ڕۆژنیوز - سۆران محەمەد
گەورەترین کامپی ئاوارەکان بۆ نیشتەجێبوونی ئاوارەکانی شارۆچکەی حەویجە لە سنوری پارێزگای کەرکووک دەکرێتەوە.
کامپی لەیلانی سێ، کە بە گەورەترین کامپی ئاوارەکان لە سنوری پارێزگای کەرکووک دادەنرێت، لە لایەن وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقەوە بۆ پێشوازیکردن لە ئاوارەکانی شارۆچکەی حەویجە دروست دەکرێت، لە ئێستادا بەشێکی زۆری کامپەکە کارەکانی تەواو کراوە بۆ پێشوازیکردن لە ئاوارەکانی حەویجە.
کامپەکە لە پێنج هەزار چادر (خێمە) پێکدێت، تاوەکو ئێستا دوو هەزار و 500 چادری تێدا ئامادە کراوە، چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەیەکی کەمدا تەواوی کارەکانی تری کامپەکە کۆتایی پێبێت.
تۆفان عەواد، جێگری بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران لە شاری کەرکووک، له و بارەیەوە ئێوارەی ئەمڕۆ بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند:" کامپی لەیلانی سێ بەم زوانە دەکرێتەوە، کە لە پێنج هەزار چادر پێکدێت، لە ئێستادا دوو هەزار و 500 چادری ئامادەیە بۆ پێشوازیکردن لە ئاوەرەکانی شارۆچکەی حەویجە، هەروەها دوو هەزار و 500 چادرەکەی دیکەش ئێستا لە قۆناغی ئامادەکردندایە و لە داهاتوویەکی نزیکدا سەرجەم کارەکانی کامپەکە کۆتای پێدێت".
وتیشی:" کامپەکە لە سنوری شارەدێی لەیلان سەربە پارێزگای کەرکووک دروست کراوە، بە کامپی لەیلانی سێ ناو دەبرێت، ڕاستەوخۆ ئه و کامپە لە لایەن وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقەوە سەرپەرشتی دەکرێت و پێداویستیەکانی کەمپەکە وەزارەتی ناوبراو ئامادەی دەکات".
ڕاشیگەیاند:" دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ کامپەکە پێشوازی لە 300 هاوڵاتی ئاوارەی شارەدێی حەویجە کردووە، کە بەیانی ئەمڕۆ خۆیان گەیاندۆتە سنوری گوندی مەکتەب خالید و لە دەستی چەتەکانی داعش هەڵهاتوون، بەڵام ئەمە به و واتایە نایات، کە کامپەکە بە تەواوی کراوەتەوە، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بە ئامادەبوونی بەرپرسانی ئیداری شاری کەرکووک و وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەکرێتەوە".
لە سەرەتای ئەم مانگەدا وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، دکتۆر دەباز محەمەد، سەردانی شاری کەرکووکی کرد و لەگەڵ پارێزگاری شارەکە نەجمەدین کەریم، پرسی ئاوارەکانی حەویجە و دروستکردنی کامپێکی نوێی بۆ ئاوارەکان تاوتوێ کرد.
09-02-2017