دواڕۆژ، عیسا عەبدولقەهار
بەڕێوەبەری کارگەی غازی هەولێر ئاشکرایدەکات، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان پێیڕاگەیاندوون بەهیچ شێوەیەک کارگەی دابەشکردنی غازی هەولێر نادرێتە کەرتی تایبەت و نافرۆشرێت، بەڵکو لای حکومەت دەمێنێتەوە.
کارگەی دابەشکردنی غازی هەولێر، لەسەر ڕووبەڕووی (40) دۆنم زەوی لەرۆژئاوای شاری هەولێر بونیادنراوە و ڕۆژانە لە یەک شەفتی کارکردندا توانای پڕکردنی هەشت هەزار بوتڵ غازی هەیە و بەپێی بەدواداچوونی لیژنەیەکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، کارگەکە بە شەش ملیار دینار خەمڵێندراوە.
لەوبارەیەوە نافیز مستەفا، سەرۆکی پیشەسازی و سامانە سروشتییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە دواڕۆژی ڕاگەیاند خەمڵاندنی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ کارگەکە، گومانی ئەوەی لای دروستکردووین کە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەیەوێت کارگەکە بە کەرتی تایبەت بفرۆشێت، بۆیە ئێمە وەکو لیژنەی پیشەسازی ئەنجوومەنی پارێزگا ڕاپۆرتێکمان داوەتەوە ئەنجوومەن و نابێت ڕێگە بەفرۆشتنی کارگەکە بدرێت.
وتیشی بەفرۆشتنی کارگەکە، کێشەی قەیرانی غاز لە سنووری پارێزگای هەولێر سەرهەڵدەدات چونکە نرخەکەی گران دەبێت و حکومەت ناتوانێت کۆنترۆڵی نرخەکەی بکات.
لەبارەی فرۆشتنی کارگەکە، بەخیتار پشدەری بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارگەی غازی هەولێر بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، دوای خەمڵاندنی کارگە مەترسی لەسەر فرۆشتنی کارگەکە دروستبوو، بەڵام پاش بەدواداچوون و ڕوونکردنەوەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان پێمانڕاگەیاندرا، کە بەهیچ شێوەیەک کارگەکە بە کەرتی تایبەت نافرۆشرێت، بەڵکو هەر بەوشێوەیەی کە هەیە لەلای حکومەت دەمێنێتەوە.
12-03-2017