شاهۆ حوسێنی
پێشەکی:
مێژووی کورد مێژوویەکی خوێناوی و لێوڕێژ له خەبات و بەربەرەکانێ بۆ پاراستنی خۆی، به واتایەکیتر مێژووی سیاسیی کورد لەسەر ئەساس و بنەمای بەرگری و بەربەرەکانی له خۆی له کاتی هێرشی دووژمندا خولاسه بۆته، چاو خشاندنێک بەسەر جوغرافیایی کورد له کۆنه هەتاو ئەمڕۆ دەرخەری ئەم ڕاستییەیه که ڕۆژ به ڕۆژ ئەم جوغرافیایه چکۆلەتر و چکۆلەتر بۆتەوه، ڕۆژ به ڕۆژ کورد وەک نەتەیەکی کۆن و دێرین له زێد و نیشتمانیخۆیدا له پاشەکشەدابوه و خاک و نیشتمانی بۆ داگیرکەران چۆل کردوه، پرسیاری سەرەکی ئەم نووسراوەیه ئەمەیه: ئەگەر مێژووی کورد لێورێژ له بەرخۆدان و بەربەرەکانی بوه، بۆچی هەتا ئەمرۆ کورد هەر خاکی لە دەس داوه و پاشەکشەی کردوه؟
پێوەندی نێوان ژێئۆپۆلتیک و دەسەڵات:
ژێئۆپۆلتیک وەک لقێک له زانستی جوغرافیا باس له کارتێکردنی بارودۆخی جوغرافیایی ناوچەیەک یان وڵاتێک لەسەر سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەوه دەکات بۆ وێنە دتوانین بڵێن که ئەم ناوچانەی له باری جوغرافیاییەوه دەشتایین و خاوەنی کشتوکاڵ بەهۆی ئەوەیکه هیچ پێکهاتەیەکی سروشتی ئەوان له بەرامبەر هێرشی هێزی دەرەکی و دووژمن ناپارێزی به ناچار بەرەبەره دەسەڵات وەک پێکهاتەیەکی سەقامگیر و هێزی نیزامیی خاوەن نەزم و ئینزبات و ستراتیژیی گونجاوی نیزامی پێک دەهێنن، یان ئەم ناوچه و وڵاتانەی هاوسنووری دەریان، دەبنه خاوەن هێزی دەریایی بەهێز، بەگشتی بەشی هەرە زۆری ئەم ناوچانەی که بوونه خاوەن هێزی نیزامی کارامه و به ئینزیبات، بوونه خاوەن دەسەڵات و حکوومەت و ئەگەریش توانیبێتیان به درێژایی مێژوو ستراتیژیی هێرش پەیڕه و بکەن ئەوه توانیویانه ببنه خاوەن دەسەڵاتێکی پایەدار.
چاوخشاندنێک به جوغرافیایی کوردستاندا دەری دەخات که شاخاوی بوونی ئەم ناوچایه و بوونی پێکهاتەی سرووشتی بۆ پاراستنی کۆمەڵگە و له هەمان کاتدا ژیانی کۆچەرەی به هۆی زاڵبوونی شێوه ژیانی ئاژەڵداری، کوردی بێمنەت کردووه له پێکهێنانی دەسەڵاتێکی سیاسی بەردەوام و هێزێکی نیزامی بەردەوام وخاوەن نەزم و دیسپلین، هەر بۆیه بەدرێژایی مێژوو کورد جگه له ستراتیژیی بەرگری و بەرخۆدان له بەرامبەر هێرشی داگیرکەران و دووژمنان، له ستراتیژیی هێرش کەڵکی پێویستی وەرنەگرتووه و ڕۆژ به ڕۆژ خاک و جوغرافیایی کورد چکۆلەتر و چکۆلەتر بۆتەوه، تەنانەت لەم سەردەمەدا و له ڕۆژگاری دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیشدا کورد بەشێکی زۆری خاکی له پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کرماشان و ئیلام لەدەس داوه و تۆپۆگرافیی ئەم پارێزگایانه به دژ بەرژەوەندی کورد له گۆڕان دایه.
گۆرینی ستراتیژی له بەربەرەکانێ بەره و هێرش:
خاوەن ڕایان لەم باوەڕەدان، که باشترین شێوەی بەرگری کردن، هێرشه، چاوخشاندنێک بەسەر مێژووی سیاسی هاوچەرخی کورد ئه و ڕاستیەمان بۆ دەردەخات که بزاڤی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد هیچ کات هێرش کار نەبووه به جۆرێ که حەتتا دەتوانین بڵێن ناسیونالیسمی کوردیش دژ کردەوەیەک بووه له بەرامبەر ناسیونالیسمی داگیرەکەران و دوژمنانی کورد وەک کردوە و هێرش، بۆ وێنە چاوخشاندنێک به بزاڤەکانی سیاسی هاوچەرخی کورد هەر له شۆرشی کورد له باکوورەوه بگره هەتا باشوور و ڕۆژهەڵات هەموویان ستراتیژیی بەرگریان ڕەچاو کردوه و هیچکات نەیانتوانێوه کێشه و قەیرانێکی قووڵ و گەورە بۆ دەسەڵاتی ناوەندی ساز بکەن و خۆیان وەک ئەڵترناتیڤێک لەبەرامبەر دەسەڵاتی ناوەندیدا پێناسه بکەن، گوڕینی ستراتیژی له بەرگرییەوه بۆ هێرش و سازکردنی کێشه و قەیران له ئاستی نێو خۆێی (خۆ دەرخستن وەک ئاڵترناتیڤی دەسەڵاتی ناوەندی) و ناوچەییدا دەتوانێ بیر و ڕای گشتی جیهانی و زلهێزەکان بۆلای خۆی ڕابکێشێ، کورد و بزاڤی کوردی مادام نەتوانێ ببێته سەرچاوەی قەیران و کێشه، هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەری کێشەکانی لەلایەن زلهێزەکانەوه هەڵنایەتەوه، باشترین ستراتیژی بۆ پێشگرتن له هێرشی دوژمنان و کەم کردنەوەی هەرەشکانی وان هێرشه، تەنیا هێرشکەره که ئیبتکاری عەملی لەدەس دایه و دەتوانێ هیوادار بێ به دەستبەربوونی مافەکانی، چاوخشاندنێک به مێژووی گەلانی خاوەن دەسەڵات و حکوومەت ئەم ڕاستیه دەردەخات، که زۆربەی هەرەزۆری ئەم گەلانەی خاون ستراتیژیی بەرگریانه بوون ئێستاشی لەگەڵ بێ خاوەنی دەسەڵات و نیشتمان و حکوومەت نیین.