ڕۆژنیوز هۆشمەند کوردی
لەماوەی یەک ساڵدا لە سنوری ئیدارەی گەرمیان 779 ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە ڕوویانداوە و پێنج کەسیش لە ڕووباری سیروان خنکاون و دوو کەسیش ڕزگارکراون.
بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی گەرمیان، کە ئەمڕۆ بە ڕۆژنیوز دراوە، لەماوەی ساڵی 2016دا 779 ڕووداوی جۆراوجۆری ئاگرکەوتنەوە ڕوویانداوە، کە زۆرینەیان کەوتنەوەی ئاگر لە دەغڵ و دان بووە.
نیعمەت عەلی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەرگری شارستانی گەرمیان بۆ ڕۆژنیوز وتی: لە ساڵی 2016دا لە سنوری ئیدارەی گەرمیان، 779 حاڵەتی جۆراوجۆری ئاگرکەوتنەوە ڕوویانداوە و زۆرترینیان دەغڵ و دان بووە، کە ڕیژەکەی 260 ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە بووە، هەروەها 62 ڕووداوی سوتانی ئۆتۆمبێل ڕوویانداوە، لەگەڵ سوتانی 105 ماڵ.
نیعمەت عەلی وتیشی: 22 ڕووداوی سوتانی بازاڕ و 2 بەنزینخانە و 14 محاویلەی کارەبا و 17 دام و دەزگا و 297 ڕووداوی سوتانی جۆراوجۆر تۆمارکراوە لە بەڕێوبەرایەتیمان، لە زۆرینەی زۆری ڕوداوەکاکاندا تیمەکانی ئاگرکوژینەوە ئامادەبوونە لەسەر ڕوداوەکان و کۆنترۆڵی ئاگرکەوتنەوەکەیان کردووە.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەرگری شارستانی گەرمیان ئاماژەی بەوەشدا، لە ئەمساڵدا لە ڕووباری سیروان پێنج کەس خنکاون و دوو کەسی تریش لە خنکان ڕزگارکراون، ئەمە جگە لەوەی "تیمەکانمان 24 کەسیان لە کاتی ڕووداوەکانی هاتوچۆ بە برینداری گەیاندوەتە نەخۆشخانەکان".
نیعمەت عەلی ئەوەشی خستەڕوو: جگە لە تۆمارکردنی ئه و ڕووداوانەی ئاگرکەوتنەوە، توانراوە بە سەدان دۆنم زەوی و دەغڵ و دان و بەدەیان ماڵ و ئۆتۆمبێل و بازاڕ لە سوتان ڕزگار بکرێن لە لایەن تیمەکانمانەوە.
ناوبراو وتیشی: تیمەکانمان لەگەڵ لیژنەکانی قائیمقامیەت سەردانی ماڵ و شوێنە گشتیەکانیان کردووە بۆ خۆپاراستن لە کەوتنەوەی ئاگر و مەترسیەکانی.
30-12-2016