بەهۆی کەمبوونەوەی زیاتر لە 86%ی نەوتی کێڵگەی نەوتی شیواشۆک بەدواداچوون دەکرێت و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانیش لێکۆڵینەوە لەو بابەتەدا دەکات.
پەرلەمانتارێکیش ئاشکرای دەکات، ئاشتی هەورامی پێی گوتوون لە دهۆکیش دوو بیرە نەوت وشکیان کردووە.
گۆران ئازاد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، کە بەدواداچوونی لەسەر بابەتەکە کردووە بە (باس)ی ڕاگەیاند، لە بارەی کەمبوونی هەناردەی نەوتی شیواشۆکەوە سەردانی وەزیری سامانە سروشتییەکانیان کردووە، گوتی: ”لە کێڵگەی نەوتی شیواشۆک، کەمتر لە 18 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە دەردەهێنرێت“.
ئاماژەی بەوەش دا، ساڵی پار ئەو کاتانە ڕۆژانە بەرهەمی شیواشۆک 70 هەزار بەرمیل بوو، لە کاتێکدا لە سەرەتادا ڕۆژانە 140 هەزار بەرمیل نەوت دەردەهێنرا، لە ساڵی 2015دا ئەو ڕێژەیە بۆ 72 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە کەمی کرد و لە ساڵی 2016 بووە 60 هەزار بەرمیل و ئێستاش 18 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی لێ دەردەهێنرێت، بۆیە لە 86%ی بەرهەمەکەی کەمی کردووە.
پێی وایە بۆ بەرهەمی زیاتر فشاری زۆر لە بیرە نەوتەکان کراوە، بۆیە پێکهاتەکانی زەوی لەو کێڵگە نەوتییانە تێکچوونە و بووەتە هۆی دابەزرینی نەوتەکەی.
جەختی کردەوە، دوای ئەوەی یاداشتی داوەتە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، لەگەڵ وەزیری سامانە سروشتییەکان و بریکاری وەزارەتەکە کۆ بووەتەوە.
کێڵگەی نەوتی شیواشۆک لە سنووری قەزای کۆیە 23 بیرە نەوتی هەیە، بەڵام ئێستا تەنیا 19بیریان بەرهەمیان هەیە، لە سەرەتاکانی ساڵی 2000وە نەوت لە کێڵگەی شیواشۆک دەردەهێنرێ.
ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی جەختی کردەوە، لە ساڵی 2015دا لەسەر کەمبوونەوەی هەناردەی نەوتی شیواشۆک ڕاپۆرتێکیان پێشکەش بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد، گوتیشی: ”وەزیری سامانە سروشتییەکان پێی ڕاگەیاندین، کاریان لەسەر ڕاپۆرتەکەی ساڵی 2015 کردووە، ئەگەر نا، ئێستا بلۆکە نەوتەکانی شیواشۆک زۆر لەم ڕێژەیەی ئێستا کەمتری هەناردە دەکرد“.
لە درێژەی قسەکانیدا گوتیشی: ”ئاشتی هەورامی پێی ڕاگەیاندین، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەیان لەو بارەیەوە پێکهێناوە کە کۆمپانیایەکی بیانییە و دواتر ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەتان بۆ دەنێرین و وەک ئاشتی هەورامیش گوتی، کەمکردنی دەرهێنانی نەوت هەر لە کۆیە ڕووی نەداوە و لە دهۆکیش دوو بیر وشکییان کردووە“.
ئەو پەرلەمانتارە ڕوونی کردەوە، لە ڕێژەی بەرهەمهاتووی نەوتی شیواشۆک، بەشێکی دەچێت بۆ پاڵاوگەی بازیان و ئەوەی تر بە بۆڕی دەچێت بۆ بەندەری جەیهان.
بیلال سەعید، ڕۆژنامەنووسی کەرتی وزە بە (باس)ی ڕاگەیاند، 10 بیرە نەوت لە شیواشۆک وشکیان کردووە و دوا داتای بەرهەمهێنان گەیشتووەتە 16 هەزار و 900 بەرمیل، گوتی: ”کۆمپانیای گەنەڵ ئێنرجی، لەگەڵ کۆمپانیایەکی دانیمارکی کار لەو کێڵگەیەدا دەکەن و بەپێی ڕاپۆرتەکانیان بەردەوام یەدەگی نەوتی کۆمپانیاکە کەم دەکات“.
روونی کردەوە، پێشووتر بەپێی ڕاگەیاندراوی کۆمپانیاکە، لە کۆتایی ساڵی 2015دا یەدەگی نەوتی شیواشۆک 179 ملیۆن بەرمیل بووە و ئێستا بووەتە 59 ملیۆن بەرمیل.
سەبارەت بە هۆکارەکەی گوتی: ”زیادبوونی ئاو لەنێو ئەو بیرە نەوتییانەدا هۆکارێکە و ئەوەش مەترسییەکی زۆری لەسەر کۆی بیرە نەوتییەکان دروست کردووە، هۆکارێکی تریشی بۆ فشاری کۆمپانیاکە و حکوومەت بووە، بۆ هەناردەکردنی نەوتی زیاتر، هەروەها نۆژەن نەکردنەوەی بیرەکان و لێنەدانی بیری تازە هۆکارێکی ترە لە کەمبوونەوەی نەوتی کێڵگەکە، ئەگەر چارەسەری کێشەکان نەکرێت ئەوا مەترسیی وشکبوونیان هەیە“.
ئاژانسی بۆمبێرگ بڵاوی کردووەتەوە، بەهۆی کەمبونەوەی نەوتی شیواشۆک، بەهای پشکەکانی کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی، کە سەرکاری کێڵگە نەوتییەکەیە، 25% داکەوتووە و تا کۆتایی ساڵی 2016 حکوومەتی هەرێمی هەرێمی کوردستان 240 ملیۆن دۆلاری کۆمپانیاکە قەرزار بووە.
11-04-2017