ناو: نادیە
نازناو: نادیە کۆیی
ناوی باوک: کەریم
ساڵی لەدایکبوون: 1960
شوێنی لەدایکبوون: کویە
ژیاننامە
نادیە کەریم، لە بنەماڵەیەکی ڕۆشن فکر و باوەڕ بە ئازادیبوونی ژن، لە ساڵی هەزارو نۆسەد و شەست(1960)، لە شاری کۆیە، لە گەڕەکی قەڵات، لە دایکبووە. هەر لە منداڵییەوە جیاواز لە هاوڕێکانی کۆمەڵێ بەهرە و توانای جوان و هونەری تێیدا سەری هەڵداوە.
لە پۆلی پێنجەمی سەرەتاییدا، لە ساڵی هەزار و نۆسەد و حەفتاویەک، بەهرەی گۆرانی وتنی تێدا دەردەکەوێت، لە بۆ چالاکییەکانی قوتابخانەکاندا بەشداری کردووە، لە ئاهەنگی نەورۆزدا بە سروودی (کوردە دڵخۆشم من بە نەورۆزم)، لە هۆنراوەی ست نەجات عبدالرحمن بەشداری دەکات، لەگەڵ تیپی مۆسیقای باواجی کۆیە.
لە ساڵی هەزار و نۆسەد و حەفتا و یەک، لە بۆنەو ئاهەنگەکان و فێستیڤاڵی قوتابخانەکاندا هەم وەک گۆرانیبێژ، هەم وەک نمایشکەر، لە هەردوو گۆرانی (چوار وەرزی ساڵ) و ئەمیرەکەم )بەشدار دەبێت).
لە ساڵی 1972 هەزار و نۆسەد و حەفتا و دوودا، دەبێتە یەکێک لە ئەندامەکانی تیپی مۆسیقای باواجی کۆیە، وەک کۆرس بەشدار دەبێت، لە ساڵانی هەزار و نۆسەد و حەفتا و دوو، هەزار و نۆسەد و حەفتا و سێ، هەزار و نۆسەد و حەفتا و چواردا، بۆ کاری هونەری لەگەڵ تیپی مۆسیقای باواجیدا وەکوو کچێک سێ جار سەفەری بەغداو، جارێکیشیان سەفەری کەرکووکی کردووە، بە مەبەستی پێشکەشکردنی بەرهەمی هونەری.
لە کەرکووک، چەند بەرهەمێکیان بۆ تەلەڤیزیۆنی کەرکووک تۆمار کرد، یەکێک لەوانە گۆرانی (بزمارە و بزمارە)، کەناوبانگێکی زۆری دەرکرد لە سەرەتای حەفتاکان.
لە تەلەڤزیۆنی کەرکووک، وەک کۆرس بەشداری کردووە لەگەڵ هونەرمەندان سەڵاح پشدەری، شەوکەت ڕەشید دلێر سادق، ئیسماعیل عەبدوڵڵا، وریا عوسمان.
وەک یەکەم گرووپی کچ، نادیە خان کە بەشدار بووە وەک کۆرس، لە شاری کۆیە، لە تۆمارکردنی تەلەفزیۆنەکانی کەرکووک و بەغدا، ئەو پشکەی بەرکەوت کە توانی مێژوویەکی جوان و پڕ لە هونەر تۆمار بکات بۆ خۆی.
لە ساڵی هەزار و نۆسەد و حەفتا و سێ، وەک کۆرس چەند گۆرانییەک تۆمار دەکەن لەگەڵ تیپی مۆسیقای باواجی کۆیە، لە شاری بەغدا، گۆرانییەکان،( ئەی شۆڕێ عەمرم شۆڕێ) لە وتنی کۆرس، ( پەروانە )لە وتنی ئیبراهیم سابیر، گۆرانی( ڕەنگی زەردم) کۆرس، (شلەو خانان) کۆرس، لە گەڵ مەقامێکی هونەرمەند سەلاح محەممەد.
لە ساڵی هەزار و نۆسەد و حەفتا و چوار، وەک کۆرس لەگەڵ تیپی مۆسیقای باواجی کۆیە، بەشداری (میهرەجانی یەکەمی هونەری کوردی )دەکات لە بەغدا، لە هۆڵی خولد.
هەر لە ساڵی هەزار و نۆسەد و حەفتا و چوار، لە میهرەجانی یەکەمی هونەری کوردیدا، شانۆگەرییەک پێشکەش دەکرێت ڕۆژی دوای میهرەجانەکە، نادیە خان وەک گۆرانیبێژێک داوای لێ دەکرێ لە پشتی شانۆوە گۆرانییەک بڵێت لەگەڵ دوو لە هاوڕێکانی، شانۆگەری (پردی وڵات)، گۆرانی( گوڵێ هەینار هەینار هەینارێ).
لە ساڵی هەزار و نۆسەد و حەفتا و چوار، لە ئاهەنگێک لە مەکتەبی قادریە لە شاری کۆیە، تیپی مۆسیقای باواجی کۆیە ئاهەنگەکەی ساز کردبوو، نادیە خان بە یەکێک لە گۆرانییەکانی قادر کابان،( ڕوومەتی وەک گوڵی بێگەرد ) بەشداری کردووە، لە هەمان ئاهەنگ هونەرمەند محەممەد جەزا بەشداری کردووە.
نادیەخان لە هەموو چالاکی قوتابخانەکان، لە ساڵانی هەزار و نۆسەد و حەفتا و یەک تاوەکوو هەزار و نۆسەد و حەفتا و چوار بەشداری کردووە لە ئیستیعراز و کەشافە و نمایشەکانی قوتابخانە.
لە ساڵی هەزار و نۆسەد و حەفتاویەک لە فێستیڤاڵێکی قوتابخانەکان بەشدار دەبێت بە ناوی (چوار وەرزی ساڵ) کە خۆی دەوری پاییز دەبینێت لەگەڵ سێ کچی تر، ئەوانیش زستان و بەهار و هاوین، نادیەخان گۆرانییەکەی چوار وەرزی ساڵ بە دەنگی خۆی تۆمار دەکات لەگەڵ تیپی مۆسیقای باواجی کۆیە لە قوتابخانە، لە کاتی نمایشەکە لە گۆڕەپانی کۆیە بە تەسجیل لێدرایەوە، لە کاتی نمایشکردندا نادیە کەریم دەوری پاییز و ئاواز جەنگی دەوری زستان و نەشمیل واحد دەوری بەهار و ڕووجوان طاهر دەوری هاوینیان بینیوە.
لە ساڵی هەزار و نۆسەد و حەفتاویەک لە نمایشێکی قوتابخانەدا بەشدار دەبێت بە ناوی (ئەمیرەکەم )چەند کچێک دەبن جلی ڕەنگاوڕەنگ لەبەر دەکەن لە دەوری بووکێک دەسووڕێنەوە، لە هەمان کاتدا گۆرانی ئەمیرەکەم بە دەنگی نادیە خان پێشتر تۆمار دەکرێت لەگەڵ تیپی مۆسیقای باواجی کۆیە، لە گۆڕەپانی نمایشکردنەکە بە تەسجیل لێدرایەوە.
لەبەر ئەوەی نادیە خان زۆر بەرچاو دەبێت و داوای لێ دەکرێت کە گۆرانی بە سەر ڕژێمی بەعسدا بڵێت، ئەوەش بوو بە هۆکارێکی سەرەکی کە وردە وردە بە هێمنی دوورکەوێتەوە لە بواری هونەر و گۆرانی وتندا.
وێرای ئەم هەموو چالاکییە هونەرییانەی کە بەشداری دەکرد هونەرەکەی نەیتوانی ڕێگر بێت لە خوێندنەکەی و بەردەوام سەرکەوتنی بە دەست دەهێنا، لە ساڵی هەزار و نۆسەد و حەفتا و چوار کە پۆلی دووەمی ناوەندی دەبێت بە چوارەم دەردەچێت و مامۆستا چوار باخ سەعید ئەو کات دیارییەکی پێ دەبەخشێ قوماشێکی سیڕەی شین لە پای عەفوو بوونی لە دەرسی جەبرو هەندەسەدا.
لە دەفتەری یادگارییەکانیدا هەموو گۆرانییەکانی ئەو کاتی کە لە تیپی مۆسیقای باواجی کۆیەدا تۆمار کراین نووسیتیەوە بە دەست و خەتی خۆی، تاوەکو ئێستاش کە ساڵی دوو هەزار و بیست و سێیە توانیویەتی ئەو دەفتەرو یادگاریانە بپارێزێت کە پڕە لە یادگاری سەردەمی گەنجی .
نادیە خان پۆلی سێیەمی ناوەندی لە ساڵی هەزار و نۆسەد و حەفتا و پێنج و پۆلی چوارەمی دواناوەندی لە ساڵی هەزار و نۆسەد و حەفتا و شەش و پۆلی پێنجەمی دواناوەندی لە ساڵی هەزار و نۆسەد و حەفتا و حەفت هەر لە شاری کۆیە تەواو دەکات، لە پۆلی شەشەم لە ساڵی هەزار و نۆسەد و حەفتا و هەشت تووشی پەتایەک دەبێت، دەستی چەپی ئازارێکی بەردەوامی بۆ پەیدا دەبێت، بەردەوام لەگەڵ باوکی سەردانی دکتۆر دەکات لە شارەکانی بەغدا و مووسڵ و کەرکووک و هەولێر بەڵام بەبێ ئەوەی چارەسەرێکی بۆ بدۆزرێتەوە، تەنانەت نەخۆشیەکەشی نەناسرا تا ئەو کاتەی لە سوید لە ساڵی 1989پشکنینی بۆ دەکرێت و پێی دەڵێن ئەوە پەتای نەخۆشی دەمارە (پۆلیۆ )، هەر ئەوە بوو بووە هۆی لە دەستدانی کاتێکی زۆر و لەکیسچوونی ساڵێک لە خوێندن لە پۆلی شەشەمی زانستی و نەچوونی بۆتاقیکردنەوەکانی سەری ساڵ، لە ساڵی هەزار و نۆسەد و حەفتا و نۆ توانی پۆلی شەشەمی زانستی ببڕێت و کۆی نمرە حەفتا و حەفت و نیو بە دەستبهێنێت.
لە ساڵی هەزار و نۆسەد و هەشتا، لە کۆلێژی زانست، بەشی کیمیا،لە زانکۆی سلێمانی وەردەگیرێت، هەمان ئەو ساڵەی کە شەڕی عێراق و ئێران دەست پێ دەکات، دوای ساڵێک زانکۆی سلێمانی دەگوازرێتەوە بۆ شاری هەولێر، پۆلی دووەم و سێیەم و چوارەم لە هەولێر تەواو دەکات، لە پۆلی چوارەمی زانکۆ هەندێک لە هاوڕێکانی لە کاتی خۆپیشاندان دەگیرێن، نادیە خانیش لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی تری بڕیار دەدەن نەچن بۆ تاقیکردنەوەی سەری ساڵ تاوەکو هاوڕێکانیان بەرنەدرێن، هاورێکانی بەرنەبوون و نادیە خان و هاورێکانی مانەوە بۆ ساڵی ئایندە، لە ساڵی هەزار و نۆسەد و هەشتا و پێنج بکالۆریۆس لە بەشی کیمیا بە دەست دەهێنێت، لە ڕێوڕەسمی دەرچووانی زانکۆ لە شاری هەولێر بڕوانامەی بکالۆریۆسی لە بەشی کیمیا پێ دەبەخشرێت.
لە یەکی یەکی هەزار و نۆسەد و هەشتا و سێ، ئەڵقەی پەنجە دەگۆڕێتەوە لەگەڵ هاوسەری ژیانی مامۆستا نەهرۆ حەمەدەمین، مامۆستای بابەتی فیزیا، لە یەکی هەشتی هەزار و نۆسەد و هەشتا و چوار هاوسەرگیری دەکەن.
لە ساڵی هەزار و نۆسەد و هەشتا و شەش، لە قوتابخانەی دواناوەندی إنتصار،لە شاری کۆیە، دەست بەکار دەبێت وەک مامۆستای کیمیا، لە هەمان ساڵ دەبێت بە دایکی کوڕێکی جوان بەناوی ڕێنوار، لە ساڵی هەزار و نۆسەد و هەشتا و حەفت دووەمین کوڕی چاوی هەڵدەهێنێ بە دنیا، بە ناوی ڕێکار. ڕێنوار دکتۆرێکی زیرەک و لێهاتووی لێدەرچووە، ڕێکاریش موهەندیسێکی چوست و چالاک، هەردووکیان جێگای شانازیین بۆ دایک و باوکیان.
لە ساڵی هەزار و نۆسەد و هەشتا و هەشت، ئەنفال و هەڵەبجە کاریگەری سەرەکی بوون کە وایکرد نادیە خان و باوکی مناڵەکانی بڕیار بدەن دوور بکەونەوە لە کوردستان بە ڕێگای قاچاغ بچن بۆ ئێران، لە کاتێکدا شەڕی عێراق و ئێرانیش هەشت ساڵبوو بەردەوامبوو، هێزی لە هەموو لایەک بڕیبوو.
دوای سێ ڕۆژ بە سواری ئەسپ، لە کوردستانی باشوورەوە، بە ڕێگای قەندیل، نادیەخان خۆی و منداڵەکانی و باوکی منداڵەکانی ڕوویان کردە کوردستانی ڕۆژهەڵات و لە شاری نەغەدە گیرسانەوە بۆ ماوەی نۆ مانگ، دوای گەیشتنیان بۆ نەغەدە، لە ساڵی هەزار و نۆسەد و هەشتا و هەشت شەڕی عێراق و ئێران وەستا و لێبووردنی گشتی دەرچوو لە عێراق، بەڵام ئەوان بڕیاریان دا کە نەگەڕێنەوە، لە ساڵی هەزار و نۆسەد و هەشتا و نۆ، دوای هەوڵێکی زۆر، توانیان بگەنە سوید، بە ڕێگای فڕۆکە و ترانزێتی ڕووسیا.
لەگەڵ گەیشتنیان بۆ سوید، نادیە خان یەکەم ساڵ زمانی سویدی دەخوێنێ، ساڵی دووەم شەهادەی کوردستانی هەڵدەسەنگێنێ، دوایی لە زانکۆ دەست دەکات بە خوێندن، دەرسەکانی جگە لە زمانی سویدی بریتی بوون لە زمانی ئینگلیزی و پرۆگرامی کۆمپیوتەری بەیسیک، پرۆگرامی کۆمپیوتەری باسکال، پرۆگرامی کۆمپیوتەری فۆرتران، بۆ ماوەی سێ مانگیش پراکتیک دەکات
لە تاقیگەی کیمیا لە بەشی بایۆمێدیسین لە شاری ئوپسالا.
لەم کاتەدا سوید بە زرووفێکی بێکاری تێپەڕ دەبێت، هەڵی کار زەحمەت دەبێت، خاتوو نادیە دەست دەکات بە کردنەوەی کۆمپانیا و شانبەشانی پیاوەکەی بەیەکەوە کۆمپانیا بەڕێوە دەبەن بۆ بژێوی ژیان و بەخێوکردنی منداڵەکانیان، هەوڵدان و کۆششکردن بە هیوای سەرکەوتن لە دوورە وڵات ئامانج و ئاواتی هەردووکیان بوو، بەبێ گوێدانە ئەوەی کە بۆیان نەڕەخسا لە بواری کیمیا و فیزیا کار بکەن، دوای چەند ساڵێک نادیە خان هەوڵ دەدات دیسانەوە بچێتەوە بەر خوێندن.
.[1]