ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوەی ئاساییی خۆی ساز دا
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 31-01-2017 بە سەرۆکایەتیی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیران و بە ئامادەبوونی بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ئاساییی خۆی ساز دا.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا بەڕێز جێگری سەرۆک وەزیران، پوختەیەکی دەربارەی پرۆژەی تۆماری بایۆمەتری پێشکەش کرد و ڕوونی کردەوە کە لە چوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا نزیکەی 153 هەزار مووچەخۆر لە دهۆک، نزیکەی 295 هەزار لە هەولێر و زیاتر لە 329 هەزاریش لە سلێمانی خۆیان تۆمار کردووە. هەروەها دەستخۆشی لە ژووری عەمەلیاتی تۆمارکردنی بایۆمەتری کرد و دووپاتی کردەوە کە دوایین ڕۆژ بۆ تۆمارکردنی فەرمانبەرانی شارستانی تا ڕۆژی 01-03-2017 دەبێت، بەڵام بۆ هێزە سەربازی و ئەمنییەکان بەردەوام بێت، هەروەها تیشکی خستە سەر ئه و کێشه تەکنیکی و کارگێڕییانەی هاتوونەتە بەردەم پرۆسەکە.
بەڕێز جێگری سەرۆک وەزیران هەروەها دووپاتی کردەوە بەردەوام دەبین لە پرۆسەی تۆمارکردن و داوای کرد ئەوانەی خۆیان تۆمار نەکردووە بچن خۆیان تۆمار بکەن، بە پێچەوانەوە، خۆیان بەرپرسیاریەتیی تۆمارنەکردنیان دەگرنە ئەستۆ. هەروەها ڕایگەیاند دوای تەواوبوونی ئەم پرۆسەیە حکوومەت دەبێتە خاوەن لیستێکی پاک لە ناعەدالەتی و فرەمووچەییی نایاسایی، کە ئەمەش کاریگەری لەسەر ڕێکخستنەوەی میلاکات و پێداچوونەوە بە سیستەمی پاشەکەوتی مووچەدا دەبێت.
لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆک وەزیران، دەستخۆشی لە بەڕێز قوباد تاڵەبانی و ئه و تیمەی لە هەموو لایەنە پەیوەندارەکانی حکوومەتی هەرێمی هاوکاری دەکەن کرد و ڕوونی کردەوە بۆ یەکەمجارە ئامارێکی باوڕپێکراو لەسەر مووچەخۆران دەبێت کە حکوومەت دەتوانێ بڕیاری لەسەر بدات و دەبێتە بنامەیەک بۆ داهاتوو.
جەختیشی لەوە کردەوە دەبێ حکوومەت سیستەمێکی تایبەت بەخۆی بۆ پێدانی مووچە هەبێت کە لەگەڵ ئه و بڕە پارەیەی هەیەتی بگونجێت و پەیڕەوکردنی ئەم سیستەمە هەنگاوێکی گرنگە له و چاکسازییەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە.
پاشان بەڕێز مەولوود باوەموراد وەزیری گواستنەوە و گەیاندن بەوەکالەت، ڕاپۆرتێکی وردی دەربارەی چالاکییەکانی وەزارەت بۆ ساڵی 2016 و پلان و ئامادەکارییەکانی وەزارەت بۆ ساڵی 2017 خستە ڕوو. هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی بە کەمکردنەوەی خەرجییەکان، زیادکردنی داهاتی گشتی لە ڕێگەی ڕێکخستنەوەی ڕسوماتی کۆمپانیاکانی بواری گەیاندن و گواستنەوە و ڕێکخستنەوەی پەیکەری کارگێڕیی وەزارەت و دامەزراوەکانی سەر بە وەزارت و کێشە و گرفتەکانی بەردەمی، کرد.
لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆک وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە بەڕێز وەزیری گواستنەوە و گەیاندن بەوەکالەت و ستافی وەزارەت، گرنگیی کەرتی گەیاندن و گواستنەوەی دووپات کردەوە و داوای کرد وەزارەت بتوانێت داهاتێکی زیاتر دابین بکات، لە بەرمبەردا خزمەتگوزاریی باشتر پێشکەش بکات، لەپێناو هەمەچەشنکردنی سەرچاوەی داهاتە گشتییەکان کە تەنها پشت بە داهاتی نەوت نەبەسترێت.
بەڕێز سەرۆک وەزیران هەروەها جەختی لەوە کردە هەر وەزارەتێک ئەولەویەتی بۆ کارەکانی هەبێت و ئه و پڕۆژانە بخاتە پێشەوە کە دەتوانێ جێبەجێی بکات. پاشان ژمارەیەک لە وەزیره بەڕێزەکانیش، دەستخۆشییان لە بەڕێز وەزیری گواستنەوە و گەیاندن کرد بۆ ڕاپۆرتەکه و چەندین سەرنج و تێبینییان لەسەر ڕاپۆرتەکە پێشکەش کرد.
دواتر بەڕێز خالد دۆسکی، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان، هێڵە گشتییەکانی سیاسەت و دیدگای وەزارەتی لە بوارەکانی ڕۆشنبیری، هونەر، وەزرش و لاوان پێشکەش کرد کە بە هاوکاری و هەماهەنگی و پشتگیریی لایەنە پەیوەندارەکان جێبەجێ بکرێت، ژمارەیەک لە وەزیرە بەڕێزەکانیش، دید و سەرنجی خۆیان لەبارەیەوە خستە ڕوو.
ئینجا بەڕێزان سەرۆک و جێگری سەرۆک وەزیران وێڕای دەستخۆشیکردن لە بەڕێز وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان، دووپاتیان کردەوە کە دەبێ وەزارەت و دەزگا و دامەزراوەکانی دیکەی پەیوەندیدار لە حکومەت و کەرتی تایبەت و کۆمەڵگەی مەدەنی، هاوکاریی جێبەجێکردنی سیاسەت و دیدگای وەزارەت بکەن، چونکە ئه و ئەرکانە تەنیا بە وەزارەت و حکوومەت جێبەجێ ناکرێن.
لە کۆتاییدا بەڕێز عەلی سندی وەزیری پلاندانان ڕەشنووسی ڕێنماییی تایبەت بە هاوبەشیکردنی هەردوو کەرتی گشتی و تایبەتی لە جێبەجێکردنی پرۆژەکان و لە چوارچێوەی ڕێنماییی گرێبەستە گشتییەکاندا خستە ڕوو، کە بە هاوبەشی لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی ئامادە کراوه.
ئەم ڕێنماییە بۆ داڕشتنی چوارچێوەیەکی یاسایییە بۆ ئه و پڕۆژانەی کە بە هاوبەشی لە نێوان هەردوو کەرتی گشتی و تایبەتدا لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدەرێن و بۆ یەکەمین جارە ئه و ڕێنماییانە لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەم مەبەستە ئامادە بکرێن.
31-01-2017