دواڕۆژ، نوسینگەی هەولێر
وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەبەوەدەکات، بۆ ساڵانی 2014 تا 2016، نزیکەی 18 ملیار دینار کرێی خوێندنی کوڕ و کچی شەهیدان قەرزران دەشڵێت، لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بڕی 50 ملیار دیناریان داوەتە کەرتی تەندروستی.
مەحمود حاجی ساڵح، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "سەرەڕای قەیرانی دارایی و گرفتی نەبوونی بودجە، توانیویانە بەپاڵپشتی و هاوکاری سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی کرێی خوێندنی ساڵی 2014 دابینبکەن و، نزیکەی 4 ملیار دیناریش قەزرارن کە مانگانە بە چەند ملیۆنێک دەیدەنەوە جگە لەوەی 14 ملیار دیناری کرێی خوێندنی ساڵی (2015 – 2016)ش هێشتا نەدراوە و قەرزارن، کە هەردووکیان دەکاتە 18 ملیار دینار، لیژنەیەکیشیان داناوە بۆ ئەوەی لەگەڵ وەزارەتی دارایی ئەو بڕە پارەیە بدەنەوە".
مەحمود حاجی سالح، ئاماژەی بەوەشکرد، لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بڕی 50 ملیار دیناریان بە ڕیزبەندی داوەتە کەرتی تەندروستی بەپێی ئەو ڕێنماییەی وارسی شەهید دەیانگرێتەوە بە تایبەت له و کاتانەی نەخۆش دەکەون و نەشتەرگەری دەکەن و تاوەکو ئێستاش 32 وەجبە بۆ دەرەوەی وڵات نێردراون.
وەزیری کاروباری شەهیدان ڕوونیشیکردەوە، بۆ هاوسەرێتی کوڕ و کچی شەهید لە کابینەی هەشتدا نەیانتوانیوە هیچ بڕە پارەیەکیان بۆ خەرج بکەن، ئەو پارەیەی لە 2010 تاوەکو 2013 لەسەریانە ئەویش خەرج نەکراوە.
ئاشکراشیکرد، بەشێوەیەکی گشتی کەسوکاری شەهیدان و زیندانییانی سیاسی ئەوانەی تائێستا فەرمانیان نییە 10658 پارچە زەویمان پێویستە و داوایان کردووە فەرمانیان بۆ دەربکرێت، هەروەها ئەوانەی فەرمانی زەوییان هەیە 6267 پارچە زەوییە کە پێویستە ئیفرازبکرێت، لەزیندانانی سیاسی توانیویانە 2674 کەس زەوی وەربگرن، لەکۆی نزیکەی 5000 کەس.
وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان وتیشی "بۆ شەهیدانی شەڕی داعش لیژنەیەکی باڵا بۆ دابینکردنی یەکەی نیشتەجێبوون پێکهاتووە تاکو یەکەی نیشتەجێبوون لەرێگەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بۆ خانەوادەکانیان دابینبکەین".
- 28-12-2016