ڕۆژنیوز – ڕێزان محەمەد
لە شاری سلێمانی، دەرئەنجامی ڕاپۆرتی چاودێریکردن و جێبەجێکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوی توندوتیژی خێزانی خرایەڕوو، کە بەپێی ڕاپۆرتەکە، 63%ی ژنانی هەرێمی کوردستان لەلایەن هاوسەرەکانیانەوە توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت.
ئەمڕۆ، لە هۆڵی هوتێل تایتانیک لە شاری سلێمانی، ڕێکخراوی هاریکاری یاسایی ژنان بە هاوکاری ڕێکخراوی NED ئەمریکی دەرەنجامی ڕاپرسی و ڕاپۆرتێک سەبارەت بە چاودێریکردن و جێبەجێکردنی یاسای(بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی) هەرێمی کوردستان-عێراق، خیە ڕوو کە لە ئاستی هەرچوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان و ئیدارەی گەرمیان-دا ئەنجامدراوە.
شۆخان حەمە ڕەشید، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی هاریکاری یاسایی ژنان، لە بارەی ڕاپۆرتەکەوە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەەنووسیدا وتی: ڕێژەی توندوتیژییەکان زیادی کردووە، لە ساڵی 2016دا 797 حاڵەت تۆمارکراوە لە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان/سلێمانی.
شۆخان، وتیشی: لە ڕاپۆرتەکەماندا 153 ژن بەشداری تێدا کردبوو لەگەڵ 68 پیاو، وە پرسیار لەو کەسانە کراوە کە ئایا تا چەند زانیاریت هەیە لەسەر یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی، 124 کەسیان زانیاریان نەبوو، 66کەسیان تاڕادەیەک زانیاری هەبوو وە 31 کەسیان زۆر زانیاری هەبوو.
ئاماژەی بەوەشدا: وە لە ڕاپۆرتەکەدا پرسیار کرابوو کە تاچەند زانیاریت هەیە لەسەر دادگای توندوتیژی خێزانی، 123زانیاری نەبوو، 70تاڕادەیەک زانیاری هەبوو، وە 28 کەس زۆر زانیاری هەبوو.
باسی لەوەشکرد: هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا پرسیار کرابوو کە ئەو کەسانەی کە توندوتیژی بەرامبەرت کردووە کێ بوون، لەکۆی 127 وەڵام، 15 کەسیان وتویانە باوک، 16 کەس برا، نۆ کەس وتویانە ژن، 81 ژن واتا %63ی ژنان وتویانە هاوسەر(پیاو)، دوو کەس وتویانە کچ، چوار کەس-یش وتویانە کەسانی پلە چوار.
لەلایەکی دیکەوە، هیوا کەریم، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی ژنان/ سلێمانی، بە ڕۆژنیوزی وت: بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژیە خێزانییەکان هەوڵدراوە چی لە ڕێگەی ڕێکخراوە نا حکومەیەکان و چی لە ڕێگای بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوە بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک، وە جێبەجێکردنی یاسای توندوتیژی خێزانی، وە دانانی دادگایەکی تایبەت بەم یاسایە.
هیوا، وتیشی: دانانی بەڕێوەبەرایەتیەک بەس نییە بۆ کەمبوونەوەی توندوتیژی، بەداخەوە لەم چەند ساڵەی دوایی بە هۆی ئەو نالەبەرییەی، کە لە هەرێمی کوردستاندا بوونی هەیە وایکردووە کە کێشەکان توندوتیژی زیادی کردووە، وە سزامان هەیە بۆ ئەو کەسانەی کە توندتیژی ئەنجام دەدەن، وە بە پێی جۆری تاوانەکان دەگۆڕێت.
11-04-2017