خەندان- خۆشناو حسێن
تورکیا ڕایگەیاند، لەماوەی یەک هەفتەدا لەئەنجامی ئۆپەراسیۆنی هێزە ئەمنییەکان لە 45 شار، بەتۆمەتی هاوکاریکردنی پەکەکه و کەجەکە 924 کەس دەستبەسەرکراون.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ئەمڕۆ لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، لەنێوان(12-19)ی ئەم مانگە هێزەکانی جەندرمەی تایبەت و یەکینەکانی جەندرمەی کۆماندۆو هێزەکانی پۆلیسی تایبەت بە هاوکاری هێزەکانی ئاسمانی و زەمینی سوپای تورکیا، 213 ئۆپەراسیۆنیان ئەنجامداوە.
ئۆپەراسیۆنەکان لە 45 شاری تورکیاو باکوری کوردستان لەدژی پەکەکه و کەجەکە ئەنجامدراون و بەتۆمەتی هاوکاریکردنی پەکەکه و کەجەکە 924 کەس دەستبەسەرکراون.
تورکیا ماوەیەکە هەڵمەتێکی بەرفراوانی دەستگیرکردن و دورخستنەوەی سەرۆک شارەوانییەکانی سەر بە بەدەپه و هاوسەرۆک و پەرلەمانتارانی هەدەپەی دەستپێکردووە، کە ناڕەزایی زۆری لەسەر ئاستی ناوخۆی تورکیاو وڵاتانی دەرەوە لێکەوتووەتەوە.
لەماوەی نزیکەی 17 مانگی ڕابردوودا لە تورکیا، هەشت هەزار و 432 ئەندامی هەدەپە و دەبەپە دەستبەسەر و دەستگیرکراون، له و ژمارەیەش دوو هەزار و 360 کەسیان، هاوسەرۆکانی گشتی هەدەپه و پەرلەمانتاران و هاوسەرۆکی شارو ناوچه و شارۆچکەکانن، ئەوەش بەوتەی جێگری هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە.
بەپێی بەیاننامەکەی ئەمڕۆی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، هەر له و ئۆپەراسیۆنانەدا"2 تیرۆریست کوژراون و یەکێکی تریش بریندار کراوه و چواری دیکەش دەستبەسەرکراون".
هەروەها هێزە دەریاییەکانی تورکیا 2002 کۆچبەری قاچاخیان دەستگیرکردوه و 53 قاچاخچیش دەستبەسەرکراون و 19یان فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆدەرچووە.
هەر لەوماوەیەدا هێزە ئەمنییەکانی تورکیا "88 ئەندامی داعشیان دەستبەسەرکردوه و 5یان فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆدەرچووە".
- 19-12-2016