دواڕۆژ، ئارام سەعید
بەڕێوەبەری سامانی ماسی لەوەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، بەرهەمی ماسی کوردستان لەساڵی ڕابردوو بەراورد بەساڵی 2015 بە ڕێژەی 15% زیادیکردوە و چاوەڕوان دەکرێت ئەمساڵ بە جێبەجێکردنی پلانی دانانی باج بەرهەمی ناوخۆ زیاتریش بکات.
سیروان سەعید، بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەدواڕۆژی ڕاگەیاند لەسەر ئاستی کوردستان 380 پڕۆژەی مۆڵەتپێدراوی بەخێوکردنی ماسی لەکوردستان هەیە، بەڵام بەشێک لە بەرهەمی ناوخۆ لەئەنجامی نەبوونی باج لەسەر بەرهەمی هاوردە و قەیرانی دارایی ڕووبەڕووی فشار بوونەوە.
وتیشی قەیرانی دارایی کاریگەری ڕاستەوخۆی لەبەدەمەوە هاتنی خەڵکێکی زیاتر بۆ بنیاتنانی پڕۆژەی ماسی هەبووە، بۆ ئەمساڵیش لەپێناو پاراستنی بەرهەمی ماسی خۆماڵی و پەرەپێدانی زیاتری پڕۆژەکان بڕیاردراوە لەبەرامبەر هاوردەکردنی هەر کیلۆیەکی ماسی فرێش بڕی 500 دینار و بەستوو 200 دینار وەک باج لە بازرگانان وەربگیرێت.
ئاماژەشی بەوەکرد، بەرهەمی ساڵانەی هەرێمی کوردستان لە ماسی نزیکەی 4000 تەنە، ئەمە لەکاتێکدایە بۆ پڕکردنەوەی پێویستی ناوخۆ، ساڵانە 6000 تەن ماسیمان پێویستە، بەڵام بەهەڵسەنگاندنی داتاکانی نێوان ساڵی 2015 بەراورد بەساڵی 2016 بڕەکەی لەساڵی ڕابردوو 15% زیادیکردووە.
20-02-2017