دواڕۆژ، ئاکۆ حەمەد ڕابی
لەماوەی سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 20حاڵەتی سوتان و خۆسوتاندنی ئافرەتان لە سنوری قەزای (سۆران) ی سەر بەپارێزگای هەولێر ڕویانداوەو بەوهۆیەوەش 15 یان گیان لەدەستداوەو پێنجیشیان بەدەست ئازاری سوتانەکەیانەوە دەناڵێنن و وتەبێژی بەرەنگاربوونەوەو نەهێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتانیش لە سۆران دەڵێترێژەی خۆسوتاندنی ئافرەتان لە سنورەکە زۆر زیادیکردووە.
شێروان خالید وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەڕەنگاربوونەوەو نەهێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان لە سۆران بەدواڕۆژی ڕاگەیاندلەماوەی سێ مانگی ساڵی 2017دا لە دەڤەری سۆران 20حاڵەتی سوتانی ئافرەتان تۆمارکراوەو لەو ڕێژەیەش بەشی زۆریان خۆیان سوتاندوەو هەندێکیشیان بەهۆکاری جیاجیا سوتاون لەو ژمارەیەشدا 15 ئافرەتیان گیانیان لەدەستداوەو ئەوانی دیکەش بە دەست زامی سوتانەکەیانەوە دەناڵێنن.
باسی لەوەشکرد کە ڕێژەی سوتان و خۆسوتاندنی ئافرەتان زۆر زیادیکردوەو گەیشتۆتە ئاستێکی مەترسیدار بەجۆرێک لە ماوەی ساڵی 2015 تەنها 15حاڵەتی سوتان و خۆسوتاندنی ئافرەتان هەبووە لە 2016شدا 31 حاڵەت هەبووە، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە ڕێژەی خۆسوتاندنی ئافرەتان بەراورد بەتەواوی ساڵی 2015و سەرەتای 2017 لەو دەڤەرە زیادیکردووە.
وتیشی بۆ کەمکردنەوەو ڕێگریکردن لە خۆسوتاندنی ئافرەتان چەندین کۆڕو سمیناری هۆشیاریمان بۆ ئافرەتانی ئەو سنورە ئەنجامداوە، لەسەر ئەو جۆرە چالاکیانەش بەردەوامدەبین، چونکە لەو ڕێگەیەوە دەتوانین ئافرەتان وشیار بکەینەوەو تاکو بە ئارامی مامەڵە لەگەڵ ئەو کێشانە بکەن کە دووچارییان دەبێتەوەو هەرگیز پەنا بۆ خۆسوتاندن نەبەن.
07-04-2017