دوێنی سێ شەممە ڕێکەوتی 21-12-2016 لەبەردەم بارەگای حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە نزیک شاری کۆیە، دوو تەقینەوە ڕویداو لەئاکامدا لانی کەم (7) کەس کوژران و (12) کەسیش بریندابوون کە برینی هەندێکیان سەختە.تەقینەوەکە لەکاتێکدا بوە کە مەکتەبی سیاسی حزبی دیموکرات یادی ڕۆژی لەدایکبوونی سەرۆکی پشوتری حزبەکە(عبدالرحمن قاسملۆ) ی کردۆتەوە.دوای تەقینەوەی یەکەم، کە بۆئەو مەبەستە بوە زۆرترین کەس لە شوێنی تەقینەوەکە ئامادەبن، تەقینەوەی دووەم ڕویداوە.
رژێمی جمهوری ئیسلامی ئێران هەمیشە لەپاڵ حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستانی عێراقدا دەستی لە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی وەشاندوە و تا ئێستا سەدان کەسی لێ تیرۆر کردون.ئەم کردەوە تیرۆریستیە دوای زنجیرەیەک چالاکی سەربازی دێت کە حزبی ناوبراو لە چەند مانگی ڕابردودا دژی ڕژێمی ئیسلامی ئێران بەڕێوەی بردوە. چەند جاریش هەڕەشەی کاردانەوەی بەرامبەر بەو چالاکیە سەربازیانە لە ئۆپۆزیسۆنی ئێرانی و حکومەتی هەرێم کردوە!
ئێمە لەحزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان جمهوری ئیسلامی ئێران بە بەرپرسی ئە وکردەوە تیرۆریستیە دەزانین کە دژی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ئەنجام دراوەو بە توندی ئیدانەی دەکەین. بە ئەرکی حکومەتی هەرێمی دەزانین کە ڕێگا بگرێت لە دەستەو تاقمە تیرۆریستیەکانی سەر بە جمهوری ئیسلامی ئێران بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی لە کوردستانی عێراق و دەرگای کوردستان بۆ تیرۆریستانی ئەو ڕژێمە دژی ئینسانیە ئاوەڵا نەکەن. هاوکات بانگەوازی خەڵکی کوردستان دەکەین کە بەشێوازی گونجاو خەباتی خۆیان دەست پێبکەن بۆ دەرکردنی بارگەو بنەی تیرۆریستانی ئیسلامی ئێران لە هەرێمی کوردستان.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
22-12-2016