#دەزگای گشتی کاروباری مین#ی حکومەتی #هەرێمی کوردستان# ڕایگەیاند، لەساڵی 2016 بڕی 20 ملیۆن دۆلار هاوکاری بۆ بواری پاککردنەوەی ناوچە پیسبووەکان بە مین و تەقەمەنی و پاشماوە جەنگیەکان کۆکراوەتەوه و هاتنی کۆمپانیاکانیش زیادیکردووە.
دەزگاکە لەدوای هاتنی داعش و دەستگرتن بەسەر بەشێکی خاکی کوردستان دواتر ئازادکردنەوەی لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە، لەرێگەی کونسوڵخانه و نێونەراییەتیەکانی وڵاتانی بیانی لە هەرێم داوای هاوکاری کرد بۆ پاککردنەوەی ناوچەکان لەمین و تەقەمەنی.
محەمەد ئەحمەد سەرۆکی دەزگاکە لە ڕاگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ خەندان نێردراوە ئاماژەی بەوەکرد لە ساڵی 2016 توانرا بڕی بیست ملیۆن دۆلار بۆ بواری پاککردنەوەی ناوچە پیسبووەکان بە مین و تەقەمەنی و پاشماوە جەنگیەکان تەرخان بکرێت.
وتیشی هاتنی ئه و بڕە پارەیە بۆ هەرێم لەم قەیرانە داراییە کاریگەری باشی بەسەر هەرێمەوە هەیە.
سەرۆکی دەزگای مین باسی لەوەشکرد، بەبەراورد بە ساڵانی ڕابردووش هاتنی کۆمپانیا و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی بواری مین بۆ هەرێمی کوردستان بۆ 25 کۆمپانیاو ڕێکخراو زیادی کردووە.
دەزگای گشتی کاروباری مین دامەزراوەیەکی #حکومەتی هەرێمی کوردستان# و سەر بە ئەنجومەنی وەزیرانە، تائێستا لە %65ی خاکی کوردستانی لە مین و تەقەمەنی پاککردووەتەوە لە پلانیشدا هەیە ئەگەر بودجه و کەرەستەی تەواوی بۆ دابین بکرێت بۆماوەی 10ساڵی تر کۆتایی بە مین و تەقەمەنی بهێنێت لە هەرێمی کوردستان.
12-02-2017