دواڕۆژ، ئاکۆ حەمەد ڕابی
وتەبێژی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی سۆران ڕایدەگەیەنێت کە لە ماوەی ساڵی 2016دا 77 ڕووداوی هاتوچۆ ڕوویانداوەو لە سنوری هەر چوار قەزای بەڕێوەبەرایەتیەکەشدا زۆرترین ڕووداو لە ڕێگەی هامڵتۆن ڕوویانداوەو لە کۆی ڕووداوەکانیش 117هاوڵاتی بوونەتە قوربانی.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 29ی کانونی یەکەم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەبینایی بەڕێوەبەرایەتیەکە وتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی سۆران کۆی ڕووداوەکانی ساڵی 2016ی سنوری هەر چواری قەزای سۆران، چۆمان، ڕەواندزو مێرگەسۆری ڕاگەیاند.
نەقیب ئیحسان چەلەبی وتەبێژی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی سۆران ئاشکرایکرد کە لە مانگی کانونی دووەمەوە تاکو ئەمڕۆ 77رووداوی هاتوچۆ لەو دەڤەرە ڕویانداوەو بەهۆیەشەوە 117هاوڵاتی بوونەتە قوربانی کە لەنێویاندا 29 هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوەو 88 یشیان بریندارو کەم ئەندام بوون.
ئاماژەی بەوەشدا کە بەراورد بەساڵی 2015 ژمارەی ڕووداو برینداربوون بەرەو کەمی چووە، بەڵام ڕێژەی مردن بەهۆی ڕووداوەکانی هاتوچۆ زیادیکردووە، بەجۆرێک ڕێژەی مردن لە 24 کەسەوە بەرزبۆتەوە بۆ 29 کەس.
ئیحسان چەلەبی وتیشیی"نیوەی زیاتری ڕووداوەکان لە ڕێگەی هامڵتۆن بووە بەتایبەت ڕێگەی نێوان سۆران- حاجی ئۆمەران، ئەمەش بەهۆی تەسکی و خراپی شەقامەکەو هاتوچۆی زۆری ئۆتۆمبێلی بارهەڵگرو پابەند نەبوونی شوفێران بووە بە ڕێنماییەکانی هاتوچۆ".
- 29-12-2016