دواڕۆژ، مادح جەمال:
بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی قەزای کۆیە ڕایگەیاند، سەرەڕای گرتنەبەری ڕێوشوێنی توند بۆ کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتووچۆ، بەڵام لەئەمساڵدا 30 هاوڵاتی گیانی لەدەستداوە و 322 هاوڵاتیش برینداربوون و 9 هەزار و 570 سەرپێچی تۆمارکراون.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ئەمڕۆ چوارشەممە 28ی کانوونی یەکەمی 2016، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتووچۆی قەزای کۆیە ئاماری ڕووداوەکانی ئەمساڵی بڵاوکردەوە.
زاهیر محەمەد، بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی قەزای کۆیە ڕایگەیاند "لەمساڵدا لەسنووری قەزای کۆیە 207 ڕووداوی هاتووچۆ ڕوویداوە و 9 هەزار و 570 سەرپێچیش تۆمارکراوە و هەزار و 533 مۆڵەت دەرهێنراوە و 6 هەزار و 195 ئۆتۆمبێلیش پشکنیکی بۆ کراوە و 30 هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە 322 هاوڵاتی تریش برینداربوون.
بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزای کۆیە، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەوان یەک کامێرای چاودێرییان هەیە و ئەمساڵ بەبڕی زیاتر لە 150 ملیۆن دینار سزای شۆفێرانی دراوە.
ئه و بەرپرسەی هاتووچۆی کۆیە، ئاشکرایدەکات، بەرنامەیان هەیە لە ساڵی داهاتوو ژمارەی کامێراکانی هاتووچۆ بۆ پێنج کامێرا زیادبکەن و چەند خاڵێکی تری پۆلیس زیادبکەین بە ئامانجی ئەوەی گیانی شۆفێران و هاوڵاتیان پارێزراوبێت.
- 28-12-2016