دواڕۆژ، ئاوارە حەمید
لەکاتێکدا بەتەنها لە ساڵی ڕابردوودا 63 کرێکار لە ڕووداوەکانی کاردا گیانیان لەدەستداوە، لەسەر ئاستی کوردستان تەنها 75 هەزاریان زەمانکراون و بەرپرسێکی سەندیکاش ژمارەی ئه و کرێکارانە ئاشکرادەکات کە خانەنشین کراون.
لەگەڵ هاتنەوەی ڕۆژی جیهانی کرێکاران، ئاماژەدان بەکێشە و گرفتەکانی ئه و چینە و ئه و دۆخی کار و ژیانەی پێیدا تێدەپەڕن دێنەوە مەیدان.
کرێکاران و سەندیکاکانیان داوای باشترکردنی دۆخی ژیانیان دەکەن، بەڵام ئەمە لەسەر ئەرزی واقیع بەدیناکرێت.
دیاری محەمەد، کە کاری سپیکاری دەکات، لەبەردەم بازاڕی نیشتمان لە هەولێر بۆ دواڕۆژ وتی قەیرانی دارایی کاریگەری کردۆتەسەر کار، پێشتر ڕۆژانە دەردەچووم بۆ کارکردن، بەڵام ئێستا کارکردن زۆر کەمبۆتەوە و بە جۆرێک لە هەفتەیەکدا تەنیا یەک بۆ دوو ڕۆژ دەچین بۆ کارکردن.
وتیشی، لەگەڵ ئەوەی کارکردن کەمبۆتەوە بڕی ئه و پارەیەی پێیاندەدرێت کەمە و پێشتر ڕۆژانە 30 هەزار دینار بوو، ئێستا بۆتە 25 هەزار دینار و هەندێک ڕۆژ هەیە بە بیست هەزار دیناریش دەچdن بۆ کارکردن.
سەفین خۆشناو، کە لە یەکێک لە دوکانەکانی قەیسەری هەولێر شاگردە، نیگەرانی لەوە دەربڕی کە لە تەنها جەژنی تایبەت بە کارەکەیدا نەیتوانیوە پشوو وەربگرێت و لەگەڵ چەند هاوڕێیەکیدا سەفەربکات.
ئه و کرێکارە بە نیگەرانییەوە وتی خاوەن کارەکەم وتی ئەگەر ئەمڕۆ نەیتە سەرکار ئەوا کاریگەری لەسەر کارەکە دەبێت و کڕیارەکانمان لێمان دەتۆرێن، بۆیە منیش ئەمڕۆ لە کارکردن بەردەوامم.
کرێکاران تەنها بەدەست بێکاری و پێنەدانی پشووەوە ناڵێنن، بەڵکو ئه و مافانەش کە یاسا بۆی فەراهەمکردن پێیان نادرێت.
دەستەبەرکردن (ضمان) یەکێکە له و مافانە کە کرێکاران لێی بێبەشن. بەپێی زانیارییەکان ژمارەی ئه و کرێکارانەی دەستەبەرکراون لە کوردستان گەیشتۆتە 76 هەزار کرێکار کە نزیکەی 16 هەزاریان کرێکاری ژنن، بەڵام بەوتەی بەرپرسانی سەندیکاکانی کرێکاران ڕەوشیان خراپە و ژیانیان لە مەترسیدایە.
هەنگاو عەبدوڵا، سەرۆکی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان، بە دواڕۆژی ڕاگەیاند بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی تا کۆتایی ساڵی 2016، ئه و کرێکارانەی دەستبەرکراون حەفتا و شەش هەزار و 247 کرێکارە و لەم ژمارەیە شەست و حەوت هەزارو 668 کرێکاری ناوخۆییە و حەوت هەزار و 579 کرێکاریش بیانین.
سەبارەت بە گیان لەدەستدانی کرێکارانیش لە ساڵی ڕابردوودا هەنگاو عەبدوڵا وتی، لە هەولێر 26 کرێکار گیانیان لەدەستداوە کە 11 کرێکاریان ناوخۆیی و 15 کرێکاریش بیانی بوون، لە قەزای سۆرانیش دوو کرێکار گیانیان لەدەستداوە کە یەکێکی ناوخۆیی و یەکێکی بیانی، هەروەها لە دهۆک 18 کرێکار گیانیان لەدەستداوە کە تەنیا دووانیان بیانی بوون لەگەڵ برینداربوونی 15 کرێکاری بیانی و پێنج کرێکاری ناوخۆیی و بەشێوەیەکی گشتی ژیانی کرێکاران لە مەترسیدایە.
ئاماژەشیدا، هەرچی پارێزگای سلێمانیشە 15 کرێکار گیانیان لەدەستداوە کە تەنیا یەکێکیان خەڵکی خوار و ناوەڕاستی عێراقە و 14یان ناوخۆیین و ئیدارەی گەرمیانیش کرێکارێکی ناوخۆیی و یەکێکی بیانی گیانیان لە ساڵی 2016 لە دەستداوە.
سەبارەت بە خانەنشینکردنی کرێکارانیش سەرۆکی مەکتەبی تەنفیزی سەندیکاکانی کرێکاران ئاماژەی بەوەشدا، تا کۆتایی ساڵی 2016 لە پارێزگای دهۆک 76 کرێکاری بیانی و 85 کرێکاری ناوخۆیی خانەنیشنکراون، لە سلێمانی 49 کرێکاری بیانی و 173 کرێکاری ناوخۆیی، هەولێر 111 کرێکاری بیانی و 213 کرێکاری ناوخۆیی خانەنشینکراون.
بەرپرسەکەی سەندیکا ئاماژە تەنها به و مافە کەمە دەکات کە جیاواز لە چین و توێژەکانی تر بە کرێکاران دراوە و دەڵێت، هەر کرێکارێکی خانەنشین لە سندوقی خانەنشینی کرێکاران مانگانە 220 هەزار دینار وەک مووچە وەردەگرێت و سیستەمی پاشکەوت ئەوانی نەگرتۆتەوە.
01-05-2017