ڕۆژنیوز هاوڕێ کرێکار
بەڕێوەبەری ئاسایشی شارۆچکەی خورماتوو، ڕایدەگەیەنێت، کە کردەوە تیرۆرستییەکان لە خورماتوو بەردەوامی هەیە و لە ماوەی ئەمساڵدا 16 هاوڵاتی لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە کوژراون.
هەرچەندە لە شارۆچکەی خورماتوو-ی سەر بە پارێزگای سەلاحەدین شەڕی دەستەویەخە نەماوە، بەڵام هێشتا کردەوەی تیرۆرستی تێدا ئەنجام دەدرێت.
فاروق ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاسایشی شارۆچکەی خورماتوو لەبارەی ڕەوشی ئەمنی شارۆچکەکەوە بە ڕۆژنیوزی وت: ڕەوشی ئەمنی بە گشتی لە شارۆچکەی خورماتوو هەندێ جار باشە و هەندێ جاریش خراپ، باش بوونی ئەوەیه، کە شەڕە تەقە نیە، لە مانگی نیسانی ساڵی ڕابردوو لە شارۆچکەی خورماتوو کورد و حەشدی شەعبی لەسەر کۆمەڵێک خاڵ ڕیککەوتن، بەداخەوە جگە لە ڕاوەستانی شەڕە تەقە هیچ خاڵێکی ئه و ڕێککەوتنە نەچوەتە بواری جێ بەجێکردنەوە.
فاروق ئەحمەد، وتیشی: کردەوە تیرۆریستییەکانی خورماتوو به زۆریی لە هەردوو گەڕەکی عەسکەری و تین ئەنجام دەدرێن، کە دەکەونە ژێر دەستی گروپە شیعیە جۆراوجۆرەکانی حەشدی شەعبیەوە.
بەڕێوبەری ئاسایشی خورماتوو، ڕوونیکردەوە:لە بنەڕەتدا عەکەری و تین دوو گەرەکی سونە مەزهەبن، لەکاتی شەڕی داعش-یش ئاوارە سونە مەزهەبەکانی دەوروبەری خورماتوو ڕوویان لەو دوو گەڕەکە کرد، بەڵام دوای دروستبوونی شەڕی نێوان حەشدی شەعبی و کورد لە ساڵی ڕابردوو، شیعە نفوسی خۆی لەو دوو گەڕەکە زیاترکرد، ئەمەش وایکردووە ئەوانەی دەکرێنە ئامانج عەرەبی سونە و تورکمانی سونە مەزهەب بن بەزۆریی.
ناوبراو، ئاماری کوشتن و ڕفاندنەکانی چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵی خستەڕوو و وتی:لە ئەمساڵدا 16 کەس بە گوللەی چەکدارە نەناسراوەکان کوژراون، 15 کەسیش ڕفێندراون، بەپێی بەدواداچوونەکان بە زۆریی هەردوو گروپی عەسائیبی ئەهلی حەق و حزبوڵا-ی سەر بە حەشدی شەعبی دەستیان لە کوشتن ڕفاندن و ئاژاوە گێڕییەکانی ناو شارۆچکەی خورماتوودا هەیە.
بەڕێوبەری ئاسایشی خورماتوو، ئوتیشی:لە سەرەتادا گروپە شیعییەکانی خورماتوو ویستیان ئەوەی بەرانبەر سونە دەیکەن دژ بە کوردیش ئەنجامی بدەن، بەڵام بۆیان نەکرا چونکە زانیان کورد لێرە باڵا دەستە و خاوەنی هێزە و ئەگەر کوردیک بڕفێنن یا تیرۆری بکەن کورد وەڵامی توندوی دەبێت.
شارۆچکەی خورماتوو، سەر بە پارێزگای سەلاحەدین، دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای کەرکووک و دانیشتوانەکەی زیاتر لە 100هەزار کەس دەبن لە هەرسێ نەتەوەی کورد و عەرەب و تورکمان پێک هاتوون.
07-05-2017