شاهۆ حوسێنی
پێشەکی:
ئەم جوغرافیایەی ئەمرۆکه به ناوی ئێران وەک وڵاتێک دەناسرێ، له ڕاستیدا بەرهەمی دەسەڵاتی سیاسی سەفەوێکانه، هەر بەم جۆرەی که واڵتێر هێنتس مێژووناسی ئاڵمانی دەڵێ که مێژووی دەوڵەتی یەکگرتووی ئێرانی کاتێک دەس پێدەکات، که له ساڵی 1501 زایینی شا ئیسماعیلی سەفەوی تاجی پاشایەتی نایه سەر سەری و به خۆی کوت شاهەنشای ئێران، ئەوەله کاتێک دایه که مێژوونوسانی دەوڵەتی لەسەر ئه و باوەرەن که دەسەڵاتی سیاسی له ئێران و دەرکەوتنی ئێران وەک دەسەڵاتێکی سیاسی یەکگرتوو مێژوویەکی کۆنی هەیه و هەر وەها باس لەوەدەکەن که وشەی ئێران هەڵگری مانای ڕەگەزی – ئێتنیکیه و له وشەی ئاریا داکەوتووه، بەڵام لێکۆڵینەوەکانی سێرجان مەلکۆم، مێژوونووسی سکاتلەندی دەری خستووه، که ئێران هەڵگری هیچ مانایەکی ڕەگەزی - ئێتنیکی نییه و به پێچەوانه هەڵگری مانایەکی ئایینێ، به جۆرێ که وشەی ئێر وشەیەکی پەهلەویه به مانای ئیماندار که وابێ وشەیه ئێران به مانای سەرۆک و گەورەی ئیمانداران واته شای پێرشیا یان فارسەکان و نەتەوەکانیتر، بەڵام له درێژەدا وشەی ئێران بۆته خاوەنی مانای ڕەگەزی - ئێتنیکی.
مێژووی دەسەڵات له ئێران و ئێران وەک دەسەڵاتێکی سەربەخۆ:
مێژوونووسان، مێژووی ئێران دابەش دەکەن بەسەر دوو دەوری گشتی یەکەم: مێژووی ئێران بەر له هاتنی ئیسلام و دووهەم: مێژووی ئێران پاش هاتنی ئیسلام، له هەمان کاتیشدا مێژووی ئێران بەر له ئیسلام خاوەنی دوو بەشه ئێرانی بەر له هاتنی ئاریاییەکان و ئێرانی پاش هاتنی ئاریایەکان.
جوغرافیای ئێران به درێژایی مێژوو مرۆڤ و ژیانی مرۆڤی به خۆیەوه دیوه، هەر بۆیه کاتێک باس له ئێران دەکرێ ناکرێ تەنیا مەبەست ئه و سەردەمه بێت که ئاریایەکان هاتوونەته ناو ئەم جوغرافیایه. بەر له هاتنی ئاریایەکان بۆ ناو ئێران له ناوچه جیا جیاکانی ئەم خاکەدا، مرۆڤ گەلێک ژیاون، خاوەنی مێژوو و شارستاننەیت، شارستانییەتی شاری سووتاو له سیستان، ئۆرارتۆکان له ئازەربایجان، ماننایەکان له کوردستان و کاسێکان له لۆرستان بەشیک له و کۆمەلگا مرۆییانه بون. له هەمان کاتیشدا هەموو کات بەشێک له جوغرافیای باشوری ئێران له ژێر کۆنترۆڵ و دەسەڵاتی سۆمێرییەکان، کلدانێکان، بابلییەکان و ئاشوورییەکاندا بوه.
مێدییەکان یەکەم کەس بوون که دەسەڵاتێکی یەکگرتوویان له ئێراندا پێک هێناوه، بەپێی لێکۆڵینەوەکانی مێژوونووسی ڕووس دیاکۆنۆف دەسەڵاتی مێدییەکان بەرهەمی یەکگرتنی شەش خێڵی گرینگ بوون که تەنیا دوو خێڵ لەم شەش خێڵه سەر به ئاریاییەکان بوون، که وابێ دەشێ بگووترێ مێدییەکان بەتەواوی ئێرانی نەبوون هەر وەها چاوخشاندنێک به نەخشەی دەسەڵاتی مێدییەکان دەری دەخات که ئەوان به سەر هەموو ئه و ناوچانەدا که ئەمرۆکه وەک ئێران دەناسرێ دەسەڵاتیان نەبووه، هەروەها ئەوان دەسەڵاتیان بەسەر زۆر ناوچەدا هەبوه که ئەمرۆکه له دەرەوی بازنەی دەسەڵاتی سیاسی ئێراندایه.
ئیمپراتۆری هەخامەنێشێکان: له پاش مێدییەکان دەسەڵاتی سیاسی دەکەوێته دەست فارسەکان که تایفەیەک له ئارییەکان بوون، و ئیمپراتۆری هەخامەنێشی دادەمەزرێ، که بۆ یەکەم جار جەگەله ئێرانی ئەمرۆ، ناوچەگەلێکی زۆری تریش لەژێر دەسەڵاتی واندا بوه، له پاش ڕووخانی هەخامەنێشێکان بۆ ماوەی 349 ساڵ ئارییەکان هیچ دەسەڵاتێکیان نییه و ئێران بەشێکه لەوڵاتی یۆنان و به هۆی یۆنانییەکانەوه دەسەڵات بەڕێوه دەبرێ. به واتایەکی تر بۆ ماوەی 349 ساڵ دەسەڵاتێکی سیاسی و وڵاتێکی سەربەخۆ له جوغرافیای ئارێکاندا بوونی نەبوه.
ئیمپراتۆریی ئەشکانییەکان: لەپاش ڕووخانی سلووکێکان، ئیمپراتووری ئەشکانێکان دادەمەزرێ، له سەر دەمی ئەشکانییەکانیشدا ئێرانی ئەمرۆ هاورێ لەگەڵ زۆر وڵاتی تر لەژێر دەسەڵاتی سیاسی ئێران دابوون که ئەمرۆکه وڵات گەلیێکی سەربەخۆن.
ئیمپراتۆری ساسانی: ئەم ئیمپراتۆریه، ئاخرین ئیمپراتۆری ئارییەکان بووه، بەر لەهاتنی ئیسلام که میراتگری دەسەڵاتی سیاسی و جوغرافیای ئەشکانێکان بوو، بەهاتنی ئیسلام دەسەڵاتی سیاسی ئاریایەکان له ئێران دەرووخێت و ئەم وڵاته دەکەوێته ژێر دەسەڵاتی عەرەبەکان، تورکەکان و مەغۆلەکان، بەجۆرێ که بۆ ماوەی 950 ساڵ وڵاتێکی سەربەخۆ و دەسەڵاتێکی سەربەخۆی ئاریاییەکان بوونی نییه، ئەگەر چی جاروباره له بەشیک لەئێران دەسەڵاتێکی خۆجێی ئێرانی سەر هەڵدەدا بەڵام هیچکات دەسەڵاتی بەسەر هەموو ئێراندا نەبوو، که لەم دەسەڵاتانه دەکرێ به مانه ئاماژه بکرێ: تاهیرێکان، سەففارێکان، سامانێکان، زیارێکان، بووییەکان
لەپاش هاتنی ئیسلام بۆ ئێران نزیکەی 200 ساڵ عەرەبەکان بەسەر ئێراندا دەسەڵاتیان هەبوو، له پاشان ئێران له ناو دەسەڵاته خۆجێیەکاندا دابەش بوو، ساڵی 975 زاییندا تورکەکان ڕوو له ئێران دەکەن و به هۆی غەزنەوییەکان بەشێکی زۆر له ئێران داگیر دەکرێ که هیچ پێوەندێکی ڕەگەزیان لەگەڵ ئێرانییەکان که ئاریایی بوون، نییه، بەڵام سەیر ئەوەیه که مێژوو نووسانی ئێرانی ئەم دەسەڵاته تورکانه وەک دەسەڵاتی سیاسیی ئیڕان دەناسێنن، لەپاش غەزنەوییەکان، سلجووقییەکان، خارەزمشایەکان، تەیمورییەکان و مەغۆلەکان دەسەڵاتی سیاسی دەگرنه دەست و به گشتی دەسەڵاتێک به ناوی ئێران لە گۆڕیدا نامێنێ، بەڵام له پاش بەدەسەڵات گەیشتنی سەفەوییەکانه که بەهەڵه به تورکیان ناو دەبن له کاتێکدا به وتەی ئینی بەززاز ئەوان کوورد بوون، بۆ یەکەم جار له مێژووی سیاسی و دەسەڵات له ئێران، حاکمێک به خۆی دەڵێ شاهەنشای ئێران و به وتەی توێژەرانی سیاسی مێژووی دەوڵەتی ئێرانی له سەردەمی سەفەوییەکانەوه دەست پێدەکا، لەپاش ڕووخانی سەفەوییەکان، ئیمپراتۆری ئێران ڕۆژ به ڕۆژ چکۆلەتر دەبێتەوه و هەرجارەی گەلێکی ژێر دەسەڵاتی ئێرانی له ئێران دادەبرێ.
دوا وته:
بەپێچەوانەی باوەری مێژوو نووسانی دەوڵەتی سەر بەهزری پاوانخوازانەی پان ئێرانی، هیچ کات ئێران قەوارەیەکی سیاسی بەردەوامی یەکگرتوو نەبوه، به جۆرێ که به درێژایی مێژوویەکی 1300 ساڵه جوغرافیای ئێران بەشێک بووه له دەسەڵاتی دەسەڵاتدارانێکی بیانی وەک یۆنانی، عەرەب، تورک و مەغۆل، که وابێ باس کردن له دەسەڵاتی سیاسی _ مێژوویی جگه له وەهەم و خەیاڵ شتێکی تر نییه.
هەروەها بەخشینی مانای ڕەگەزی و بەکار هێنانی وشەی ئێران وەک هێمای یەکگرتویی ئەتنیکی، زمانی، کلتووری، نۆرمە کۆمەڵایەتێکان و بەگشتی شووناسی دەسەڵاتی سیاسی له وڵاتێکدا که پێی دەگوترێ ئێران بەکڵک وەرگرتن لەهێزی نیزامی و زۆری حکوومەتی، بەشێوەی سڕینه و و لەناو بردنی شووناسی نەتەوەجیاوازەکانی ئێران، له سەردەمی ڕەزاشای پەهلەوییەوه دەستی پێکرد، ڕووناک بیره پان ئێرانییەکان بەکڵک وەرگرتنی ئامرازی له وشەی ئێران، دەسەڵاتێکی پاوانخوازانەی فارسیان بەکەڵک وەرگرتن له شووناسی نەتەوەیی فارسەکان(وەک زمان، کلتوور، ئایین) و هاوکات سڕینەوەی شوناسی نەتەوەیی، کەمینەکان، بەسەر خەڵکدا سەپاند، که ئەم ڕەوته له سەردەمی کۆماری ئیسلامیشدا هەر بەر دەوامه ئەگەرچی کۆماری ئیسلامی به ڕواڵەت دەسەڵاتێکی ئایینییە.