دواڕۆژ، عیسا عەبدولقەهار
لەم دیمانەیەی دواڕۆژدا، بەڕێوەبەری گشتی باج و خانووبەرەی هەرێم، ئاماژە به و ڕێکارە یاسایانە دەکات کە بۆ وەگرتنی باج دەگیرێنەبەر و دەڵێت ڕێگری دەکەین لە سەفەرکردنی ئه و خاوەن کۆمپانیایانەی باج نادەن.
ئه و بەرپرسەی #وەزارەتی دارایی و ئابووری# هەرێم ڕوونیدەکاتەوە، بەهۆی دواکەتنی بودجەی ساڵانەیان، کۆمپانیاکان بە بڕی یەک ملیار دینار سزادراون، دەڵێت نزیکەی هەشت هەزار کۆمپانیای وەهمی لە کوردستان هەن، هەروەها نزیکەی 600 کۆمپانیاش بەهۆی نەدانی باجەوە لە هەولێر و سلێمانی دراونەتە دادگا.
دواڕۆژ: چاکسازییەکان بۆ ڕێکخستنەوەی باج لە هەرێمی کوردستان بەکوێ گەیشتن و تائێستا ڕێژەی چەندی چاکسازییەکان جێبەجێکراون؟
کەمال وەرتی: چاکسازییەکان بە دیدگای ئێمە دەبێت لە کۆی سیستمی باج لە کوردستان بکرێت، تائێستا هەندێک چاکسازیمان کردووە بەڵام پێمانوایە بەشێک لە چاکسازییەکان پەیوەستن بە یاساو ڕێسا باوەکان و هەندێکی تریشیان پەیوەندییان بە میکانیزم و ئالیەتی ئامرازەکانی کارپێکردن لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی باج و خانووبەرەی هەرێمەوە هەیە، ئێمە لە ماوەی ڕابردوودا کۆمەڵێک فەرمانبەر کە سەرپێچیان کردبوو، لێژنەی لێکۆڵینەوەمان بۆ پێکهێنان و ڕێکاری یاساییان بەرامبەر کرا و هەندێک لەوانە درانە دادگای نەزاهە و هەندێکی تریشیان ڕێکاری ئیدارییان بەرامبەر گیراوەتەوەبەر، بەڵام ئەوەی گرنگە ئه و چاکسازییانە بەردەوامیان دەبێت.
دواڕۆژ: ژمارەی ئه و فەرمانبەر و بەرپرسانە چەندە کە دراونەتە دادگا و چ جۆرە گەندەڵیەکیان کردووە و کەیسەکانیشیان بەکوێ گەیشتووە؟
کەمال وەرتی: ئەوانە ژمارەیەک لە فەرمانبەری باجەکان بوون، هەندێک کاری نایاساییان کردبوو، لەوانە بەشێکیان ڕێژەی وەرگرتنی باجی ساڵانەی خانوو و کۆمپانیایان کەمکردبووە، بەشێکی تریشیان باجیان زیاد وەگرتبوو، بۆیە ئێستا دراونەتە دادگا و لە قۆناخی لێکۆڵینەوەدان.
دواڕۆژ: ژمارەی ئه و کۆمپانیایانە چەندە کە بەهۆی دواکەتنی بودجە و نەدانی باجی ساڵانەوە دراونەتە دادگا؟
کەمال وەرتی: لە هەولێر 290 کۆمپانیا و لە سلێمانی 300 کۆمپانیا بەهۆی دواکەوتنی بودجەکانیان دراونەتە دادگا و لە ئەنجامی ئه و دواکەوتنەش بڕی یەک ملیار دیناریان وەکو غەرامەی دواکەتن لێ وەرگیراوە.
دواڕۆژ: ئێوە بەرنامەیەکتان هەبوو سەفەر له و کەسانە قەدەغە بکەن کە باج نادەن؟ ئه و بەرنامەیەتان جێبەجێکرد، ئێستا سەفەر لە چەند کەس قەدەغە کراوە؟
کەمال وەرتی: بەرنامەمان هەیە کە کۆمەڵێک پڕۆسەی ئیداری و ڕێکاری یاسایی دژی ئه و کەسانە بگرینەبەر کە باج نادەن، بەدڵنیایەوە ئه و بەڕێزانەی باج نادەن سەفەریان لێ قەدەغە دەکرێت، بەڵام ئەوە دوای ئەوەی کە هەندێک ڕێکاری یاسایی دژیان دەگیرنەبەر.
دواڕۆژ: بەپێی زانیاری و بەدواداچوونەکانمان، لە کۆی 25 هەزار کۆمپانیا نزیکەی هەشت هەزاریان باج نادەن، جگە لە ڕێگریی لە سەفەرکردن، چ ڕێکارێکی تری یاسایی بۆ وەرگرتنی باج دەگرنەبەر؟
کەمال وەرتی: ڕاستە نزیکەی 25 هەزار کۆمپانیا تۆمارکراون، بەڵام لە کۆی ئه و ژمارەیە 18 هەزار کۆمپانیا مەلەفیان هەیە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی باج و نزیکەی هەشت هەزار کۆمپانیاش هیچ مەلەفێکیان نییە و زۆربەیان کۆمپانیای وەهمین و بۆ مەبەستی تایبەت دروستکراون، لەوانە بۆ داخیل بوون لە تەندەرین یاخود هاوردەکردنی کاڵای تایبەت یاخود بۆ وەرگرتنی ناسنامەی ژووری بازرگانی و پیشەسازی یاخود بۆ وەگرتنی فیزای وڵاتان، بەڵام ئه و کۆمپانیا وەهیمانە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان لێ بەرپرسە، چونکە هەر کۆمپانیایەک ئەگەر بۆ ماوەی سێ ساڵ خەسارەتی هەبوو، پێویستە پاکتاوبکرێت و نەینێرن بۆ باجەکان، ئه و مەفەلە مەلەفێکی گەورەیە و چارەسەرکردنێکی یاسایی پێویستە.
دواڕۆژ: ئه و پاداشتەی کە ساڵی پار سێ مانگ جارێک بە فەرمانبەران دەدرا، بڕیارێک هەبوو کە بڕەکەی زیاد بکرێت و ماوەی مانگەکانیش کەمبکرێتەوە؟ ئه و بڕیارە ئەمساڵ جێبەجێ دەکرێت؟
کەمال وەرتی: بەڵی بڕیاردراوە کە ڕێژەکەی زیادبکرێت و ماوەی مانگەکانیش کەمبکرێتەوە، پاداشتەکە لە سێ مانگەوە دەکرێتە دوو مانگ و ڕێژەکەشی لە 100 هەزار دینارەوە دەکرێتە 120 هەزار دینار، ئه و بڕیارە لەلایەن بەڕێز بریکاری وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم دەرچووە و لە 1ی کانوونی دووەمی 2017ەوە جێبەجێ دەکرێت.
دواڕۆژ: بۆچی لە کوردستان باج کەم وەردەگیرێت، ئه و کێشەیە پەیوەندیی بە چیەوە هەیە؟
کەمال وەرتی: هۆکارەکان زۆر و فرە ڕەهەندن، یەکێک لەوانە کەمی کادری شارەزا و پسپۆڕە، هەروەها بوونی بیرۆکراتیەت و ڕێکاری ئاڵۆز، لەگەڵ نەبوونی چاوێری و بەدواداچوونی ورد و نەبوونی ڕوئیایەکی فراوان لەلایەن حکومەتی هەرێم، ئەوانە هەمووی هۆکارن، بۆیە کۆی سیستمی باج لە کوردستان لەژێر پرسیاردایە و پێویستە گۆڕانکاریی بکرێت، خۆشبەختانە حکومەتی هەرێم دەستیکردووە به و گۆڕانکاریانە و ئێستا لە ڕێگەی تیمی شارەزایانی لوبنانیەوە گۆڕانکاریی لە کۆی سیستمی باج لە کوردستان دەکرێت.
دواڕۆژ: لە ساڵی 2014 دا بڕی باج 200 ملیار دینار و لە 2015 دا بڕەکەی زیادبوو بۆ 210 ملیار دینار، لە ساڵی 2016دا ئه و ڕێژەیە چەندی زیادبووە و ئایا بۆ ئەمساڵ بەهۆی ئه و گۆڕانکاریانەوە ڕێژەکە زیاتر دەبێت؟
کەمال وەرتی: لە ساڵی 2016 دا کۆی باج نزیکەی 200 ملیار دینار بووە، بەڵام ئەگەر ئه و نەخشەڕێگایە جێبەجێ بکرێت ئەوا ڕێژەی باج زیاد دەکات نەک کەم، هەرچەندە ئەمساڵ کۆمەڵێک کۆمپانیا ئیفلاسیان کردووە، هەروەها کۆمەڵێک کەس وەکو پێویست داهاتیان نییە. لەلایەکی ترەوە نرخی خانوو بە ڕێژەی 50% کەمبۆتەوە، بەڵام پاڵپشت به و نەخشەڕێگایەی هەمانە، هەوڵ دەدەین ڕێژەی باج زیاد بکەین.
دواڕۆژ: چۆن مامەڵە لەگەڵ ئه و کۆمپانیایانە دەکرێت کە بۆ ماوەی چەند ساڵێک مۆڵەتی کۆمپانیا و کاریان نوێ ناکەنەوە؟
کەمال وەرتی: سەرەتا هەموو کۆمپانیا و خاوەن کارێک ئاگاداردەکرێنەوە، دواتر ئەگەر نەهاتن ئەوا تەقدیری ئیدارییان بۆ دەکەین، بەڵام ئەگەر هەر ئامادەنەبوو بێت ئەوا وەکو کۆمپانیاکانی تر سەفەریان لێ قەدەغە دەکرێت. هەرچەندە ئێمە کێشەیەکی ترمان هەیە ئەویش ئەوەیە تائێستا لە کوردستان کار بە یاسای ژمارە 113ی ساڵی 1982ی باج لە عێراق دەکرێت، ئه و یاسایە کۆنە و ڕێگریی زۆری بۆ دروستکردووین و بەنیازین لەگەڵ کارابوونەوەی پەرلەماندا یاساکە هەمواربکەینەوە.
دواڕۆژ: دەوترێت ئێوە لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا بەهۆی خۆپیشاندانەوە ژمارەیەک فەرمانبەرتان گواستووەتەوە، ئه و دەنگۆیانە ڕاستن؟
کەمال وەرتی: هیچ فەرمانبەرێک لەسەر خۆپیشاندان و بۆچوونی ئازاد سزانەدراوە، بەڵکو گواستنەوەی فەرمانبەران لەسەر ئەنجامنەدانی ئەرکەکانیان بووە، نەک خۆپیشاندان.
دواڕۆژ: جگە لە زیادکردنی باج لەسەر زێڕەنگەران، بەنیازن باج لەسەر چ پیشەیەکی تر زیاد بکەن؟
کەمال وەرتی: تەنیا نزیکەی 15% ی باج لەسەر پیشەی زێڕەنگەران زیادکراوە، شایەنی ئەوە نییە باسبکرێت، چونکە پێشووتر زۆر کەم بوو، بەڵام بەدڵنیایەوە باج لەسەر پیشەی پزیشکان و هەندێک لە فیتەرەکان و دەرمانخانە و هەموو ئەوانە زیاد دەکەین کە باجی کەمیان لێ وەردەگیرێت، ئەوە دوایی دیراسەی دەکەین و باجەکە بە قۆناغبەندی لەسەریان زیاد دەکرێت. مەبەست لە زیادکردنی باج سزادانی خاوەن کۆمپانیا و خاوەن کار نییە، بەڵکو ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان و دادگەرییە، بۆیە داواکارین لە ڕاگەیاندنکاران و کەناڵەکان هاوکاریمان بکەن بۆ ئەنجامدانی چاکسازی لە باج، چونکە ئه و کارانەی ئێمە دەیکەین بۆ خزمەتی گەل و بۆ چاککردنی باری شانی حکومەتە. هاوکات ڕێکخستنەوەی باج واتە بەهێزکردنی دەوڵەت و دابینکردنی دادگەریی کۆمەڵایەتی، چونکە ئەگەر باج وەکو خۆی وەربگیرێت ئه و هەموو ملیۆنێر و میلیاردێرە بە ئاسانی دروست نابێت، ئەگەر سیستمێکی ڕێکوپێک هەبێ بۆ وەرگرتنی باج ئەوا ڕێگریی لە دەوڵەمەندبوونی نایاسایی دەکرێت.
21-02-2017