دواڕۆژ، کۆچەر عەلی
بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەکانی هەرێم، ڕایدەگەیەنێت، بۆ نۆژەنکردنەوەی سێ بەنداو هەر یەکە لە حکومەتی عێراقی و هەرێم بڕی 14 ملیار دیناریان تەرخانکردوە و بۆ نۆژەنکردنەوەی چەند بەنداوێکی تریش داوای یەک ملیار دیناریان لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کردوە.
ئەکرەم محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەکان لە وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێم بۆ دواڕۆژ ئەوەی خستەڕوو حکومەتی عێراقی بڕی 11 ملیار و 500 ملیۆن دیناری بۆ نۆژەنکردنەوەی هەردوو بەنداوی دەربەندیخان و دوکان تەرخان کردوە.
بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەکان ڕاشیگەیاند ئەو پارەیەی حکومەتی عێراقی بۆ نۆژەنکردنەوەکە تەرخانی کردوە دراوەتە لیژنەیەکی تایبەت و بەپێی قۆناغی دەستپێکردنی کاری نۆژەنکردنەوەی هەردوو بەنداوەکە خەرج دەکرێت لەگەڵ ئەوەشدا حکومەتی هەرێمیش بڕی دوو ملیار و 200 ملیۆن دیناری تری بۆ نۆژەنکرنەوەی بەنداوی دهۆک تەرخان کردوە.
ئەکرەم محەمەد، ئاماژەی بەوەشکرد بۆ نۆژەنکردنەوەی هەندێ بەنداوی تر داوایان لە ئەنجومەنی وەزیران کردوە، بەڵام تائێستا بڕیاری خەرجکردن لەسەر ئەو بڕە نەدراوە.
لە هەرێمی کوردستان 15 بەنداوی گلدانەوەی ئاو هەیە و ژمارەیەکی تریش لەژێر دیزاین و دروستکردندان.
20-02-2017