ڕۆژنیوز - ناوەندی هەواڵەکان
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کانتۆنی جزیرە ئاماری پێشێلکارییەکان و تاوانەکانی دەوڵەتی تورکی دژی هاوڵاتیانی کانتۆنی جزیرە لە ساڵی 2017دا بڵاوکردەوە.
ئەمڕۆ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کانتۆنی جزیرە ئاماری پێشێلکارییەکان و تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیای دژی هاوڵاتیانی کانتۆنی جزیرە لە ساڵی 2017 بڵاوکردەوە.
لە ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کانتۆنی جزیرەدا هاتووە، کە حکومەتی ئاکەپە فەرمانی داوە بە سەربازەکانی، کە دەستڕێژی گوللە بکەنە سەر ئەو هاوڵاتیانەی ڕۆژئاوای کوردستان کە دەیانەوێت سنوورە دەستکردەکانی نێوان باکور و ڕۆژئاوای کوردستان تێپەڕبکەن، بەو هۆیەشەوە ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانی ڕۆژئاوای کوردستان لە سێ مانگی ڕابردوودا لەلایەن سوپای تورکەوە کوژراون یان برینداربوون.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی داوە، کە ڕۆژی 3ی مانگی 1، سەربازانی سوپای تورک دەستڕێژی گوللەیان کردە سەر سێ کوڕ و کچێکی خێزانێکی خەڵکی تل تەمیرە، ئەو چوار هاوڵاتییە برینداربوون و پاشان ڕەوانەی نەخۆشخانەی ڕۆژی شاری سەرێکانی کران.
لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا ئاشکراکراوە، کە ڕۆژی 25ی مانگی 1، سەربازانی سوپای تورک دەستڕێژی گوللەیان کردووەتە سەر ژمارەیەک هاوڵاتی عەرەب کە بەتەمابوون سنوور تێپەڕێنن، لە ئەنجامدا شەش هاوڵاتی بە سەختی برینداربوون، هەروەها ڕۆژی 26ی مانگی 1 هێرش کرایە سەر سێ هاوڵاتی دیکە بەناوەکانی محەمەد حاجی عەبدوڵا، مەحمود ئیبراهیم و شێران حسێن و لە ئەنجامدا هەر سێ هاوڵاتی گیانیان لە دەستدا، هەر بەدوا ئەودا دەستڕێژی گوللە کرایە سەر چوار هاوڵاتی دیکە و هەر چواریان بە سەختی برینداربوون.
لە ڕاپۆرتەکەدا ڕاگەیەندراوە، کە ڕۆژی 20ی مانگی 2 سەربازەکانی سوپای تورک دوو هاوڵاتییان بە ئامانج گرت، کە دەیانویست لە سنووری گوندی کەمالیە لە ڕۆژئاوای ئامودێوە تێپەڕبن، ئەو دوو هاوڵاتییە کە باوک و کوڕێک بوون هەردوویان بە سەختی برینداربوون.
ڕاپۆرتەکە لەبارەی پێشێلکارییەکانی سوپای تورک لە کانتۆنی جزیرە لە مانگی 3دا ئاشکرای کردووە، کە ڕۆژی 2ی مانگی 3 شوانێک بەناوی محەمەد عەلی حاج ڕەمەدان، تەمەن 61 ساڵ کاتێک سەرقاڵی لەوەڕاندنی مەڕەکانی بوو لەلایەن سەربازەکانی سوپای تورکەوە بە ئامانج گیرا و بەسەختی برینداربوو، ناوبراو گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە و وێڕای هەوڵدانەکانی پزشکان بۆ چارەسەری برینەکانی، گیانی لەدەستدا.
لە بەشی کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە دراوە، کە ڕۆژی 26ی مانگی 3 منداڵێکی شوان لەلایەن سەربازەکانی سوپای تورکەوە دەستڕێژی گوللەی لێکرا و گیانی لە دەستدا.
30-03-2017