ڕۆژنیوز - ناوەندی هەواڵەکان
ئاماری لەسێدارەدان لە ئاستی جیهاندا لە ساڵی 2016 بەراورد بە ساڵی 2015، 37% کەمیکردووە و لە ساڵی 2016دا ئێران بەرزترین ئاماری لەسێدارەدانی هاوڵاتیان هەبوو لە ئاستی جیهاندا.
بەگوێرەی دوایین ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، کە ئەمڕۆ سەبارەت بە ئاماری لەسێدارەدان بڵاوی کردووەتەوە، 55%ی لەسێدارەدانەکانی ساڵی 2016ی سەرتاسەری جیهان لە ئێران ئەنجامدراوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، کە ئێران، پاکستان، چین، سعودیە و عێراق پێنج وڵاتن کە لە ناویاندا لە ساڵی 2016 زۆرترین لەسێدارەدان-یان تیادا ئەنجامدراوە.
ئەو ڕێکخراوە ڕاشیگەیاندووە: پێدەچێت ئەم ئامارە لە چین لە هەموو وڵاتانی جیهان زیاتربێت، بەڵام بەهۆی ڕوون نەبوونی ئامارەکان چین پاش ئێران و پاکستان-ە و پلەی سێیەمی وەرگرتووە لە لەسێدارەداندا.
لە ڕاپرتەکەدا هاتووە، کە لە ساڵی 2015دا هەزار و 634 کەس لە ئاستی جیهاندا لەسێدارەدراون، لەکاتێکدا کە لە ساڵی 2016دا ئەو ئامارە بۆهەزار و 32 کەس کەمیکردووە.
هەروەها ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕاشیگەیاندووە: لە ساڵی 2006ەوە بۆ ئێستا یەکەم جارە، کە ئەمریکا لەناو پێنج وڵاتی یەکەمدا نییە کە زیاترین کەس لەناویاندا لەسێدارەدراون.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، کە لە ساڵی 2016دا ژمارەی ئەو وڵاتانەی لەسێدارەدان لەناویاندا قەدەغە ڕاگەیەندراوە، گەیشتووەتە 104 وڵات، لەکاتێکدا لە ساڵی 1997دا تەنیا لە 64 وڵات لەسێدارەدان قەدەغە بووە و ئەمەشی وەکو پێشکەوتنێک ناوزەد کردووە.
11-04-2017