شاهۆ حوسێنی
بێگومان ئەکبەری هاشمی ڕەفسەنجانی لەپاش سەرکەوتنی شۆرشی گەلانی ئێران و پاوان کردنی ئەو شۆرشە لەلایەن باڵی ئایینی و بناژۆخواز، یەکێک لە بەدەسەڵاتترین و هێژمۆنترین کەسی نێو بازنەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بەتایبەت لە سەردەمی ڕێبەرایەتیی خومەینی بوو، بەجۆرێک کە لە سەردەمی خومەینی لەگەڵ ئەوەدا کە سەرۆکی پارڵمان بوو لەهەمان کاتیشدا جێگری فەرماندەی هەموو هێزەکانی نیزامی واتە جێنشینی خومەینی بوو، بەگشتی ڕەفسەنجانی چاو و گوێی خومەینی بوو لەنێو دەسەڵاتدا و هیچ پێشنیارێکی ڕەفسەنجانی لەلایەن خومەینییەوە ڕەت نەدەکراوە، ڕادەی دەسەڵاتی ئەو تا ئەو جێگایە بوو، کە بە سازکردنی بیرەوەریەکی ساختە لەپاش مەرگی خومەینی، توانی خامنەیی بکاتە ڕێبەری ئێران بەو نییەتەی کە خامنەیی بە هۆی کەم ئەندامی بخاتە ژێر ڕکێفی خۆی و لە پۆستی سەرۆککۆماریدا بتوانێ دەسەڵات و هێژمۆنی خۆی بەردەوام بکات، بەڵام ئەو لەپاش دوو دەورە سەرۆککۆماری نەیتوانی بۆ جارێکی تر ببێتەوە بە سەرۆککۆمار و سەردەمی لێژبوونی دەسەڵات و هێژمۆنی ئەو دەستی پێ کرد، ئەگەرچی ئەو بۆ پاراستنی دەسەڵاتی خۆی بە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن و ئیزن نەدان بە دەستێوەردانی باڵی ڕاست، سەیید محەممەدی خاتمی هێنایە سەرکار، بەڵام لەلایەن ڕێفۆرمخوازەکانیشەوە کەوتە بەرهێرش و ئیتر بەشیک لە پێگە و دەسەڵاتی خۆی لەدەست دا، هەرچەند لەپاش تەواو بوونی دەورەی دووهەمی سەرۆککۆماری خاتمی، ڕێفۆرمخوازان چوونە ژێر سایە و چەتری دەسەڵاتی هاشمی و، تاراددەیەک پێش گیرا بە لەدەستدانی زیاتری پێگەی ئەو لەبازنەی دەسەڵاتدا، بەڵام ئیتر هیچ کات نەیتوانی وەک کەسی یەکەمی بازنەی دەسەڵات دەور بگێرێت، هەرچەند لەپاش هەڵبژاردنەکەی ساڵی 88 و کوودتای هەڵبژاردن، هاشمی ڕەفسەنجانی زۆر زیاتر کەوتە بە ڕق و هێرشی لایەنگرانی ڕێبەری و قەڵشی نێوان ئەو و خامنەیی قوڵتر بۆوە، بەڵام خامنەیی هیچکات ئەو هێز و وزەیەی نەبوو کە بتوانێ بە تەواوی لە بازنەی دەسەڵات دووری بخاتەوە، هەرچەند بە ڕەد کردنەوەی سەڵاحییەتی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری، گرتن و هێرش کردنە سەر ئەندامانی بنەماڵە و لایەنگرانی حەولی لاواز کردنی دەدا، بەڵام دیسانیش هاشمی هەم لە دەسەڵاتدا هەم لەنێو هێزەنیزامیەکاندا و هەم لەنێو بەشیک لەکۆمەڵگادا وەک کەسێکی لەبەرەی بەرامبەری خامنەیی و ئووسولگەراکان و هەروەها وەک باوکی مەعنەوی ڕێفۆرمخوازان خاوەن پێگە بوو، ئەو دۆخە بەگشتی دیارەدەیک بوو کە بازنەی دەسەڵاتی کردبووە دوو کۆڵەکەیی، ئەگەرچی هێژمۆنی بە ئووسولگەراکان بوو.
بێگومان مەرگی هاشمی ڕەفسەنجانی لەیەکەم هەنگاودا هەواڵیکی خۆش و دڵخوازە بۆ ڕێبەری ئێران کە ڕکەبەرێکی لەو خاوەن پێشینەتر و بەئەزموونتری لەکۆڵ بۆوە، کەسێک کە هێشتا بۆ بەشیکی زۆری ئەندامانی بازنەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی کاریزمایەک بوو لەپاش مەرگی خومەینی، دووهەم بە لەبەرچاو گرتنی نەخۆش بوونی خامنەیی و ئیحتمالی مەرگی ئەو، لە ئارادا نەمانی ڕەفسەنجانی پۆانێکی پۆزەتیڤە بۆ یەکلایی کردنەوەی ڕێبەری داهاتووی موجتەبا یان کەسیکی نزیک لەخۆی و باڵی ئوسوولگەرا، بەگشتی دەشێ بگوترێ کە لە ئارادا نەمانی ڕەفسەنجانی، بەگشتی بەستێن و هەلی زۆر گونجاوتر کرد بۆ بەربڵاوتر کردنی دەسەڵاتی خامنەیی و ئوسولگەرایان و بەجۆرێک ڕێفۆرمخوازانی بێ باوک کرد و زۆر زیاتر لەجاران دەستی باڵی ئوسولگەرا ئاواڵاتر دەبێ بۆ لاوازکردنی ڕێفۆرمخوازان و هێژمۆنتر کردنی دەسەڵاتی خۆیان، ئەو ڕەوتە بەگشتی هەم کار دەکاتە سەر سیاسەتەکانی حکوومەت لەنێوخۆ و هەم کار دەکاتە سیاسەتەکانی حکوومەت لە دەرەوە.
کوردیپێدیا بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم تۆمارە و خاوەنەکەی لێی بەرپرسیارە. کوردیپێدیا بە مەبەستی ئەرشیڤکردن تۆماری کردووە.
ئەم بابەتە 2,869 جار بینراوە
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!