دواڕۆژ، کۆچەر عەلی
دەزگای گشتی کاروباری مین ئاماری کاروچالاکییەکانی بۆ 2016 لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، بەپێی ئامارەکەش لەساڵی ڕابردوودا دوو ملیۆن و 541 هەزار و 66 مەتری چوارگۆشە زەوی لە مین پاککراوەتەوه و 4 هاوڵاتیش بەهۆی مینەوە گیانیان لە دەستداوە.
بەپێی ئامارەکانی دەزگای گشتی کاروباری مین، کە ئەمڕۆ سێشەممە 31ی کانوونی دوەەمی 2017 بڵاوکرایەوه و وێنەیەکی بۆ دواڕۆژ نێردراوە تێیدا هاتووە "کۆی ڕووبەری زەوی پاککراوە بە مەتری چوارگۆشە 2 ملیۆن و 541.066 مەتر دووجابووه و ژمارەی کێڵگە مینەکانی پاککراوە و گەڕاوە بۆ خاوەنەکانیان بریتیبووە لە شەش پارچە زەوی و ژمارەی مین و پارچە تەقەمەنی نەتەقاوەی لە ناوبراو 2.455 دانە بووه".
بەپێی ئامارەکەی دەزگای گشتی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان ژمارەی ئه و مینانەی پوچەڵکراونەتەوە بریتیبووە لە 793 پارچە مین و کۆی ڕووبەری زەوی پشکنراو لەلایەن تیمەکانی لە ناوبردنی تەقەمەنی نەتەقاوەوە 195.770 مەتر دووجا بووه و هەروەها کۆی ڕووبەری زەوی نیشانەکراو بەشێوەی هەمیشەیی 1.625.169 مەتر دووجا بووە.
هەر لە ئامارەکەی دەزگای مین ئەوەشخراوەتەڕوو، لەساڵی ڕابردوودا بەهۆی تەقینەوەی مینەوە 14 هاووڵاتی بوونەتە قوربانی کە لەوانە چوار کەسیان گیانیان لە دەستداوە ئەوەش بەراورد بە ساڵی 2015 ڕووی لەبەرزبوونەوە کردوە.
- 31-01-2017