دواڕۆژ، ئارام سەعید
بەپێی ئامارێکی #وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی# ژمارەی ئەو کرێکارە بیانییانەی کە لەساڵی ڕابردوو داوای ڤیزەی کارکردنیان لەهەرێمی کوردستان کردوە 4 هەزار و 815 کریکار بوون و لە 33 وڵاتی جیاوازەوە هاتوون.
هەمزە مەغدید، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بەدواڕۆژی ڕاگەیاند ژمارەی کۆمپانیا تۆمارکراوەکانی هێنانی کرێکاری بیانی 165 کۆمپانیایە، لەو ژمارەیە نزیکەی 50 کۆمپانیایان کاران و بەبەردەوامی کاری هێنانی کرێکاری بیانی بۆ کوردستان ئەنجامدەدەن، لەساڵی ڕابردووش لە 33 وڵاتی جیاوازەوە کرێکاریان بۆ کوردستان هێناوە.
وتیشی لە ساڵی ڕابردوو 4 هەزار و 815 کرێکاری بیانی داوای ڤیزەیان کردوە، بەڵام تەنیا 4 هەزار و 589 کەسیان ڤیزەیان وەرگرتووە، بەڵام هەزار و 356 کرێکار کە ڤیزەیان وەرگرتووە نەهاتوون و هەروەها 22 کەسیان ڤیزەیان ڕەتکراوەتەوە.
سەبارەت بەئاستی کرێکاری ناو ماڵ و پڕۆژەکان، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی کار باس لەوەدەکات، زۆرینەی کرێکارانی بیانی کرێکاری ماڵان و دەڵێت لەو ژمارەیە 3 هەزار و 200 کرێکاری ماڵان و هەزار و 389 کرێکاری پڕۆژەن، بەڵام کرێکارانی هاتوو بۆ هەرێمی کوردستان لەساڵی ڕابردوو لە 33 وڵاتی جیاواز هاتوون کە زۆرینەیان خەڵکی وڵاتانی فلیپین و ئەندەنوسیا و هیندی و جۆرجیا و پاکستانین.
24-02-2017