دواڕۆژ، هانا چۆمانی
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری و پێکەوەژیان لە وەزارەتی ئەوقاف ڕایدەگەیەنێت "لەماوەی ساڵێکدا وەزارەتی ئەوقاف 5 ملیۆن دۆلار داهاتی هەبووە، ئەوەش وەک ڕسوماتی چوونی حەج و عومرە لە هاوڵاتیان وەرگیراوە و گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی حکومەت".
مەریوان نەقشبەندی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری و پێکەوە ژیان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "هەر کەسێک بیەوێت گەشتی عەمرە بکات، وەک ڕسومات حکومەت 100 دۆلاری لێوەردەگرێت، ساڵی 2016 بۆ یەکەمین جار فۆرمی پڕکردنەوەی حەج بە پارە دابەشکرا و بۆ هەر کەسێک، بڕی 50 هەزار دینار بوو، نزیکەی 85 هەزار کەس فۆرمی چوونە حەجیان پڕکردەوە".
مەریوان نەقشبەندی ڕایگەیاند، لە ماوەی ساڵی 2016دا، تەنیا داهاتی ڕسوماتی حەج و عومرەمان زیاتر لە 5 ملیۆن دۆلار بووە، تەنیا لەپڕکردنەوەی فۆڕمی حەج، کە بۆ هەر کەسێک 50 هەزار دینار وەرگیراوە، نزیکەی 4 ملیۆن دۆلار داهاتمان هەبووە.
مەریوان نەقشبەندی دەشڵێت "تەنیا ڕسوماتی چوونە عەمرە نزیکەی 1 ملیۆن دۆلار بووە، لە ماوەی ساڵی 2016دا، وەزارەتیش تەنیا لە ڕسوماتی حەج و عومرە بەشە داهاتی هەبووە و ڕادەستی خەزێنەی حکومەت کراوە".
نەقشبەندی ئەوە دەخاتەڕوو، حکومەتی هەرێم ئەگەر بیەوێت داهاتی ناوخۆ زیاد بکات، پێویستە وەرگرتنی ڕسوماتی گەشتکردن لەسەرجەم بەش و بۆ سەرجەم وڵاتان وەربگریت نەک تەنیا لەو کەسانەی کە دەیانەوێت بچن بۆ حەج و عومرە.
- 22-01-2017