شاهۆ حوسێنی
خوێندنەوەیەک بۆ لێدوانییەکی بەرێز #خالید عەزیزی#، سکرتێری حیزبی دیموکراتی کورستان
سەرەتا: گومان لەوەدا نییە کە خەباتی هاوچەرخی سیاسی، شوناسخوازنە و مافخوازنەی کورد لە ڕۆژهەڵات کارتێکردنی بەرەی چەپی بەسەرەوە دیارە؛ هەرله دەسپێکی خەبات بە حیزبایەتییەوە بگرە، هەتا خەباتی چەکداری و زۆر تایبەت مەدنیتری ڕوانگەیی. یەک لەو ڕوانگانەی کە لە ژێر کارتێکردنی بیری چەپی لێنینیستی لەنییه و خابەتی کورددا بەرچاو دەکەوێ، باوەرمەندی بە خەباتی حیزبێکی شورشگێری پێکهاتوو لە شۆرشگێران و کانالیزەکردنی هێز و وزەی کۆمەڵگا بۆ ناو کاناڵی حیزبی و تاک نوێنەر و تەک مێتۆد فەرز کردنی خەبات بوو. دیارە ئەمەش بە هۆی دووجەمسەری بوونی سیاسەت لە ئاستی جیهانیدا، چ لە ئاستی پێوەندێکانی نییەونەتەوەیی و چ لە ئاستی نییەوخۆییدا کاری کردبووە ناو خەباتی بەشی هەر زۆری کۆمەڵگاکان. یەک لەوان خەباتی کورد لە ڕۆژهەڵات و حیزبی دێمۆکرات، هەڵبەت کە ئامانجی ئەم دێرانە ڕەخنە و شرۆڤەی ئەو ڕەوتە نییە، بەڵام ئەوەی مەبەستی ئەو دیرانەیە، دەرکەوتنی جار بە جاری هێندێ دیاردە و نیشانەی پۆزێتیوە کە ئاماژە بەوە دەکات لەوە دەچێ ڕەهەند و ڕەوتێک لە ئارادبێ کە بە تەمایە ئەو ڕەوتە مێژوییە بگۆرێ و ڕەوتێکی ئەزموون کراو و بە ڕۆژ لە جیاتی دابنییە، ئێمە لەو باوەڕەداین باشترین ڕێگای فشار بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئەوەیە لە جیاتی فەڕزەن دەیان و سەدان و هەزاران پێشمەرگە، بە میلیۆنان خەڵک لە نێخۆی وڵات، لە ئوستانەکانی کوردستانی ئێران لە بوارەکانی جۆراوجۆردا، بە شێوەی مەدەنی و قانوونی بێنە گۆڕی، کوردایەتیی خۆیان بکەن، حکومەتی تاران بە چالش بکێشن. ئەوە ئەو نیشانە و ئاماژە گرینگەیە کە بەرێزعەزیزی لە دوایین لێدوانیدا بۆ ڕووداو خستوویەتییە ڕوو، بۆ نووسەری ئەو دێرانە ئەوەی گرینگە شرۆڤەی سەرچاوەی نەزەری و هزری ئەو بۆچوونە و دەرئەنجامەکانی گشتی ئەو هزرە لە زۆربەی وڵاتانی خاوەن پێشینەی دیکتاتۆرییە.
مێتۆدەکانی خەبات بۆ پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ
چاوخشاندنییەکی ورد بەسەر هزر و تێئۆرییەکانی سیاسی و ئەو ئاڵوگۆریانەی کە لەو کۆمەڵگایانەدا ساز بوون، دەریدەخات کە ساز بوونی ئاڵوگۆری لە کۆمەڵگا نادێموکراتیکەکان لە سەدەی ڕابردووەوە هەتا ئەمرۆ، لە سێ شێوەی گشتی کەڵکیان وەرگرتووە: یەکەم شێوە و مێتۆدی شۆرشگێرانە و دووهەم مێتۆدی ڕێفۆرمیستانە.
مێتۆدی شۆرشگێرانە بە سێ شێوە کەڵکی لێ وەرگیراوە، یەکەم بە شێوەی شۆرشی جەماوەری و ڕێکخستنی پۆپۆلیستی، دووهەم بە کەڵکوەرگرتن لە حیزبێک یان بەرەیەکی سیاسی چەکدار کە ئەو ڕەوتە لە جیهانی پاش هاتنە ئارای یەکێتی سۆڤییەت و بە ئایدۆلۆژی کردنی ئەندێشەی مارکسیستی پەرەی ستاند، سێهەم بە کەڵک وەرگرتن لە خەباتی چەکداری و شۆرشی جەماوەری.
مێتۆدی ڕێفۆرمخوازنە: باوەرمەندانی بەو مێتۆدە، لەسەر ئەو باوەرەن کە بۆ سەرکەوتنی ڕەوتی دێموکراتیزاسیون لەناو کۆمەڵگا دیکتاتۆرەکان و گەیشتن بە مافەکانی مرۆیی و ئێتنیکی، ئەو مێتۆدە گونجاوترین و خاوەنی زۆرترین دەسکەوت و کەمترین تێچوویە، ئەوان لەسەر ئەو باوەرەن کە بۆ سەرکەوتنی ڕەوتی دێموکراتیزاسیون پیویستە کە ئۆرگانەکانی کۆمەڵگای مەدەنی بەهێز بکرێن و پەرەیان پێ بدرێ، ئینجا لە ڕەوتێکی ئارام و هەنگاو بە هەنگاو ئاڵوگۆری بەسەر سیستمی سیاسی و پیکهاتەی دەسەڵاتدا بێنن.
مێتۆدی تێکەڵاو: بەڵام مێتۆدێکی کە بەرای من بەرێزعەزیزی لەو لێدوانەدا خەریکی ڕاڤەکردن و باس کردنییەتی لەراستیدا هەم لەخۆ گری مێتۆدی ڕێفۆرمیستانەیە (بێگومان سەرچاوەی نەزەری و ئەندێشەیی ئەو مێتۆدە دەگەرێتەوە بۆ نووسراوەکانی هانتینگتۆن و جین شارپ) و هەم شۆرشگێرانە.
ئەو مێتۆدە چەند ڕەوت لە خۆ دەگرێ
رەوتی یەکەم: لادان لەو فۆرم و ڕەوتەیە کە لەژێر هزر و بیری چەپدا لەناو حیزبی دیموکراتی کوردستاندا لەئارادابوە، ئەویش تاک فۆرم و حیزب تەوەرە فەرز کردنی خەبات بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانە، بەم لێدوانە بەرێز عەزیزی کۆمەڵگا بە گشتی و کۆمەڵگای مەدەنی دێنێەتەوە نێو کایەی سیاسی و حەول دەدا بە کەڵک وەرگرتنی هاوزەمان لە وشەی مەدەنی و قانونی کەش و هەوای زەینی برەخسێنی بۆ سرینەوەی هەر جۆرە ئاوەڵناو و ئەنگێکی نەشیاو لە چالاکی مەدەنی و ئەو چالاکانەی که لە چوارچێوەی یاسای بنەرەتی کۆماری ئیسلامی خەریکی چالاکین، بە ئاگادار بوون لەوە کە کۆماری ئیسلامی خۆی باوەری بەیاسای خۆی نییە و زۆر جار خۆی یاسای خۆی ناپارێزێ.
رەوتی دووهەم: ئەگەر بزاڤی کوردی لە ژێر کارتێکردنی بەرەی چەپ، حیزب دەکاتە پێشەنگ و کۆمەڵگا دەبێتە پاشەنگ، بەڵام لەو لێدوانەی بەرێز عەزیزی ڕا دەردەکەوێ کە ئەوە کۆمەڵگایە دەبێتەوە پێشەنگ و ئەرک و پێگەی کۆمەڵگا لە خەباتدا بە کۆمەڵگا دەبەخشرێتەوە. ئەوەش حەولێکە بۆ ئەکتیو کردن و چالاک کردنی زیاتری کۆمەڵگا بۆ وەیکە ئیتر کۆمەڵگا و خەباتی مافخوازانەی کورد وەک دوانەی دژ بەیەک سەیر نەکرێت و کۆمەڵگا بە گشتی و بە عام ببنە بەرپرسی چارەنووسی خەباتی خۆیان. ڕەوتێک کە لە کۆمەڵگا دیموکراتیکان و هەموو ئەو کۆمەڵگایانەی ڕەوتی دیمۆکراتیزاسیونیان سەرکەوتوانە بریوە، بنەما و ئەساس بووە.
رەوتی سیهەم: بە هێنانە گورێی خەباتی مەدەنی و قانونی لە تەنیشت خەباتی چەکداری لە ڕاستیدا بەرێز عەزیزی دوو مێتۆدی شورشگێرانە و ڕێفۆرمخوازانە لێک گرێ دەداتەوە. مێتۆدێک کە لە باکوور پەیرەو دەکرێ.
رەوتی چوارم: بە ڕاکێشانی مێتۆدی مەدەنی بۆ ناو بازنەی خەباتی سیاسی، لە ڕاستیدا بەرێز عەزیزی ئیبتکاری لێکدابراندنی ناو ماڵ و چالاکانی کورد لە کۆماری ئیسلامی دەستێنییەتەوە، بە جۆرێ ئەگەر پێشتر لە عەقڵییەت و ئەندێشە حیزبی کوردیدا تەنیا مێتۆدی شۆرشگێرانەی چەکداری، شێوەی مەشروع و درووستی خەبات بوو و بەم هۆیەوە بەشێکی زۆر لە چالاکانی کە باوەرمەند بە خەباتی چەکداری نەبوون لە دەرەوەی جەغزی خەباتی مافخوازانە ڕاگیرا بوون و زۆر جاریش ناو و ئاوڵناویان دەخرایە پاڵ، ئەمجارە هەموو چالاکان و خەمخۆرانی چارنووسی کورد خۆیان لە بازنەی بزاڤ و شۆرشی کوردیدا دەبیننەوە و ئیتر نابنە کەرەسەی تەبلیغاتی کۆماری ئیسلامی. ئەزموونێکی کە لە باکوور توانیویەتی وڵامی باش وەربگرێتەوە ئەگەر چی دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی باکور و ڕۆژهەڵات لە زۆر بوارانەوە جیاوازن، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە ناکرێ ئەو مێتۆدە بە تایبەتمەندیی سیاسی و کۆمەڵایەتی ڕۆژهەڵات دابرێژرێتەوە.
ئاکام: بێگومان لە ماوەی ڕابردوودا بەرێز عەزیزی لێدوانی زۆری داوە کە خوێندنەوە و ڕوانگەی زۆر جار دژ بەیەک هێناوەتەوە ئاراوە، ئەوەی لەو دێرانەدا باسیان لێوەکرا تەنیا شرۆڤەی نەزەری و دەرکەوتەی دوارۆژی ئەو بیرۆکەیەیە کە بەرێز عەزیزی خستوویەتییە ڕوو وە ئەوەش بەو مانایە نییە کە ئیتر بە لێدوان ئاڵوگۆری بەسەر شێوازی خەباتی کورد لە ڕۆژهەڵات دادێ. بەڵکە لە غیابی گوتارێکی فرە ڕەهەندی بەربڵاو کە کۆمەڵگا بتوانێت خوی تێدا پێناسە بکات و پلاتفۆرمێکی گشتگیر بۆ ئاشتەوایی نیێوان ئۆپۆزیسیونی لێکدابراو، ئاسۆی هەرجۆرە ئاڵوگۆرێکی بەرۆژ و پۆزێتیڤ ناروونە، بەڵام ئەوەمان نابێ لەبیر بچێ کە ئەو جورە لێدوانانە بەو جۆرە پێکهاتە هزریانە، دەتوانێ کەش و هەوای زەینی برەخسێنێت بۆ ئاڵوگۆری.