دواڕۆژ، عەلی حەمە سەعید
بەهۆی بەرزبونەوەی ڕێژەی ئاوی ڕوباری سیروان و بەرنەدانەوەی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان و هاوکات بارانبارینی بەردەوام، لە ئێستادا لە سنوری قەزای سەیدسادق و دەشتی شارەزوور، نزیکەی 10 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی کە بەگەنم چێندراوە بووە بەژێر ئاوە، جوتیارانیش داوای قەرەبوو دەکەن.
مەحمود عەبدوڵا، یەکێک لە جوتیارانی سنوری قەزای سەیدسادق کە ڕوبەرێکی فراوانی زەویەکەی بووە بەژێر ئاوەوە بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، خۆشبەختانە لەمساڵدا بەتایبەت لەم وەرزی بەهار ڕێژەیەکی زۆر بارانباری ئەمەش بووە هۆی بەرزبونەوەی ئاستی ئاوی ڕوباری سیروان لەگەڵ ئەوەشدا بەنداوی دەربەندیخان بەردەوام بووە لە گلدانەوەی ئاو، ئەمە وایکرد نزیکەی 10 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵ کە بە گەنم چێنراوە ببێت بەژێر ئاوەوە و لەناو بچێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، وەک جوتیارانی سنورەکە ئەو زەویانەمان بووە بە ژێر ئاوەوە هەر ساڵێک ئەم حاڵەتە ڕویدابێت سەردانی لایەنە پەیوەندیارەکانمان کردووە و بۆئەوەی قەرەبومان بکەنەوە بەڵام بەداخەوە هیچ ساڵێک قەرەبوو نەکراوینەتەوە، لەکاتێکدا بژێوی دەیان خێزان لەسەر ئەو زەویانەیە، بۆیە لەمساڵیشدا جارێکی تر داوای لەلایەنە پەیوەندیارەکان دەکەین بەتایبەت وەزارەتی کشتوکاڵ هەر هیچ نەبێت بنەتۆوەکەمان بۆ قەرەبو بکاتەوە.
بۆ بەدواداچونی کێشەی ئەو جوتیارانە دواڕۆژ پەیوەندی بە حیکمەت محەمەد، لێپرسراوی بەشی زەوی و زار لە بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی سەیدسادق کرد ناوبرا و ئاماژەی بەوەکرد، هەرساڵێک لەم وەرزەدا ڕێژەیەکی زۆر باران ببارێت ئەوا ڕوبەرێکی بەرفراوان لەو زەویانە دەبین بەژێر ئاوەوە کە نزیکن لە ڕوبای سیروانەوە، بەڵام ئەوەی پەیوەندی بە گلدانەوەی ئاوی بەنداوی دەربەندیخانەوە هەیە هیچ پەیوەندییەکی بە ئێمەوە نیە و بەڕێوەبەرایەتی بەنداوی دەربەندیخان لێی بەرپرسە.
باسی لەوەشکرد، زۆربەی ئەو زەویانەی کە ساڵانە دەبن بەژێر ئاوەوە لەڕووی موڵکیەتەوە موڵکی ئەوان نییە، بەڵکوو لەکاتی خۆیدا حکومەت قەرەبووی ئەو زەویانەی کردوەتەوە و سنوریشی بۆ دیاریکردوون، کەنابێت ئەو زەویانە بکیڵرێن تەنانەت لەڕوووی یاسایشەوە نابێت هیچ بەروبونێکی ئەو زەویانە لە جوتیاران وەربگیرێت بەڵام ئێمە لەبەر بەرژەوەندی جوتیاران ئەو یاسایەشمان جێبەجێنەکردوە و هەرساڵێک بەروبومیان هەبوبێت نەبوبێت لێمان وەرگرتوون.
لێپرسراوی بەشی زەوی و زار لەبەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی سەیدسادق وتیشی ساڵانە ئەو جوتیارانە ئاگاداردەکرێنەوە کە خۆیان بەدوربگرن لە کیڵانی ئەو زەویانەی کە دەکەونە نزیک ڕوباری سیروان و دەریاچەی دەربەندیخان، بەڵام ژمارەیەک لەو جوتیارانە چانسی خۆیان تاقی دەکەنەوە و زەویەکان دەکێڵن بۆیە لەڕووی یاسایشەوە ناتوانن داوای قەرەبوو بکەن.
07-04-2017