دوارۆژ، هانا چۆمانی
لەبەدواداچونێکی تایبەتی دوارۆژدا، دەردەکەوێت ئامارەکانی مردن و کەمئەندامبوون بەهۆی ڕووداوەکانی هاتووچۆوە ڕۆژانە لەبەرزبوونەوەدایە، پۆلیسی هاتووچۆش دەڵێت دوو هۆکاری سەرەکی لەکوردستان هەن لەقوربانییەکانی هاتووچۆ.
لەکوردستان کەمترین ڕێکخراو لەبواری هاتووچۆدا کارەدەکەن، بەڵام بەپێی بەدواداچوونی ڕێکخراوی هۆشیاری هاتووچۆ، لەهەرێمی کوردستان ڕووداوەکان بە بەراورد بە ژمارەی ئۆتۆمبێل و قوربانیان لەگەڵ ولاتانی دراوسێ زۆر بەرزە.
زاهیر محەمەد سەرۆکی ڕێکخراوێکی هۆشیاری هاتووچۆ بۆ دوارۆژ دەڵێت لەکوردستان زیاتر لە یەک ملیۆن و 600 هەزار ئۆتۆمبێل هەیە، ساڵانە دەیان هەزار هاووڵاتی بەهۆی ڕوداوەکانی هاتووچۆوە دەبنە قوربانی، ئەوەش بە بەراورد بە تورکیا و ئیران ئێجگار بەرزە.
زۆربەی خەڵکی پێیانواییە دوو هۆکار هەن کە بونەتە هۆی زۆربوونی ژمارەی ڕووداوەکانی هاتووچۆ و قوربانییەکان، ئەوانیش خراپی ڕێگاوبان و تیژرەویی.
پۆلیسی هاتووچۆش دەڵێت خەڵک زۆربەیان وابیردەکەنەوە تیژڕەۆیی هۆکاری سەرەکییە، بەڵام نا، بەڵکو هۆکاری تر هەن لەپاڵ تیژرەۆیی، کە دەبنە هۆی زیادبوونی ڕووداوەکانی هاتووچۆو، بۆ نمونە سەرپێچیکردن و خراپی کوالێتی ئۆتۆمبێل و خراپی ڕێگاوبانەکان، بە گرنگ نەزانینی سەلامەتی ئۆتۆمبێل، هۆکاری سەرەکین بۆ ڕوداوەکان.
ئاماژە بەوەشدەکەن تیژڕەۆیی بە تەنیا نییە، چونکە لەئەوروپا کەمترین ڕووداوی هاتووچۆ بەهۆی تیژڕەۆییەوەیە، لێخورینیش لە زۆر شوێن بێسنورە، چونکە ڕێگاکان ئاسایین و سەلامەتی ئۆتۆمبێلیشیان هەیە، بەڵام لێرە لەکوردستان ئەوە ڕێگایانە هی ئەو خێراییە نین.
فازل حاجی وتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر بۆ دواڕۆژ دەڵێت هەر ڕوداوێک کە ڕوودەدات سێ لایەنی هەیە یان هەڵەکە لەخودی شۆفێرکەیە یان ڕێگاوبان یان خراپی ئۆتۆمبێلەکانە، بۆ نمونە ڕووداوەکانی ناوچە سنورییەکان و دەرەوەی شارەکان بەهۆی خراپی کوالێتی ئۆتۆمبێلەکانە، بەلام لەدەوروبەر و سەنتەری شارەکان، هەڵەی شۆفێرەکانە، بۆیە ناکرێت ڕووداوەکان وەک یەک و لەیەک خالدا کۆبکەیتەوە، بەڵام بەداخەوە ئامارەکان ڕووداوی هاتووچۆ دڵتەنگمان دەکات و زۆر لەبەرزبوونەوەدایە، ڕۆژانە نزیکەی 30 کەس دەبنە قوربانی ڕووداوەکانی هاتووچۆ.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتووچۆ، لەسالێکدا نزیکەی هەزار کەس بە ڕووداوی هاتووچۆ گیان لەدەستدەدەن و نزیکەی 10 هەزار هاوڵاتیش بریندار دەبن، ئەوە لەکاتێکدا بەپێی بەراوردەکان ژمارەی گیان لەدەستدان و مردن زۆر زیاترە لەشەهید و بریندارەکانی پێشمەرگە لەشەڕی داعشدا لەماوەی سالێکدا.
لەوبارەیەوە وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی دەڵێت هەموو ڕۆژێک ڕووداوی هاتووچۆ هەیە، کەم ڕۆژ هەیە حاڵەتی مردن و کەمئەندامبوون لەهەرێمی کوردستان بەهۆی ڕووداوەکانی هاتووچۆوە تۆمار نەکرێت.
خاڵس قادر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بۆ دواڕۆژ دەڵێت بەشێوەی گشتی ڕۆژانە سێ هاووڵاتی گیان لەدەستدەدەن و 28 هاولاتیش بریندار و کەمئەندام دەبن، بەکۆی گشتی ساڵانە نزیکەی هەزار کەس دەمرن و نزیکەی 10 هەزار کەسیش بریندار و بەشێکیش لەوانە کەمئەندام دەبن و دەکەونە سەرجێکا، ئەوەش ئەرکی وەزارەتی تەندروستی زۆر قورستر کردووە، چونکە ئەوانە دەبن بە نەخۆشی دریژخایەن و دەبێت حکومەتیش چاودێریان بکات، بۆیە ئەوە پێویستی بە دواداچوون و چارەسەری بنەرەتییە.
22-04-2017