ئەمڕۆ سێشەممە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی و unicef جلوبەرگیان بۆ زیاتر لە 1100 منداڵی ئاوارە لە کەمپی نێرگزلی دابین کرد، هاوکات تا ئێستا بە هەماهەنگی دەوڵەتی کوێت 30 هەزار جانتا و پێداویستی خوێندنی بۆ قوتابییانی سەرتاسەری کوردستان دابین کردووە.
ئەمڕۆ سێشەممە 04-04-2017 دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هەماهەنگی ڕێکخراوی unicef بە مەبەستی هاوکاریکردنی منداڵانی ئاوارەی ناو کەمپەکان، جلوبەرگی منداڵانییان بۆ ئاوارەکانی کەمپی نێرگزلی سەر بە شێخان دابین کرد.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ڕێکخراوی unicef پڕۆتۆکۆڵێکیان بەمەبەستی بەڕێوەبردنی چەند پڕۆژەیەکی هاوبەش ئیمزاکردووە، لە چوارچێوەی پڕۆتۆکۆڵەکەدا هاوکاری جلوبەرگ و پێداویستی بۆ 30 هەزار منداڵی ئاوارە دابین دەکەن.
هاوکات دوێنی دووشەممە، تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە سەر چیای شەنگال بەهەماهەنگی وڵاتی کوێت، جانتا و پێداویستی خوێندنیان بۆ 560 قوتابی قوتابخانەی بارزانی سەر چیاکە دابین کرد.
لە بواری پەروەردەییدا دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەردەوام هانی قوتابیان دەدات و پاڵپشتییان دەکات بۆ درێژەدانیان بە خوێندن، هەروەها ڕێنمایی تەندروستی پێشکەشی قوتابییان دەکات.
04-04-2017