ڕۆژنیوز – دانا عومەر
بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، کە لەساڵی 2016دا، بە هەردوو بەشەکەی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان 103 هەزار و 934 پاسپۆرتیان چاپکردوە، کە 83 هەزار و 682 دانەی لە سلێمانی یەک و 20 هەزار و 252 دانەش لە سلێمانی دوو چاپکراوە.
ئەمڕۆ لە بینای پارێزگای سلێمانی، بەڕێوبەرایەتی پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ئاماری ساڵی 2016یان خستەڕوو.
عەمید سالار عەبدوڵڵا، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی، لە کۆنگرەکەدا ئاماری ساڵی 2016ی خستەڕوو، وتی: لە ساڵی 2016دا 83 هەزار و 682 پاسپۆرتیان چاپ کردوە،82 هەزار و 973 پاسپۆرتیان داوەتەوە هاولاتیان.
عەمید سالار عەبدوڵڵا، سەبارەت بە پاسۆرتی/2 کە لە کەشارۆچکەی کەلار-ی ناوەندی ئیدارەی گەرمیانە، کاروباری هاولاتیانی دەڤەرەکە ڕایی دەکات وتی: لە ساڵی 2016دا 20 هەزار و 252 پاسپۆرتیان چاپکردووە، 20 هەزار و 126 پاسپۆرتیان داوەتەوە هاولاتیان.
دروستبوونی بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی، دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژی11-11-1999، کە بۆ یەکەمجار وەک هۆبەیەک (بەش)ێک لەناو بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی دامەزرا بە ناوی هۆبەی کاروباری پاسپۆرت و مانەوە.
لە 05-12-1999وە، دوای دروستکردنی بنکە سنوورییەکان، هۆبەی کاروباری پاسپۆرت و مانەوە، کرایە بەڕێوبەرایەتی-یەک لە ناو ئاسایشی گشتی لە ژێر سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشدا، بەڵام لە 04-3-2002دا ئەو بەشەش فراوانبوو، کرایە بەڕێوەبەرایەتییەک سەربە ئاسایشی گشتیبە بە ناوی بەڕێوبەرایەتی پاسپۆرت و مانەوەی سلێمانی.
لە 11-09-2006 بەڕێوبەرایەتی پاسپۆرت و مانەوە لەسەر میلاکی ئاسایش گوازرایەوە سەرمیلاکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی سەفەر و ڕەگەزنامەو دواتر لەسەرجەم پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا ئە و دوو بەڕێوبەرایەتییە لەیەکترجیابوونەوە و کرانە دوو بەرێوەبەرایەتی سەربەخۆ.
10-01-2017