دواڕۆژ، نوسینگەی هەولێر
سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت "بودجەی بەکاربردنی هەرێم مانگانە لە 460 ملیار دینارەوە بۆتە 180 ملیار دینار".
د. نوری عوسمان، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "بەهۆی قەیرانی داراییەوە لە سەرەتای ئەمساڵەوە خەرجی بەکاربردنی حکومەتیان لە 460 ملیار دینارەوە کردۆتە 180 ملیار دینار، بە پارەی پترۆدۆلاری کەرکووکیشەوە".
سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون ئەوەشی خستەڕوو، بەشێکی کەمکردنەوەی بودجەی بەکاربردن بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە حکومەت لە چوارچێوەی چاکسازییە دارایی و کارگێڕییەکانیدا، پشتگیریی دارایی بۆ کەرتی کارەبا و سووتەمەنی ڕاوەستاندووە تا لەسەر حکوومەت و بودجەی گشتی "نەبنە بارقوسی".
د. نوری عوسمان، ئاماژەش بەوەدەکات، جگە لەوەی حکوومەت دەستیکردەووە بە بچووککردنەوەی پەیکەری کارگێڕیی خۆی و کەمکردنەوەی خەرجییەکان و زیادکردنی داهاتەکان، پشتگیری پێدانی بەرهەمە نەوتیەکانیشی ڕاگرتووە.
ناوبراو، وتیشی "دیاریکردنی پێویستییەکانی تری کەمکردنەوەی خەرجی بۆ کەمکردنەوەی بۆشایی نێوان داهات و خەرجی مانگانە داڕشتنی پێوەری بە پەلە بۆ تەقەشوف و هەروەها هەناردەی بەردەوامی نەوت، هاوسەنگی نەختینەی حکومەتی بەرەو باشتر برد".
سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، ئەوەشی خستەڕوو، پێشبینیدەکەن سیاسەتی تەقەشوف لەساڵی 2017 ش بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی دووبارە بتوانین پاڵپشتی وەبەرهێنانی گشتی بکەین و بتوانین لەماوەیەکی تریش قەرزەکانی حکومەت بدەینەوە لەگەڵ ئه و سلفانەش کە لە سیستمە بانکییەکانن.
- 13-12-2016