ڕۆژنیوز - قەرەچوغ ئەنوەر
لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2017 بە بەبەراورد بە ساڵانی ڕابردوو ڕێژەی بێکاریی زیادیکردووە و 20%ی تێپەڕکردووە.
بەمەبەستی خستنەڕووی دەرەئەنجامی کاری تیمەکانی چاودێری لە ساڵی 2016 2017 سەبارەت بە ڕاپۆرتی ڕەوشی بێکاری لەعیراق و هەرێمی کوردستان، ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی ئەمڕۆ لە هۆڵی هوتێل چوار چرا لە شاری هەولێر کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسی ئەنجامدا.
لەو کۆنفرانسەدا، کە ژمارەیەک لەپەرلەمانتار و ئەندامانی سەندیکاکانی کرێکاران و ژوورەکانی بارزگانی و مامۆستایانی زانکۆ تیایدا بەشداربوون، ڕێبین فەتاح، ئەندامی تیمە مەیدانیەکە، ڕاپۆرتەکەی خستەڕوو و ڕایگەیاند، کە لەساڵی 2015 ژمارەی ئەو کرێکارانەی گیانیان لەدەستداوە 15 کرێکاربوون و 60 کرێکاری دیکەش لەساڵی 2016 گیانیان لەدەستداوە، هەروەها لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵ 14 کرێکار گیانیان لەدەستداوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا، ئاشکراکراوە، کە لە ساڵی 2014 ڕێژەی بێکاریی 53.6% بووە، لە ساڵی 2015 گەیشتووەتە 53.13% و لە ساڵی 2016 بەرزبووەتەوە بۆ 56.16%، لە ساڵی 2017 ڕێژەکە زیاتر بەرزبووەتەوە و 20% تێپەڕی کردووە.
هەر بەپێی ڕاپۆرتەکە، لەساڵی 2016 بەرزترین ڕێژەی بێکاریی لە دهۆک تۆمارکراوە و نزمترینیش لە سلێمانی، لە ساڵی 2015 لەرێژەی بێکارییدا خاوەن بڕوانامەکان 21% و بێ بڕوانامەکانیش لە 5% یان پێکهێناوە.
هەروەها، هەنگاو عەبدوڵاخان، سەرۆکی یەکێتی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان ڕایگەیاند، کە هۆکاری بێکاریی لەهەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ قەیرانی دارایی و شەڕی داعش بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لەلایەن عیراقەوە.
سەرۆکی یەکێتی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان وتیشی: یەکێک لەهۆکارە دیارەکان وەستانی پرۆژەکانە، چونکە بەوهۆیەوە ڕێژەیەکی زۆر کرێکار بێکاربووە.
06-05-2017