دواڕۆژ، هۆگر کەمال
وتەبێژی گەشتوگوزاری سلێمانی ئاشکرای دەکات کە تا ئەمڕۆ یەکەم ڕۆژی نەورۆز، زیاتر لە 30 هەزار گەشتیار ڕوویان لە پارێزگاکەمان کردووە کە زۆرینەیان بە ڕەگەز عەرەبن.
ئارام شوانی، وتەبێژی گەشتوگوزاری سلێمانی، بە دواڕۆژی وت لە ڕۆژی 15ی ئازارەوە تاوەکو ئەمڕۆ یەکەم ڕۆژی نەورۆز، زیاتر لە 30 هەزار گەشتیار ڕوویان لە پارێزگای سلێمانی کردووە.
وتیشی لە 60%ی ئەو گەشتیارانە عەرەبن و لە 40%یشیان ئێرانین کە لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی سلێمانی و مەرزی باشماخ و دەروازەکانی (عەربەت و تاسڵوجە و کەڵەوانان)ەوە هاتوون.
ئاماژەی بەوەشدا تا چوار ڕۆژی دیکە ئاماری هاتنی گەشتیاران وەردەگرین، ئەگەری ئەوە هەیە لە کۆتا ئاماردا هاتنی گەشتیار لەمساڵدا بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ببێتە دوو ئەوەندە کە پارساڵ بە هەموو ڕۆژەکانی نەورۆز 27 هەزار گەشتیار هاتبوون.
ئارام شوانی، باسی لەوەشکرد گەشتیاران هیچ گرفتێکیان نەبووە و سەرجەم هۆتێلەکان کراونەتەوە و بەشی پێویستیش ڕێستۆرانت و چێشتخانەکان کراونەتەوە، ئەوانەشی نەیانکردۆتەوە بەهۆی ئەوەیە زۆرینەی کارمەندەکانیان کوردن و پێویستیان بە پشووە و نانەواخانە و عەلوە و قەسابخانە نین.
وتەبێژی گەشتوگوزاری سلێمانی، ئەوەشی خستەڕوو پێش نەورۆز لە ڕێگەی کارمەندەکانمانەوە لە شار و شارۆچکەکان سەیرانگە و شوێنە گەشتیارییەکانمان پاککردۆتەوە و ئامادەمان کردووە بۆ گەشتیاران و سەیرانکەران.
21-03-2017