شاهۆ حوسێنی
پێشەکی: گومان لەوەدانییە که ناوەرۆکی زەینی و دەروونیی تاک کاردەکاتە سەر کردەوە و ڕێنوێنی کردەوەی تاکه، لەهەمان کاتیشدا تاک بۆ ڕێکخستن و بەردەوامکردنی کردەوەکانی پێوسیتی به پێکهاتەیەک هەیه که لەم پیکهاتەیەدا ناوەرۆکی زەینیی خۆی به عەینییەت بگەیەنێ، هەر به و پێیەش تاکەکان له بەستێنێکی بەرفراوانتردا به ناوی کۆمەڵگە لێک کۆ دەبنەوه و پێکهاتە زەینییەکانیان لەگەڵ یەک ڕێک دەخەن و پێکهاتەیەکی گەورەتری عەینی هەواهەنگ لەگەڵ پێکهاتەی زەینی، وەک کۆمەڵگە، ڕێکخراوەی سینفی و سیاسی، حیزب و حکوومەت سازدەکەن. دەشێ بگوترێ که پێکهاتەی زەینی، ڕووح و هارمۆنیی تاکەکانه لەناو پێکهاته عەینییەکاندا، هەرکات پیکهاتەی عەینی هەواهەنگ نەبێ لەگەڵ پێکهاتەی زەینی، یان ئه و ڕوح و هارمۆنییە تووشی لەناو چون و قەیران ببێ، ئەوا پێکهاتەی عەینی تووشی دارمان و لەناو چوون دەبێ.
بنەمای فەلسەفیی دێموکراسی: گومان لەوەدانییە که بنەمای فەلسەفیی دێموکراسی و باوەڕمەندی به پلۆرالیزم و ڕێژەییبوون (Relativity.) و ڕێژەیی خوازی (Relativism)، خاوەنڕایان لەسەر ئه و باوەڕەن که مێژووی ڕێژەییخوازی دەگەرێتەوه بۆ سەردەمی سووفیستەکانی یۆنانی و باس له وتەیەکی بەناو بانگی پێرۆتاگوراس دەکەن که گوتوویەتی “مرۆڤ پیوانەی هەموو شتێکه”، بەومانایەی که مرۆڤ پێوانه و پێوەرەی ناسین و مەعریفەته، واته هەر ڕاڤەیەک لەمەر ڕاستی و ناراستییەوه شوێنکەوتووی ڕوانگەی مرۆڤه.
“رێژەییخوازی” وەک هزر و بیرۆکەیەکی فەلسەفی، له چوارچیوەی مەعریفەتناسیدا Epistemology) لەسەر ئه و باوەرەیه که ئەساسەن گەیشتن به ڕاستەقینه به شێوەیەکی موتڵەق و گشتی ڕەخساو و لواو نییە، بەڵکه ئەوەی مرۆڤ پێی دەگا و تێی دەگا، تەنیا به هۆی هەلومەرجی کۆمەڵایەتی و زەینیی مرۆڤه، کەوابێ هیچ گارانتییەک نییە که ئەوەی مرۆڤ پێی دەگا و تێی دەگا ڕاستەقینه بێ، بەڵکه دەتوانێ هەڵه بێ. ئه و هزره فەلسەفییە، به پێچەوانەی گەوهەرخوازەکان essentialist) باوەریان به پیکهاته Structure) و دەسکردخوازیy کۆمەڵایەتی social constructivism) هەیه، که لەسەر ئه و باوەرەیه، دەرکەوته کۆمەڵایەتییەکان دەرکەوتەگەلێکی مرۆیی و دەسکردی مرۆڤەکانن که لە درێژایی مێژوو و به لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندییەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و کولتووری سەریان هەڵداوه. دەسکردخوازانی کۆمەڵایەتی به گشتی له سەر ئه و باوەرەن که ڕاستەقینه به هۆی کۆمەلگە و له ناو کۆمەلگەدا ساز دەکرێ و خاوەن گەوهەر و بوونێکی جیا له مرۆڤ نییە.
رێژەییبوون وەک هزرو ئەندێشه هیچ باوەرێکی به موتڵەقبوون نییە، هیچ شتێک به پیرۆز نازانێ و ڕێز له بۆچوون و ئەندێشەی جیاواز دەگرێ، ئه و ڕەوته له ڕاستیدا سەرچاوەی پلۆرالیزم و دێموکراسی پێکهێناوه. واته ڕێژەییخوازی له سەر ئه و باوەرەیه که مرۆڤ وەک سوبژه به پێی هەلومەرج و ناوەرۆکی زەینیی خۆی ئۆبژەکان پێناسه دەکات و به هۆی جیاوازیی نێوان هەڵومەرج و ناوەرۆکی زەینیی مرۆڤەکان، پێناسەی ئۆبژەکان دەتوانێ جیاواز بێ. وەها فەلسەفەیەک کۆمەڵگەیەکی ئازاد، پلۆرال و سیستمێکی دێموکراتیک بەرهەم دەهێنێ.
بنەمای فەلسەفیی دیکتاتۆریەت: به پێچەوانەی دێموکراسی، بنەمای فەلسەفیی دیکتاتۆریەت لەسەر موتڵەقبوون و موتڵەقخوازی (absolutism) دامەزراوه، به و مانایەیی که هەموو حوکم، تێگەیشت و پێگەیشتنێک خاوەن بایەخی ئەخلاقی، پیرۆز، نەگۆر، گشتگیر و دائیمییە؛ به جۆرێک که پێویسته هەموو ڕەچاوی بکەن و ملکەچی بن، موتڵەقخوازی وەک پێکهاتەیەکی زەینی، مەجال و مەودای سەرهەڵدانی هەر جۆره جیاوازی و جیابیری، ڕەخنه و ڕەخنه گرتن و به گشتی باوەرمەندی به مافی مرۆڤ لەناو دەبا. ئه و بیرۆکەیه دەشێ بگوترێ که ڕیشەی له بیرۆکەی گەوهەرخوازی (essentialism) دایه، گەوهەرخوازی لەسەر ئه و باوەرەیه که دەرکەوته کۆمەڵایەتییەکان سەلمێنراو، نەگۆر و گشتگیرن. ئه و بیرۆکەیه له درێژه و ڕەوتی فەلسەفی و هزریی خۆیدا دەگاته مۆنیسم، مۆنیسمیک که ئاکامەکەی تێکەڵکردن و شڵەژاندنی سنوورەکانی پێکهاتەی مەعریفی و مانایی و هاوچەشن فەرزکردنی هەموو تێگەیشتن و پێگەیشتنەکانه، گەوهەرخوازی باوەرمەنده به یەکبوونی مەعریفەتناسی و یەکبوون و یەکپارچەبوونی مەعریفەتی ئینسانی بەگشتی. لەراستیدا گەوهەرخوازی ڕیشەی له ئێپیستمۆلۆژی پۆزێتیڤیسمدایه که باوەری به یەکبوونی هەموو زانستەکان هەیه.
بەهۆی ئەوه که ئه و فەلسەفەیه وەک پێکهاتەیەتی زەینی دەگاته مۆنیسم و مەجالی پلۆرالیزم له جیهانی ئاشکرا و عەینی دا لەناو دەبا، بەرهەم هێنی سیستەم و پێکهاتەیەکی سیاسیی پاوانخواز و دیکتاتۆره.