دواڕۆژ، نوسینگەی هەولێر
سەرپەرشتیاری فیدراسیۆنی پەنابەران ئاشکرایدەکات، لە ساڵی ڕابردووەوە 60 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە کۆچیان کردووه و زیاتر لە 138 کەسیان لە ئاودا خنکاون و 52 لەوانەش تاوەکو ئێستا بێ سەروشوێنن.
ئاری جەلال، سەرپەرشتیاری فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی هەرێمی کوردستان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند لەساڵی 2016 وە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 60 هەزار هاوڵاتی لەهەرێمی کوردستانەوە بۆ هەندەران کۆچیانکردووە، بەشێکیشان لە دەریادا خنکاون بەشێکیشیان بەهۆکاری جیاجیا گیانیان لەدەستداوە، لە کۆی ئەوانەی لەو ڕێگایەدا گیانیان لەدەستداوە، زیاتر لە 138 کەسە و نزیکەی 52 هاوڵاتیش تاوەکو ئێستا بێ سەروشوێنن.
سەرپەرشتیاری فیدراسۆنی پەنابەران، ئەوەشی خستەڕوو، لە دوو ساڵی ڕابردوو شاڵاوێک لە هاوڵاتیان لەهەرێمی کوردستان کۆچیان کرد، تائێستاش کۆچکردن بەردەوامی هەیە و پێشبینیدەکرێت لە بەهاری ئەمساڵەوە کۆچکردنی هاوڵاتیان بە ڕێژەیەکی زیاتر دەستپێبکاتەوە، چونکە هێشتا بارودۆخی ئابووری و سیاسی و ئەمنی وەک ساڵانی ڕابردووە.
ئاری جەلال، ڕوونیشیکردەوە حکومەتی هەرێم تائێستا کاریان لەسەر گەڕاندنەوەی تەرمی 120 هاوڵاتی کردووە، هەروەها 52 کەسی بێسەروشوێنیش لەلایان تۆمارکراوه و بەدواداچوونی بۆ دەکەن.
20-03-2017