دواڕۆژ، عیسا عەبدولقەهار
بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی هەولێر ئاشکرایدەکات، بەهۆی قەیرانی دارایی و هەڵهاتنی خاوەنی پڕۆژەکان، نەتواندراوە کێشەکانی پڕۆژەی نیشتەجبێوونی کۆیە ستی و دەشتی بەهەشت چارەسەربکرێن و بۆ تەواوکردنی هەردوو پڕۆژەکەش، نزیکەی 55 ملیۆن دۆلار پێویستە.
پڕۆژەی نیشتەجێبوونی (کۆیە ستی) پێکدێت لە دروستکردنی (450) خانوو و (36) ڤێلا لە ساڵی 2012 دەستکراوە بە دروستکردنی و بڕیاربوو لەماوەی (24) مانگ تەواوبکرێت، بەڵام دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ و کارکردنی چوار کۆمپانیای خۆماڵی تیایدا هێشتا پڕۆژەکە تەواو نەبووە.
هاوکات پڕۆژەی نیشتەجێوونی دەشتی بەهەشت، کە دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری هەولێر، و لە 427 ڤێلا و هەزار و 122 شوقە پێکهاتووە و لە سەرەتای ساڵی 2010 دەستبەکارکردن تیایدا کراوە، دەبوو لەسەرەتای ساڵی 2013 تەواو بکرێت، بەڵام تائێستا تەواونەکراوە.
لەبارەی هۆکارەکانی تەواونەکردنی هەردوو پڕۆژەکە، سامان عارەب، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی هەولێر بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "بەهۆی قەیرانی دارایی و هەڵهاتنی هەردوو خاوەن پڕۆژە بۆ دەرەوەی کوردستان، نەتواندراوە تەواوبکرێن".
وتیشی "کێشەکانی نیشتەجێبوونی زۆربەی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون چارەسەرکراون، تەنیا ئەو دوو پڕۆژەیە ماون".
لەبارەی کۆی بودجەی پێویست بۆ تەواوکردنی هەردوو پڕۆژەکە، سامان عارەب وتی "پڕۆژەی نیشتەجێبوونی کۆیە ستی پێویستی بە 15 ملیۆن دۆلار و پڕۆژەی دەشتی بەهەشتیش پێویستی بە نزیکەی 40 ملیۆن دۆلار هەیە".
- 01-01-2017