دواڕۆژ، زریان محەمەد
هاوکات لەگەڵ بەردەوامی قەیرانی دارایی وئابووری لە هەرێمی کوردستان، تادێت نرخی زەوی و خانوبەرە ڕوو لە دابەزینەو بازاڕی نوسینگەکانی فرۆشتن و بەکرێدانی خانووش کارەکانیان ڕاوەستاوە.
کاوان ئەحمەد، کە ماوەی (13) ساڵە کاری کڕین و فرۆشتنی زەوی دەکات بەدواڕۆژی ڕاگەیاندبازاڕی زەوی و خانوو پەیوەندی بەسەر ڕەوشی سیاسی وڵات و ئابورییەوە هەیە ئەگەر سیاسەت لەناوچەکە جێگیربێت و لایەنەکان کێشەیان نەبێت خەڵک ترسی نیە پارە بخاتە ئیشەوە و زەوی و خانوو بکڕێت، و لەئێستادا کە قەیرانی دارایی بەردەوامە هاوڵاتیانیش ترسیان هەیە لەدرێژە کێشانی قەیرانەکە، بۆیە ناوێرن زۆر خەرجی بکەن و پارە بەهەدەربدەن ئەو پارەیەی بەدەسیانەوەیە بیدەن بە زەوی یان خانوو.
راشیگەیاند بازاڕی زەوی پەیوەندی بە شوێنی زەوییەکەوە هەیە، هەندێک شوێن کە خزمەتگوزاریی بۆ چووە نرخی زەویەکە پارەی باشتر دەکات، ئەو شوێنەش کە خزمەتگوزاری نیە پارەی کەم دەکات.
وتیشی ئەو زەویانەی پێش قەیرانی دارایی نرخەکەی 100.000 دۆلار (10 دەفتەر) بوو، ئێستا بە 60.000 دۆلار (6 دەفتەر دۆلارە)، ئەوەش پەیوەندی بەو بێ بازاڕییەوە هەیە، هەندێک خەڵکیش هەیە لەم قەیرانەدا کە خاوەنی پارەی زۆرە زەوی دەکڕێت، چونکە بیر لەوە دەکاتەوە پێشبینی دەکات کە قەیرانەکە درێژە ناکێشێت و زەویەکەی نرخەکەی بەرز دەبێتەوە.
هاوکات ڕێبین ڕەشید کە خاوەنی تەلارێکی بازرگانی و چەندین شوقەی تێدایە ئەو بەدوڕۆژی وتتا ئەوکاتەی ئاوارەی عەرەب دەهاتە سلێمانی بەکرێدانی شوقەکانمان زۆر باشبون، بەڵام لەگەڵ گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانی خۆیان شوقەکانمان چۆڵبون و نرخیشیان کەمبۆتەوە.
ئاماژەی بەوەشدا کرێی شوقە پەیوەندی بە مواسەفاتی شوقەکانەوە هەیە، شوقە هەیە ڕاخراوە گرانە، شوقەش هەیە هیچی تێدانیە هەرزانە، بەڵام بەگشتی نرخی کرێی شوقەیەک 100 بۆ 200 دۆلار هاتۆتە خوارەوە.
لای خۆشیەوە عەتا حاجی ڕەجەب، ئەندامی ئەنجومەنی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بەدواڕۆژی ڕاگەیاند ڕەوشی ئابووری لە هەرێمی کوردستاندا باش نیە، بەهۆی ئاڵۆزیی سیاسی لە کوردستاندا، هەرکاتێکيش پێکهاتە سیاسیەکان ڕێکبکەون ئەوکاتە ڕەوشی ئابوریش باش دەبێت، چونکە سیاسەت و ئابووری پێکەوە گرێدراون، ئەگەر سیاسەتێکی جێگیر لە ناوچەکەدا دروستبێت، ئەوکات ئابووریش بەرەو باشی دەڕوات، ئەگەرنا لە ئێستادا ڕەوشی ئابووری زۆر خراپە.
ڕاشیگەیاند بازاڕی زەوی و خانوو پێکەوە لەگەڵ ئابووری یەک دەگرێتەوە بۆیە لەئێستاشدا بەهۆی کەمی پارەو ترسی هاوڵاتیان بازاڕی خانووبەرە سست بوە.
13-03-2017