دواڕۆژ، عیسا عەبدولقەهار
بڕیارێکی نوێی ئەنجوومەنی ئابووری هەرێمی کوردستان بۆ فرۆشتنی کارگەکان حکومییەکان ڕووبەڕووی ڕەخنە دەبێتەوەو شارەزایانی ئابووریش پێیانوایە فرۆشتنی ئەو کارگانە زیانی گەورەی ئابووری بۆ کوردستان دەبێت، پێویستە ئەنجوومەنی ئابووری بڕیارەکە هەڵبوەشێنێتەوە.
لە 27ی شوباتی 2017، ئەنجوومەنی ئابووری هەرێمی کوردستان، کە لە سەرۆک و جێگری سەرۆک و وەزیری دارایی و ئابووری و وەزیری پیشەسازی و پلانان و سەرۆکی یەکێتی ژوورەکانی بارزگانی و پارێزەکان پێکدێت، بڕیاریدا 32 کارگەی حکومی بفرۆشێت، ئەمەش نیگەرانی و ناڕەزایی لێکەوتۆتەوە.
ئەیوب سماقەیی، مامۆستا لە کۆلێژی ئابووری زانکۆی سەلاحەدین بە دواڕۆژی ڕاگەیاند ئەوەی ئێستا لە دونیاد باوە هاوبەشیکردنە لەنێوان کەرتی تایبەت و کەرتی گشتی، بۆیە دەکرێت ئەو کارگانە نەفرۆشرێن بەڵکو بەهاوبەشی لەگەڵ کەرتی تایبەت زیندووبکرێت و ئامێرو پێداویستی بۆ بکڕێت.
راشیگەیانددەبوو حکومەت لەبری فرۆشتنی ئەو کارگانە، کارگەی نوێ دروست بکات و کارگە کۆنەکانیش نۆژەن بکاتەوە، بەڵکو دەفرەتی کارو بەرهەمی ناوخۆیی لە کوردستان زیادبکات، بەڵام ئێستا کە ئەنجومەنی ئابووری بڕیاری فرۆشتنی کارگەکانی داوە، زیانی زۆر گەورەی دەبێت، چونکە دەستی کارو بەرهەمی ناوخۆیی کەم دەبێت و بەرهەمی هاوردەش زیاد دەبێت وبۆیە من بڕیارەکەی حکومەت بە هەڕاجکردنی کارگە حکومییەکان دەزانم.
ئەو ئابووریناسە، گومانی لەسەر شێوازی داهاتی فرۆشتنی کارگەکان هەیەو دەپرسێت ئەو کارگانە بەچەندو بەکێ دەدرێت و داهاتەکەی بۆ کێ دەچێت؟، بەڵام بەداخەوە لە کوردستان هەرپرسیارێک لەبارەی داهاتەوە بکرێت، وەڵام نادرێتەوە.
بڕیاری فرۆشتنی کارگەکان، لەکاتێکدایە بەپێی ئامارێکی یەکێتی هاوردەو هەناردەکارانی کوردستان، ساڵی ڕابردوو بایی پێنج تریلیۆن و 151 ملیار دینار کەلوپەل هاوردەی هەرێمی کوردستان کراوەو بە بەراورد لەگەڵ ساڵی 2015 هاوردەکردن بە بڕی زیاتر لە 400 ملیار دینار زیادیکردووە، بەڵام بەهۆی نەبوونی کارگەوە تەنیا چەند بابەت و خۆراکێکی کەم هەناردەی دەرەوەی کوردستان کراوە.
دارا جەلیل خەیات، سەرۆکی یەکێتی ژوورە بازرگانی هەرێم بە دواڕۆژی ڕاگەیاند حکومەت پێیوایە ناتوانێت ئەو کارگانە نۆژەن بکاتەوە، بۆیە بڕیاری فرۆشتنیانی داوە، بەڵام ئەگەر بتوانرێت چاک بکرێنەوەو دووبارە سوودیان لێ وەربگیرێتەوە ئەوا پێویستە نەفرۆشرێن.
وتیشی دەبێت حکومەت گرنگی زیاتر بە کەرتی پیشەسازیی و بارزگانی بدات، بەڵام بەشێوەیەک ئەو گرنگیدانە هاوتەریب بێت لەگەڵ کەرتی تایبەت نەک کەرتی پیشەسازیی حکومی پەراوێزبخرێت.
ماجد عوسمان، سەرۆکی لێژنەی بازرگانی پەرلەمانی کوردستان بە دواڕۆژ ئاماژە بەوەدەکات کە حکومەت 17 ساڵ پێش ئێستا دەستی بە هەڕاجکردن و هەڵوەشاندنەوەی کارگەکان کردووە، لەمبارەیەوە دەڵێت پێش ساڵی (2000) کە گوزەرانی هاوڵاتیان باشبوو، حکومەتی هەرێمیش تووشی قەیرانی دارایی نەببوو، بەڵام ئەوکات کۆمەڵێک کارگەی بۆ بەرژەوەندی کۆمەڵێک خەڵک هەڵوەشاندەو لەکاریخستن لەوانەش کارگەی چنین و کارگەی مافوورو دۆشاوی تەماتەو چەند کارگەیەکی تر، کە بەداخەوە خەڵکێکی زۆر کاریان تێَددەکرد و کەرتی پیشەسازی و بازرگانی بەشێوەیەکی باش بەرەوپێشەوە دەچوو.
وتیشی فرۆشتنی ئەو کارگانە هەڵەیەکی ئابووری گەورەیەو ناکرێت حکومەت چاو لە فرۆشتنی نەوت بکات و گوێ بە کەرتی بازرگانی و پیشەسازی نەدات و تەنیا خەجت لەپەرەپێدانی نەوت بکات، ئەمە زیانێکی زۆری بەدواوە دەبێت.
لەبارەی بڕیاری فرۆشتنی کارگە حکومییەکان، ئاراس ڕەئوف، بەڕێوەبەری گشتی گەشەپێدانی بارزگانی و پیشەسازی لە وەزارەتی بارزگانی و پیشەسازی هەرێم، کە یەکێکە لەوانەی پێشنیاری فرۆشتنی کارگەکانی داوە بە دواڕۆژی ڕاگەیاند هەموو ئەو کارگانەی دەفرۆشرێن، کارگە نین بەڵکو هەندێکیان تەنیا هۆل و زەویەکەی ماوەو هیچ ئامێرێکی باشی تێدانییە، بەشێکیش لەوانەی بڕیاری فرۆشتنیان دراوە بۆ ساڵانی حەفتاکان دەگەڕینەوە و بەکەڵکی کارکردن نایەن و ناتوانن ڕکابەری کارگەی پێشکەوتووەکان بکەن بۆیە بڕیاری فرۆشتنیان دراوە.
وتیشی حکومەتی هەرێم توانای نییە ئامێرو پێداویستی بۆ تەنیا یەک کارگە بکڕێت، چۆن دەتوانێت ئامێری پێشکەوتو و سەردەمیانە بۆ 32 کارگە بکرێت و نۆژەنیان بکاتەوە؟، لەبەرئەوەی ئەو کارگانەی کە دەفرۆشرێن بە سەرمایەدارو بازرگانان یەکێک لە مەرجەکان ئەوەیە، کە دەبێت وەک کارگە بمێنێتەوە.
ئەو کارگانەی بڕیاری فرۆشتنیان دراوە، پێکدێت لە کارگەی زەیتی زەیتوون و بەفرو ڕستن و چنین و دۆشاوی تەماتەو چەند جۆرێکی تر.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم، ئاماژە بەوەشدەکات بەهۆی قەیرانی داراییەوە لەئێستادا ژمارەی کارگە حکومییەکان لە پەنجەی دەست تێپەڕناکات، بەڵام زیاتر لە سێ هەزارو 500 کارگەی ئەهلی لە کوردستان هەیە.
لەبارەی ئەو کارگە حکومیانەش کە بەهاوبەشی لەگەڵ کەرتی تایبەت بەڕێوەدەبرێت، بەرپرسەی وەزارەتی بازرگانی وتی ژمارەی کارگە حکومی زۆر کەمە، بەڵام ئەوانەی بەهاوبەشی لەگەڵ کەرتی تایبەت بەڕێوەدەبرێت، تەنیا دوو کارگەیان سەرکەووتنیان بەدەست هێناوەو بەرهەمی باشیان هەبووە، ئەوانی تر سوودو بەرهەمی باشیان نەبووە.
لەبارەی بڕی ئەو پارەیەی کە حکومەت لە فرۆشتنی ئەو کارگانە دەستیدەکەوێت، بەڕێوەبەری گەشەپێدانی پیشەسازی ئاماژە بەوەدەکات کە پارەکە زۆرە، بەڵام تائێستا بڕیارەکەی و شێوازەکانی فرۆشتنی دیارینەکراوە.
08-03-2017