دواڕۆژ، ئاوارە حەمید
بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی فریاکەوتنی میللی و UNDP و دەستەی مافی مرۆڤ و بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توند و تیژی لە کەمپەکانی پارێزگای هەولێر، ڕەوشی ژنان خراپە و بەزۆر بەشودان و بەشودانی پێشوەختە بوونیان هەیە.
لە ڕاپۆرتەکە باس لەوەکراوە لە پارێزگای هەولێر ژمارەی خێزانە ئاوارەکان بریتین لە 112 هەزار و شەست و چوار خێزان کە ژمارەی ئەندامەکانیان 560 هەزار و سێ سەد و بیست کەسە.
لەنێو ئەو ژمارەیەدا تەنیا %3ی ئاوارەکان لە ناو کەمپەکان نیشتەجێن وە %97ی ئاوارەکان لە دەرەوەی کەمپەکانن.
لە ڕاپۆرتەکەدا ڕەخنە لەوە گیراوە کە هەرچەندە ژمارەی ژنان لە کەمپەکان زۆرە، بەڵام لە چەند کەمپێک هیچ ژنێک لە ئیدارەی کەمپ ناوەکەی بوونی نییە.
لە بەشێکی ڕاپۆرتەکە باس لەوەکراوە کە ڕەوشی ژنان زۆر خراپە و ڕووبەڕووی چەندین جۆری توند و تیژی بونەتەوە و تەنها لە کەمپی بەحرکە حەوت حاڵەتی گێچەڵی سێکسی و دوو حاڵەتی لاقەکردن و 11 حاڵەتی لێدان و ئازار پێگەیاندنی جەستەیی هەبوە.
هەروەها 13 حاڵەتی زیان پێگەیاندنی دەرونی و بێ بەشکردن لە سۆز، شەش حالەتی بێبەشکردن لە چوونەوە دەرەوە لەلایەن خێزانەکانیان و چوار حاڵەتی هاوسەرگیری پێشوەخت و دوو حاڵەتی بەزۆر بەشودان و دوو حاڵەتی فرەژنی و هەروەها 16 حاڵەتی جێهێشتنی قوتابخانە لە کەمپەکان تۆمار کراون.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش ڕونکراوەتەوە کە لەکەمپەکان جۆر و شێوازی توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەزی زۆر لەو ژمارە و حاڵەت و کەیسانە زیاترن کە باسکراون، بەڵام ترس و داب و نەریت ڕێگرە لە ئاشکرابونیان.
راپۆرتەکە باسی ئەو خزمەتگوزارییانەی کردوە کە بۆ ژنان لە کەمپەکاندا دابینکراون، ئەوانیش بریتین لە خزمەتگوزاری یاسایی، بوونی هۆبەی نەهێشتنی توند و تیژی، خزمەتگوزاری دەرونی و کۆمەڵایەتی، خزمەتگوزاری پیشەیی، تەندروستی، سیمینار و هۆشیاری لەگەڵ بوونی هۆڵی تایبەت بۆ ژنان بۆ موزیک و کاتبەسەربردن و نیگار کێشی.
لە بەشی کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا باس لە ئاستەنگ و ڕێگرییەکان لە بەردەم باشبونی ڕەوشی ژنان و ئافرەتان لەکەمپەکاندا کراوە و ئەوانیش کلتوری کۆمەڵ، هۆکارە یاساییەکان، هۆکارە ئابورییەکان، هۆکارە ئاینییەکان و هۆکارە خودییەکانن.
12-04-2017