جۆرێک بێت تەعریب ڕوونەدات؟
دەرباز محەمەد: خەڵکێکی زۆر گەڕاونەتەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان، گرەنتی هەبێت یان نا بەشێکی زۆری ئاوارەکان لەسەر گیرفانی خۆیان دەژین، بارگرانی ناخەنە سەر حکومەتی هەرێم، چونکە بەشی زۆریان وەکو هەر هاووڵاتییەکی تر لە خانوو و شووقەدان، ئەو شوێنانەی کە ئاوارەکانی بۆ گەڕێندراوەتەوە ئەنبار و سەڵاحەدین و دیالەن.
دواڕۆژ: بەپێی ڕاپۆرتی چەند ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی، ئەوە ئاشکرا کراوە، لەناو کەمپی ئاوارەکاندا کاری لەشفرۆشی و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە دەکرێت؟ لێکۆڵینەوەکان لەم بارەیەوە بەکوێ گەیشتوون؟
دەرباز محەمەد: بابەتی ئەمنی یان هەر جۆرە لادانێکی کۆمەڵایەتی پۆلیس لێی بەرپرسە، دەزگا ئەمنییەکان بە ئێمەیان نەوتووە کێشەیەکی وا گەورەیان هەیە و چۆن چارەسەری بکەین، بەڵام لەملاولا دەبیسترێت، بەلای ئێمەوە ئەمە گەورەترین گرفتە کە بازرگانی بە مرۆڤەوە بکرێت، لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی عێراقدا لە پەیوەندی و گفتوگۆداین، ئەگەر شتێکی وا ڕوویدا ئاگادارمان بکەنەوە، بەڵام تائێستا لەم بارەیەوە هیچیان پێ ڕانەگەیاندوین، بابەتەکەش نەگەیشتووە بەوەی ببێت بە دیاردە، تاوەکو بە ئێمە بڵێن.
- 11-12-2016