دواڕۆژ، ڕێبین حەسەن
لە ئاکامی شەڕی هەشت ساڵەی (عیراق - ئێران) مینێکی زۆر لە سنورەکانی نێوان هەردوو وڵات چێنراوە و بەهۆی هاوسنووری قەزای پێنجوێنیش بەشارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەزاران مین لەناوچەکەدا هەیە، بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مینیش، پێنجوێن پلەی یەکەمی لەزۆریی میندا هەیە.
ئەحمەد فەتاح، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مینی سلێمانی بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، بەهۆی هەڵکەوتەی شوێنی جوگرافیای پێنجوێن و سەختی کەشوهەوای ناوچەکە، لەماوەی شەش مانگی ڕابردوودا نەتوانراوە هیچ کارێکی هەڵگرتنەوەی مین لەسنووری پێنجوێن و ناوچە شاخاوییەکانی دەوروبەری ئەنجامبدرێت.
وتیشی لەگەڵ ئاساییبوونەوەی ڕەوشی کەشوهەوای ناوچەکە، لەکۆتایی ئەم مانگەدا، سەرجەم ئەو تیمانەی کە هەمانە و ئێستا لەناوچەکانی گەرمیانن و دەگەڕێنەوە ناوچە شاخاوییەکان و سەرەتاش بۆ پێنجوێن دەگەرێنەوە و دەست بەهەڵگرتنەوەی مین دەکەن.
ئەحمەد فەتاح، ڕوونیشیکردەوە، بۆ کارکردنی ئەمساڵیان بۆچوونێک هەیە لەسەر ئەوەی کە لەهەر قەزا و ناحیەیەکدا کە مینیان تێدایە لەسنووری پارێزگای سلێمانی تیمێکی تایبەت دروستبکرێت، بەتایبەتیش لەپێنجوێن کە بەیەکەم شوێن لەسەر ئاستی پارێزگاکە دادەنرێت کە ڕێژەیەکی زۆر مینی تێدایە.
ئاماژەی بەوەشکرد لەئێستادا پێنجوێن پلەی یەکەمی هەیە لەزۆریی میندا لەسنووری پارێزگای سلێمانی، بەڵام بەهۆی سەختی ناوچەکە و ساردبوونی کەشوهەواوە، ساڵانە تەنیا دەتوانرێت شەش مانگ کار بکرێت بۆ پاککردنەوەی زەویە مینڕێژکراوەکان.
هاوکات زانا ڕەحمان، قایمقامی قەزای پێنجوێن بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، بەپێی ئەو ئامارانەی هەیە، ناوچەی پیس بوو بە مین لەسەر ئاستی قەزای پێنجوێن بریتییە لە (416) ناوچە کە خەمڵێنراوە بەرووبەری (60) ملیۆن مەتر دووجا و سنووری زیاتر لە (90) گوند.
رەحمان وتیشی توانراوە لەو ڕووبەرە زیاتر لە (14) ملیۆن مەتر پاکبکرێتەوە کە دەکاتە نزیکەی (25%) ڕووبەری سنووری ناوچەی پیس بوو، کە پاککراوەتەوە و نزیکەی (25) هەزار مین و تەقەمەنی لەناوبراوە و بەهۆی زۆری ناوچەی مینرێژکراو و گەورەترین شەڕگەی هەشت ساڵەی جەنگی عێراق - ئێرانەوە.
بەهۆی بوونی ئەو مینە زۆرەوە داوادەکرێت لقێکی تایبەت بەکاروباری مین لەسنووری قەزای پێنجوێندا بکرێتەوە، چونکە ناوچەکە پێویستیەکی زۆری پێی هەیە، لای خۆیەوە غەریب پێنجوێنی، نوێنەری پێنجوێن لەپەرلەمانی کوردستان بۆ دواڕۆژ وتی لەبەرئەوەی پێنجوێن ناوچەیەکی دەوڵەمەندە بەچەندین سامانی ژێرزەوی، بۆیە پێویستە گرنگی زیاتر بەم ناوچەیە بدرێت و هەر هیچ نەبێت هەوڵبدرێت لەئاییندەیەکی نزیکدا، کار بۆ کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتییەک یان لقێکی تایبەت بە کاروباری مین بکرێت.
وتیشی گرنگی ئەو لقە لەوەدایە کە ئەگەر ناوچەیەک کێشەی مینی هەبێت، پێویست ناکات کات بکوژرێت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بگەڕێنەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مین لەسلێمانی.
لەبەرامبەریشدا، لێپرسراوی ڕاگەیاندنی کاروباری مینی سلێمانی بۆ دواڕۆژ وتی کردنەوەی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە کارێکی زۆر باشە، بەڵام لەلایەن سەرۆکی دەزگای گشتی کاروبای مین لەهەرێمی کوردستان پێمانڕاگەیاندراوە کە ئەو کارە پەیوەندی بەقەیرانی داراییەوە هەیە و پێویستە بینای تایبەت بکرێتەوە و کارمەندی بۆ دابمەزرێت و هەر کاتێکیش قەیرانەکە ئاسایی بووەوە، ئەوا یەکەم کارمان کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی مین دەبێت لەپێنجوێن.
بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مین لەسلێمانی، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 14500 قوربانی هەیە، لەو ڕێژەیەش زیاتر لە 9200 کەسی بەر پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان و دەوروبەری کەوتووە کە لەسەر ئاستی پارێزگاکە زیاتر لە 4500 گیانیان لەدەستداوە و ئەوانەی تریش کەمئەندامن، هاوکات بەتەنیا لەسەر ئاستی قەزای پێنجوێن نزیکەی (1050) کەس گیانیان لەدەستداوە و کەمئەندامبوون.
16-04-2017