دواڕۆژ، نوسینگەی هەولێر
سەرپەرشتیاری کارگێڕی و دارایی لیژنەی باڵای پەرەپێدانی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان ڕایدەگەیێنێت بڕی 40 ملیۆن دۆلار لە لایەن کۆمپانیاکانی نەوت دراوەتە حکومەتی هەرێم بەمەبەستی ئەنجامدانی پڕۆژە بۆ قەزاکانی شەنگال و زومار و دەروبەریان.
د.نوری عوسمان سەرپەرشتیاری کارگێڕی و دارایی لیژنەی باڵای پەرەپێدانی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکیدا کە بۆ دواڕۆژی ناردووە، ئاماژەبەوەدەکات ساڵی 2013 لە چوارچێوەی ئه و بوودجەیەی لە لایەن کۆمپانیا جیهانییەکانی بەرهەمهێنانی نەوت کە لە هەرێم کاردەکەن بۆ ناوچە جیاجیاکان تەرخانکرابوو، بڕی 40 ملیۆن دۆلار تەرخانکراوە بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە بۆ قەزاکانی شەنگال و زومار و دەروبەریان.
سەبارەت بە خەرجکردن و مامەڵەکردنی ئه و بڕە پارەیەی لەلایەن کۆمپانیا نەوتیە بەهەمهێنەرکانی کوردستان دابینکراوه د.نووری عوسمان وتی "بڕە پارەی ئاماژەپێکراو لە حسابێکی تایبەت بە لیژنەی باڵای پەرەپێدانی ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان داندراوه و، هەر ئەم لیژنەیەش بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگای دهۆک هەڵساوە بە ئامادەکردن و دیراسەکردنی ئه و پڕۆژانەی کە پێویستە جێبەجێبکرێن بە پێی ئەولەویەت و پێویستی ناوچەکه و دانیشتوانەکانیان".
نوری عوسمان، لە بارەی جۆری پڕۆژەکانی ئاوادانکردنەوە لەو ناوچانە ئەوەی خستەڕوو، لیستی 69 پڕۆژە لە بوار و کەرتە جیاجیاکانی ئاو و کارەباو تەندروستی و پەروەرده و ڕێگاوبان و کشتوکاڵ ئامادەکراوە، بە پێ ی پێویستی ناوچەکە.
ناوبراو وتیشی "لە قۆناغی یەکەمدا 35 پڕۆژەی جۆراوجۆر بە شێوەی 100%تەواوکراون، هەروەها 34 پڕۆژەی تر کە هەندێکیان دەستبەجێبەجێکردنیان کرابوو و هەندێکیشیان لە قۆناغی تەندەریین و ئیحالەکردن بوون، بەڵام بە هۆی بارودۆخی ناوچەکه و داگیرکردنی شەنگال و زومارو دەوروبەری لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە، بەڵێندەرەکانیان داوای کۆتایی هێنان بە گرێبەستەکان و پێدانی شایستەکانیان دەکەن".
سەرپەرشتیاری کارگێڕی و دارایی لیژنەی باڵای پەرەپێدانی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان، ڕونیشکردەوە، بڕی 6 ملیۆن و چوارسەد هەزار دۆلار بۆ دروستکردنی ئاوەڕۆی سندوقی لە قەزای شنگال لە هەمان بودجە خەرجکراوە، کە بەهۆی باران بارین و نەبوونی ئاوەڕۆ زیانی گیانی و ماددی بەر هاووڵاتیانی قەزاکە کەوتبوو.
نوری عوسمان، وتیشی"4 چوار ملیۆن دۆلار بۆ کڕینی کەل و پەل و ئامێری پزیشکی و پێداویستی تری تایبەت بۆ دام و دەزگاکانی دەڤەری شەنگال و زومار خەرجراوە لە هەمان بودجەدا".
- 12-12-2016