بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕین ئاماری ساڵێکی بەکارهێنەران و بازرگانانی مادەی هۆشبەری لە سنورەکەیان بڵاوکردەوە و بەپێی ئامارەکە، بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەرەوە بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردوە.
ئەمڕۆ بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەرین لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماری ساڵێکی بڵاوکردەوە، بەپێی ئامارەکە لە ساڵی ڕابردوودا (127) کەس دەستگیرکراون، بەڵام ساڵی 2015 تەنها (31) کەس بەهۆی مادەی هۆشبەرەوە دەستگیرکرابوون.
موقەدەم محەمەد فازل، لێپرسراوی بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕین لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا ڕایگەیاند: بەپێی ئه و ئامارەی لەبەردەستماندایە، لە ساڵی 2016دا (239) کەس لە ڕەگەز و تەمەن و نەتەوەی جیاواز بە فەرمانی دادگاکانی لێکۆڵینەوە، فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرکراوە، بەڵام له و ژمارەیە (127) کەسیان دەستگیر کراون، ئەوانی تریش فەرمانی دەستگیرکردنیان هەیە.
وتیشی: بڕی ئه و ماددە و حەبانەی کە دەستیان بە سەرداگیراوە، بریتین لە چوار کیلۆ و حەوسەد و یەک گرام و پەنجا و حەوت سەنت لە ماددە هۆشبەرەکانی (تلیاک، کریستاڵ، شیشە، هێرۆین، تۆوی شادانا)، هەروەها بڕی 156 کارتۆن و 1598 پارچە حەب لە حەبەکانی جۆری ترامادۆڵ، کلۆنسپام، ترافید، تۆپیدۆڵ و پانیکس دەستیان بەسەردا گیراوە، لەگەڵ ئەوەشدا 32 کەسیش پشکنینی خوێنیان پیس بووە.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە داخەوە ڕێژەکە زۆر زیادی کردووە، لە کاتێکدا لە ساڵی ڕابردوو تەنها (31)کەس دەستگیر کراون به و تۆمەتە و بڕی 1 کارتۆن و 981 دەنکە حەب دەستیان بە سەردا گیرا.
لە پرسیارێکی ڕۆژنیوزیشدا کە ئایا فەراغی ئەمنی لەسەر سنورەکاندا بوونی هەیە؟ موقەدەم محەمەد فازل ئەوەی خستەڕوو: فەراغی ئەمنی بە شێوەیەکی زۆر نییە، ئه و شوێنانەی کە پێشتر لە دەست پێشمەرگەدا بوون و لە ئێستادا کە پێشمەرگە لەگەڵ داعش لە شەڕدایە، ئەوا لە شوێنی ئەوان هێزەکانی ئاسایش جێگایان پڕکردونەتەوە.
لەسەر زیادبوونی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەرەوە لە سنوری ڕاپەڕین، یوسف عومەر، توێژەری کۆمەڵایەتی لە شارۆچکەی ڕانیە بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: لە جیهاندا تووشبوون بە ماددەی هۆشبەر بۆتە دیاردە و وەک کەلتوری لێهاتووە، بە داخەوە لە هەرێمی کوردستان ئاماژەکان دڵخۆشکەر نین، بە حوکمی ئەوەی کە سنورمان لەگەڵ ئێرانە، ماددە هۆشبەرەکان زۆر بە ئاسانی دەگاتە دەست هاوڵاتیانی هەرێم و بازرگانی پێوە دەکرێت، ئەوەش وایکردووە کە کۆمەڵگا بەره و هەرەس و وێران بوون بڕوات.
وتیشی: زۆر بە داخەوە ئەم ماددانە بە ئاسانی بازرگانیان پێوە دەکرێت و دەگاتە دەست هاوڵاتیان، هۆکارەکەشی بوونی فەراغی ئەمنی لە ناوچە سنورییەکانی هەرێم و ئێرانە، لە لایەکیترەوە نەبوونی هەلی کار وایکردووە کە گەنجان زۆرتر ڕوو لە ماددە هۆشبەرەکان بکەن.
ئه و توێژەرە کۆمەڵایەتییە ئەوەشی خستەڕوو: تا ئێستا وەک پێویست بە باشی کار لەسەر بنەبڕکردنی بازەرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان نەکراوە، پێویستە ئه و کەسانەی کە ئالودە بوونە بە ماددە هۆشبەرەکان بە باشی مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و بخرێنە ژێر چاودێری، بۆ ئەوەی دوور بن لە کۆمەڵگا تا بە باشی چارەسەر وەردەگرن.
باسی لەوەش کرد: پێویستە سیستەمێکی ڕێکوپێک بۆ خێزان و منداڵ و گەنجان دروست بکرێت بە شێوەیەک لە شێوەکان لە لایەن ڕاگەیاندنەکان و هەروەها بە کۆڕ و سمینار کۆمەڵگا لە بەرامبەر بە مەترسیەکانی ماددە هۆشبەرەکان وشیار بکرێتەوە، پێویستە بە هەموو لایەک بە تایبەت ڕێکخراوەکان و توێژەرانی کۆمەڵایەتی هەوڵ بۆ بنەبڕکردنی ئەم دیاردە ناشیرین و ماڵوێرانکەرە بدەین.
05-01-2017