دواڕۆژ، عیسا عەبدولقەهار
بەڕێوەبەری گشتی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان ڕادەگەیەنێت، بەهۆی بارودۆخی ئابووری و قەیرانی دارایی تۆمارکردنی کۆمپانیای خۆماڵی و بیانی لەساڵی 2016دا بەڕێژەی 60% کەمیکردووە.
دڵزار ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان لە وەزارەتی پیشەسازی و بارزگانی هەرێم ئەمڕۆ شەممە 7ی کانونی دووەم بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "تائێستا 22 هەزار و نۆزدە کۆمپانیای خۆماڵی و سێ هەزار و 168 کۆمپانیای بیانی لە کوردستان تۆمارکراون".
لەبارەی ئه و کۆمپانیانەی ئیفلاس بوون، دڵزار ئیسماعیل وتی "لەکوردستان کار بە سیستەمی ئیفلاسکردنی کۆمپانیاکان ناکرێت و کۆمپانیاکانیش خۆیان ئەگەر ئیفلاسیش بن ڕایناگەیەنن، بەڵام ئەوەی لەسەرەتای تۆماری کۆمپانیاکان تائێستا پووچەڵکراونەتەوە ژمارەیان دەگاتە 415 کۆمپانیا".
بەڕێوەبەری گشتی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان ئاماژەی بەوەشکرد، لە ساڵی 2016دا، 933 کۆمپانیای خۆماڵی و 38 کۆمپانیای بیانی تۆمارکراون، ئه و ڕێژەیە بە بەرارورد بە ساڵی ڕابردوو 60% کەمیکردووە، ساڵی 2015 هەزار و 456 کۆمپانیای خۆماڵی و 105 کۆمپانیای بیانی تۆمارکرابوون.
وتیشی "ساڵ بە ساڵ تۆماری کۆمپانیای بیانی لە کوردستان کەمدەبێتەوە، بەڵام باشترین ساڵ بۆ تۆماری کۆمپانیاکان ساڵی 2011 بوو، کە 478 کۆمپانیای بیانی تۆمارکران".
بەوتەی ئه و بەرپرسەی وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی، ڕێژەی کۆمپانیای وڵات بەمشێوەیە "44% کۆمپانیای تورکی، 11% ئیرانی، 5% لوبنانی، 5.6% ئیماراتی، 4% بەریتانی و 4.1% ئەمریکین".
وتیشی "کۆمپانیا بیانییەکان لە زۆربەی سێکتەرەکان کاردەکەن، لەوانە کارکردنی نزیکەی 300 کۆمپانیایان لە بواری نەوتە لە کوردستان".
- 08-01-2017