ڕۆژنیوز - ڕێزان محەمەد
بەڕێوبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی ڕایدەگەیەنێت، بڕی 10 ملیۆن دیناری عێراقی لە کەمپیەنی هاوکاری بۆ خانەکانی ساوایان و بێ سەرپەرشتان کۆکراوەتەوە، و سەبارەت بە سێ منداڵەکەی چەمچەماڵیش ڕێگەی یاسایی گیراوەتەبەر.
ئەمڕۆ لە بینای بەڕێوبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی بەڕێوبەری سەرجەم خانەکانی سەر بە بەڕێوبەرایەتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی و گەشە دارا، سەرۆکی لیژنەی کۆمەڵایەتی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کۆبونەوە.
پاش کۆبوونەوەکە، گەشە دارا، سەرۆکی لیژنەی کۆمەڵایەتی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: سەبارەت بە کەمپینی هاوکاری بۆ بێ سەرپەرشتان و ساوایان زۆر هاوکاری هاتووە، وە سەبارەت بە ئەو سێ منداڵەی چەمچەماڵ-یش کە لەلایەن باوەژنیانەوە ئازار درابوون هەموو هەوڵێکمان داوە، کە لە ڕووی تەندرستی و جەستەییەوە وەک کاتی ئاساییان لێبێتەوە.
سەبارەت بە باوک و باوەژنی ئەو سێ منداڵەش، گەشە دارا، وتی: هەموو ڕێکارێکی یاسایمان گرتۆتەبەر بۆ بە سزاگەیاندنی باوک و باوەژنی ئەو سێ منداڵە و لە داواکاری گشتی داوامان لەسەر تۆمارکردوون.
پاشان عومەر گوڵپی، بەڕێوبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی، لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا وتی:" زۆر سوپاسی هاوڵاتیان و چەند کۆمپانیایەک دەکەین، کە لە ماوەی ڕاگەیاندنی کەمپینەکەدا زۆرترین هاوکاریان پێشکەش بە کەمپینەکە کردووە، وەک پارە و خواردن و شیر و دایبی".
عومەر گوڵپی، وتیشی:"هەتا ئێستا بڕی 10 ملیۆن دیناری عێراقی هاوکاری هاتۆتە بانکی حسابی کەمپینەکەوە، داوا لە هاوڵاتیان دەکەین، کە ئیتر خواردن و پێداویستیەکان نەهێنن بۆ کەمپەینەکە، ئەگەر ویستیان هاوکاری بکەن با پارە بهێنن، چونکە دەتوانین پارە بۆ هەموو پێداویستیەک بەکاربهێنین و ئەو شتانەی کە پێویستمانە پێی بکڕین".
عومەر گوڵپی، ئاماژەی بەوەشدا:" سەبارەت بەو سێ منداڵەی کە لەلایەن باوەژنەکەیانەوە لە چەمچەماڵ ئازار درابوون ڕێگەی یاسایمان گرتۆتەبەر داوامان لەسەریان تۆمار کردووە، وە خۆشبەختانە چەندین پزیشکی دەرونی و جەستەیی خۆبەخشانە ئامادەی خۆیان نیشان داوە بۆ چارەسەری ئەو سێ منداڵە".
لە کۆتایی مانگی 11 ی ئەمساڵ لە کەناڵێکی تەلەفزیۆنییەوە ڕاپۆرتێک بڵاوکرایەوە کە تێیدا سێ منداڵ، کە خەڵکی گوندی گۆپتەپەی شارەدێی ئاغجەلەری سەر شارۆچکەی چەمچەماڵ بوون، چیرۆکی خۆیان گێڕایەوە لەبارەی ئەشکەنجەدانیان لە لایەن باوەژنەکەیانەوە، دواتر کاردانەوەی زۆری ڕێکخراوەکان و چالاکانی بەدوای خۆیدا هێنا.
کەمپیەنی هاوکاری بۆ خانەکانی ساوایان و بێ سەرپەرشتان، لەسەرەتای ئەمساڵەوە ڕاگەیەندراوە و هتا کۆتایی ساڵ واتا 31/12 بەردەوام دەبێت.
15-12-2016