رۆژنیوز-محەمەد حەسەن
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، گروپی 17ی شوبات بۆ مافەکانی مرۆڤ، پێشێلکاریی ساڵی ڕابردووی بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن خستەڕوو.
ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە شارۆچکەی ڕانیەی ئیدارەی ڕاپەرین، گروپی 17ی شوبات بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئاماری سالێکی پێشێڵکاری بەرامبەر بە هاوڵاتیان و ڕۆژنامەنووسان و مامۆستایانی ئایینی و پێشمەرگە بڵاو کردەوە.
راپۆرتەکەی گروپی 17ی شوبات بۆ مافەکانی مرۆڤ، لەلایەن ڕەگەز کەمال خوێندرایەوە کە تێیدا هاتووە: "گروپی 17ی شوبات بۆ مافەکانی مرۆڤ، گروپێکی بێ لایەنە لە ناوەوەو دەرەوەی وڵات خۆبەخش و بێلایەن و پیشەییانە کاردەکات لەسەر تۆمارکردنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان و بەدواداچون لەبارەی تەواوی پێشێلکارییەکان و گەیاندنی بە ناوەندە جیهانیەکان، بە تایبەت تیرۆرە سیاسییەکان کە لە لایەن دەسەڵاتەوە ئەنجام دەدرێت و هەوڵدەدات کەس و لایەنی سیاسی ئەنجامدەر ئاشکرا بکات".
لە بەشێکی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: "ئەو پێشێلکارییانەی کە لە سەرەتای مانگی یەک تا کۆتایی مانگی دوازدە لە لایەن دەسەڵاتەوە ئەنجامدراون بە جۆریک لە پارێزگای هەولێر 87،سلێمانی 94،دهۆک 24،کەرکووک 2، هەڵەبجە 1 حاڵەت تۆمار کراوە، سەبارەت بە کوشتن و تیرۆری سیاسی لە پارێزگای هەولێر 7،لە دهۆک 3، لە کەرکو ک 1، حاڵەت تۆمار کراوە".
هەروەها ئەوەش هاتوە کە: "بەپێی ڕاپۆرتێکی نێودەوڵەتیی وڵاتی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ناویدا بە دووەمین وڵاتی ترسناک بۆ کوشتنی ڕۆژنامەنوسان هەژمار کراوە بۆ ساڵی 2016، لە لایەکی دیکەوە عێراق ڕیزبەندی 158مین وڵاتی گرتووە لە کۆی 180 وڵاتی جیهان لە خراپی ڕەوشی کاری ڕۆژنامەگەریی و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ بە گوێرەی ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوری نێودەوڵەتی".
"دەسەڵات بەرپرسە یەکەمە بەرامبەر بە پێشەڵکارییەکان"
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەشدا هاتووە: "ئێمە وەک 17ی شوبات بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایدەگەیەنین، هەر دوو حزبی دەسەڵات یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەر دوو زۆنی سەوز و زەرد بە بەرپرس و ئەنجامدەری سەرەکی دەزانین لەم تیرۆر و ترس و تۆقاندن و پێشێلکارییانەی کە ئەنجام دەدرێن دژ بە هاونیشتیمانیان بە گشتی و ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان بە تایبەتی هاوکات، ئامار و داتا تۆمارکراوەکانی ڕێکخراو و ناوەندە جیهانییەکان دەریدەخەن، ئازادی ڕادەربڕینی تاک و کاری ڕۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان لە بارودۆخێکی ترسناکدایە".
30-12-2016