ڕۆژنیوز – ڕێزان محەمەد
داهاتی کەمپەینی پشتیوانی سندوقی هاوکاری کۆمەڵایەتی ئاشکراکرا کە لە 30-11-2016 ڕاگەیەندرابوو بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ سەرجەم خانەکانی سەر بە بەڕێوبەرایەتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ، بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا داهاتی کەمپەینی پشتیوانی سندوقی هاوکاری کۆمەڵایەتی ئاشکراکرد، کە لە 30-11-2016 دەستیپێکرد و 30 ڕۆژ بەردەوام بوو.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا، عومەر گوڵپی، داهاتی کەمپینەکەی ڕاگەیاند و وتی:" لە کەمپینەکەدا بڕی 26 ملیۆن و 498 هەزار و 750 دیناری عێراقی کۆکراونەتەوە کە لەلایەن 123 هاوڵاتی و خێرخوازەوە بووە، وە بڕی شەش هەزار و 43 دۆلار لەلایەن 28 هاوڵاتییەوە کۆکراوەتەوە".
عومەر گوڵپی، وتیشی: ژمارەیەک هاوڵاتیش بڕی 169 پێداویستی جۆرا و جۆری پێشکەش کردووین، کە خۆی لە گەرمکەرەوە و فێنکەرەوە و شیر و پێداویستی منداڵدا دەبینێتەوە.
ناوبراو، باسی لەوەشکرد، کە ئەو بڕە هاوکارییەی، کە کۆکراوەتەوە خەرج دەکرێت بۆ کڕینی گەرمکەرەوە و فێنککەرەوە و پێداویستی هەموو خانەکان و بردنی نەخۆشەکانی خانەکان و چارەسەرکردنیان، هەروەها دابین کردنی مووچەی کارمەندان.
بەڕێوبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی، هەر لە کۆنگرەکەدا سوپاسی هەموو ئەو کەس و لایەن و خێرخوازانەی کرد کە هاوکاری کەمپینەکەیان کردبوو.
کەمپەینی پشتیوانی سندوقی هاوکاری کۆمەڵایەتی لە 30-11-2016 ڕاگەیەندرا بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ سەرجەم خانەکانی سەر بە بەڕێوبەرایەتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی کە سەرجەمیان پێنج خانەن وەک خانەی ساوایان و نەوجەوانانی کچان و نەوجەوانانی کوڕان و خانەی بەساڵاچوان و شوێنی داڵدە دانی ژنانی هەڕەشە لێکراو (شێڵتەر).
17-01-2017