دواڕۆژ، هۆگر کەمال
بەپێی ئامارێکی نەخۆشخانەی منداڵبوونی سلێمانی، کە وێنەیەکی نێردراوە بۆ دواڕۆژ، تێیدا هاتووە، لە ماوەی 11 مانگی ڕابردووی ئەمساڵ چوار هەزار و پێنج منداڵ لە خێزانی ئاوارەی عێراق لە سلێمانی لەدایکبوون، ئەمە جگەلەوەی لەو ماوەیەدا هەزار و 335 منداڵی ئاوارەی دەرەوەی عێراق لەناو ئەو نەخۆشخانەیە لەدایکبوون.
ئەمە لەکاتێکدایە کە لە ساڵی ڕابردوودا شەش هەزار و 125 منداڵی ئاوارەی عێراق و 756 منداڵی ئاوارەی دەرەوەی عێراق لە سلێمانی لەدایبکوون.
ئامارەکە ئاماژەی بەوەشداوە، کە لە 11 مانگی ڕابردووی ئەمساڵدا 23 منداڵی لەدایکبووی ئاوارەی عێراقی لەناو نەخۆشخانەی منداڵبوونی سلێمانی لە بەشی خودەج گیانیان لەدەستداوە، بەڵام لە ساڵی پاردا 10 منداڵی ئاوارەی عێراق و دوو منداڵی ئاوارەی دیکە لەناو ئەو نەخۆشخانەیە گیانیان لەدەستداوە.
لە ئامارەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، کە لەماوەی ئەو 11 مانگەی ڕابردووی ئەمساڵدا 12 هەزار و 253 نەخۆشی ئاوارەی عێراق و دوو هەزار و 487 نەخۆشی ئاوارەی دەرەوەی ئەو وڵاتە سەردانی نەخۆشخانەی منداڵبوونی سلێمانیان کردووە، بەڵام لە ساڵی ڕابردوودا 15 هەزار و 33 نەخۆشی واوارەی عێراق و چوار هەزار و 325 نەخۆشی ئاوارەی دەرەوەی ئەو وڵاتە سەردانی نەخۆشخانەی منداڵبوونی سلێمانیان کردووە.
ئەوەش ڕونکراوەتەوە، کە لەماوەی 11 مانگی ڕابردووی ئەمساڵ شەش هەزار و 492 نەخۆشی ئاوارەی عێراق و هەزار و 721 نەخۆشی ئاوارەی دەرەوەی ئەو وڵاتە لەناو نەخۆشخانەی منداڵبوونی سلێمانی داخڵکراون و چاودێریی تەندروستیان کراوە.
لە ئامارەکەدا هێما بۆ ئەوەشکراوە، کە لە 11 مانگی ڕابردووی ئەمساڵدا 14 هەزار و 99 نەشتەرگەری جۆراوجۆر بۆ ئاوارەی عێراق و 487 نەشتەرگەریش بۆ ئاوارەی دەرەوەی عێراق ئەنجامدراوە، ئەمەش لەکاتێکدایە لە ساڵی ڕابردوودا دوو هەزار و 710 نەشتەرگەریی بۆ ئاوارەی عێراق و 893 نەشتەرگەریش بۆ ئاوارەی دەرەوەی ئەو وڵاتە لەناو ئەو نەخۆشخانەیەدا ئەنجامدراوە.
- 15-12-2016